Accessibility links

سەربازانی ئەمەریکا دەگەنە نایجیریا بۆ هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان دژی تیرۆر

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، سەربازانی ئەمەریکایی گەیشتنە وڵاتی نایجیریا لە ڕۆژئاوای ئەفریقا، ئەمەش چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ فەرمانی دا بە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە وەڵامی دەستدرێژی گروپی داعش بۆ سەر کریستیانەکانی نایجیریا. هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکا بووە هۆی کوژرانی چەندین تیرۆرست.

فەرماندەیی ئەمەریکا لە ئەفریقا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە کە جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا "لەسەر داوای نایجیریا بووە وەک بەشێک لە پەیوەندییە درێژخایەنەکانمان و هاوبەشی بەرگریمان."

وتەبێژی فەرماندەیی ئەمەریکا لە ئەفریقا ڕایگەیاند ڕۆڵی هێزەکانی ئەمەریکا بریتی دەبێت لە پێشکەشکردنی ڕاهێنان و ڕاوێژکاری و هاوکاری لە بەهێزکردنی توانا تەکنیکییەکان بۆ پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە سەرۆکایەتی نایجیریا.

فەرماندەیی ئەمەریکا لە ئەفریقا ژمارەی ئەو سەربازە ئەمەریکاییانەی ئاشکرا نەکرد کە گەیشتوونەتە نایجیریا.

بەڵام وتەبێژی سوپای نایجیریا، جەنەڕاڵ سەمایلا ئوبا، لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند نزیکەی 100 کارمەندی سەربازی ئەمەریکایی گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی باوچی، لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

لە بەیاننامەی جەنەڕاڵ ئوبادا هاتووە: "هاتنەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە و دوای ئەوە هات حکومەتی فیدراڵی نایجیریا داواکارییەکی فەرمی هاوکاری پێشکەش بە حکومەتی ئەمەریکا کرد، لە چوارچێوەیەکی ڕوونی دیاریکراو بۆ مەشقی سەربازی و پشتگیری تەکنیکی و هاوبەشکردنی هەواڵگری لەگەڵ ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی نایجیریا."

ئوبا ڕایگەیاند هاوکاری نێوان ئەمەریکا و نایجیریا دەبێتە هۆی دەستڕاگەیشتن بە توانا تەکنیکییە تایبەتمەندەکان بۆ بەهێزکردنی توانای نایجیریا دژی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و بەرزکردنەوەی پاراستنی خەڵکی بەئامانجگیراو لە سەرانسەری وڵاتدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای وڵاتەکەی بە "تەواوی پابەندە" بە لاوازکردن و شکستپێهێنانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی کە هەڕەشە لە سەروەری وڵات و ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتی هاووڵاتیانی دەکەن.

نایجیریا دەکەوێتە ناوچەیەکی ئەفریقا کە بەهۆی توندوتیژیەکانی داعش و قاعیدە وێران بووە. گروپە تیرۆریستە چالاکەکانی ئەو ناوچەیە پێکهاتوون لە بۆکۆحەرام و داعش لە ڕۆژئاوای ئەفریقا.

مانگی ڕابردوو سوپای ئەمەریکا دەستی کرد بە ناردنی پێداویستییە سەربازییە گرنگەکان بۆ هێزەکانی نایجیریا، لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی خەڵکی بەئامانجگیراو.

سوپای ئەمەریکا لە 25ی دوازدەی ساڵی ڕابردوو هێرشی ئاسمانی ئەنجام دا بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لە باکووری ڕۆژئاوای نایجیریا. بەپێی وتەی سەرۆک ترامپ، هێرشەکان لە وەڵامی بەئامانجگرتن و کوشتنی خراپەکارانەی کریستیانە بێتاوانەکان بوو لە لایەن داعشەوە.

ترامپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس لە ڕۆژی کریسمسدا گوتی، "پێشتر هۆشداریم داوەتە ئەم تیرۆریستانە کە ئەگەر کوشتوبڕی کریستیانەکان ڕانەگرن، باجەکەی بۆیان دۆزەخێک دەبێت، ئەمشەویش ئەوە بوو. وەزارەتی جەنگ چەندین لێدانی تەواو و بێ کەموکوڕی ئەنجامدا، کارێک کە تەنها ئەمەریکا توانای ئەنجامدانی هەیە."

دانیشتوانی نایجیریا بە شێوەیەکی یەکسان پێکهاتووە لە کریستیان لە باشوور و موسڵمان لە باکووردا. حکومەتی نایجیریا ڕایگەیاندووە توندوتیژی تیرۆریستی دژ بە کریستیانەکان یان مسوڵمانەکان دەچێتە خانەی "سوکایەتیکردن" بە بەهاکانی نایجیریا و تێکدانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

XS
SM
MD
LG