Accessibility links

هەشت ژن لە شارەکانی ئێران دەستبەسەر دەکرێن 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو، هەشت ژن بە ناوەکانی ڕۆیا ڕەستگار، ئایدا ئیزەدی، سۆگەند نائیجی، حەدیس ئەڵماس‌پوور، ئیلاهە ڕەحمەتی، ساناز شا‌حوسێنی، نەجمە ئەمینی و مەهسا سەلاح، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی چەمستان، ئیلام، دیواندەرە، ئیسفەهان، تاران، مەشهەد و شیراز دەستبەسەر کراون کە دوو کەسیان هاووڵاتی کورد و دوو کەسیشیان مازەنیین.

هەنگاو ئاگایی دەدات کە ئەو گیراوانە هەموویان لە ماوەی مانگەکانی بەفرانبار و ڕێبەندانی ئەمساڵدا گیراون و یان بۆ بەندیخانەکان گوازراونەوە یان هیچ هەواڵێک سەبارەت بە چارەنووسی ئەوان لەبەردەستدا نییە.

گۆڤاری فۆرن پالیسی لە نووسینی کارێن کرامر، جێگری بەڕێوەبەری ناوەند بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئیسفەندیار ئابان، لێکۆڵەری باڵا لەو ناوەندە ئاماژە دەکات کە ئەگەرچی خۆپێشاندانەکان بەکۆتایی هاتوون، بەڵام ‌هەڵمەتێکی ترسهێنەری حکومەت دەستی پێکردووە.

ئەو گوتارە کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە هەواڵی دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر بڵاو دەکرێتەوە "بە گوێرەی گەواهیدانی زیاتر لە 30 کەس کە شاهیدی رووداوەکە بوون و ڕاستەوخۆ لە لایەن ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێرانەوە کۆکراوەتەوە، هێزە ئاسایشییەکان بەدوای کۆتایی کوشتارەکان هەڵمەتی بەرفرەوانیان دەست پێکردووە. ئەندامانی چەکداری حکوومەت لە هێرشە توند وتیژانەی شەوانەیان، زۆربەی جاران بەبێ بڕیاری دادوەری، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن، دەرگایان دەشکێنن..... و کەسەکان لە پێش چاوی بنەماڵەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەن."

وەک ئەو گوتارە ئاماژەی پێ دەکات، ئەو گیراوانە لە مەترسی ئەشکەنجە و ئازاردان و تەنانەت هەڕەشەی کوشتندان.


XS
SM
MD
LG