Accessibility links

کوێستان محەمەد: ماددەی هۆشبەر لە تیرۆر مەترسی زیاترە بۆ هەرێمی کوردستان

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە هۆشداری دا لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و بە "ترسناکتر لە تیرۆر" وەسفی کرد.

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "پرسی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی مەترسیداردایە...بە بڕوای من مەترسی ماددەی هۆشبەر زیاترە لە مەترسی تیرۆر چونکە هێواش هێواش گەنجەکانمان دەکوژێت...بۆیە دۆخەکە بە جۆرێکە پێویستی بە کاری جدی هەیە."

بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا نزیکەی هەزار و 600 سزادراوی ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی هەرێمدا هەن؛ لەو ژمارەیە، هەزار و 110 کەسیان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن، وە 650 کەسیان بەکارهێنەرن.

کوێستان محەمەد بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "یەک لەسەر پێنجی سزادراوان لە وەزارەتەکەی ئێمە لەسەر ماددەی هۆشبەرە، کە بە داخەوە لە ناو ئەو سزادراوانەدا ژن و منداڵیش هەن."

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئاماژەی دا، تەمەنی منداڵەکان لە نێوان 11 بۆ 18 ساڵدایە.

گوتیشی، "خۆشبەختانە ئێستا لە هەر شەش چاکسازییەکەی ئێمە سەنتەری چارەسەر و شیاندنەوەی ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر هەیە، کە توانیومانە ڕێژەیەکی زۆر باش چارەسەریان بۆ بکەین بە شێوازێک دوای ئەوەی پشکنینی لیک و میز و خوێنمان بۆ کردن، لەشیان بە تەواوەتی پاکبووەتەوە لە ماددەی هۆشبەر."

سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان، کوێستان محەممەد جەختی کردەوە لەوەی "دیاردەیەکی جیهانییە" و تایبەت نییە تەنها بە هەرێمی کوردستان و عێراق. "لە جیهاندا زۆر پەرەی سەندووە، لای ئێمەش بە هەمان شێوەیە. بەڵام هۆکاری سەرەکی هەژارییە، بە تایبەت لە سەردەمی شەڕی داعش و دوای داعش کاتێک ناوچەکە بە قەیرانێکی ئابووری قوڵدا تێپەڕی."

ئەم لێدوانەی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، 17-2-2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند کە بە هاوکاری لەگەڵ وڵاتی کوێت پیلانی تۆڕێکی تاوانکاری نێودەوڵەتییان پووچەڵکردووەتەوە کە چالاکیی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانیان دەکرد، وە دەست بەسەر 314,000 دەنکە حەبی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆندا گیراوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، 15-2-2026، نووسینگەی ڕێكخستنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حکومەتی هەرێم كۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی ڕێکخست لە ژێر ناوی 'كوردستانێكی بێ ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر.'

لە کۆنفرانسەکەدا دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند کە لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیەدا، هەرێمی کوردستان توانیویەتی گەشەکردن و پێشکەوتن بە ڕێژەی 65% بەخۆیەوە ببینێت.

بەڵام چاودێرانی ئەم پرسە دەڵێن سەرەڕای ڕێوشوێنەکان ئەم دیاردەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پەرەسەندندایە.

ڕۆژنامەنووس دڵشاد ئەنوەر جەختی کردەوە کە مەترسی سەرەکی بریتییە لەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بوون بە "ناوچەی گواستنەوەی" ماددەی هۆشبەر لە ئێران و ئەفغانستان و پاکستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.

دڵشاد ئەنوەر بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، زۆربەی ئەو ماددانە لە ڕێگەی کۆڵکێشییەوە دێنە هەرێم نەک لە دەروازە سنوورییەکانەوە. "

XS
SM
MD
LG