بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی کۆمەڵی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، هرانا، سەر لە بەیانی دووشەممە ڕێکەوتی 16 ی مانگی دووی 2026، 12 بەندکراو کە گوایە پێشتر بە تاوانی بەنگ و ماددە هۆشبەرەکان و کوشتن بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لە بەندیخانەکانی شارە جۆربەجۆرەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون.
ناوەکانی دە کەس لەو کەسانەی لەسێدارەدراون و بۆ ئەو ئاژانسە پشتڕاستکراونەتەوە، بریتین لە خوسرەو ڕەفیعی، محەمەد ڕوودباری، جەماڵ حوسێنی، مەولا شێخی، عەلی مووسەوی، سەججاد مشکینی، وەحید بەراتی، کوروش عەزیزی و ڕەزا حاتمزادەن و کەسێکی تەنیا بە ناوی بەیگی ناسراوە.
بە گوێرەی زانیاری هرانا لەسێدارەدانەکان لە بەندیخانەکانی قووچان، قائیمشار، نیشابوو، دوروود، دەستگەری ئیسفەهان، زەنجان و ساوەدا کراون.
هەروەها بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هەنگاو، سێشەمەی ڕابردووش 12 بەندکراو لە نێویاندا 5کورد و 2 ئازەری و ژنێک کە نەتەوەکەی نەزانراوە، لە بەندیخانەکانی ساری، ئیلام، کرماشان، خوڕەم ئاباد، تەورێز و ئیسفەهان لەسێدارەدراون.
ئەو ڕێکخراوە ناوی ئەو بەندکراوانەی کە پێشتر لە لایەن ناوەندی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ لەسێدارەدان لە سێشەممەی ڕابردوو پشتڕاستکرابوون بەم جۆرە بڵاو کردەوە: تەها شێرزاد، کازم فەرەجینژاد، محەمەدکەرەم جەعفەری، هادی مۆئمنی، شەهریار وەیسی، موختار عطایی، بەهرام چەمەنی، بیوک ناموەرزاد، فەرهاد کەریمزادە، مێهرداد سەیاحی، عارف هاشمی و مەهناز ڕۆشنی.
ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئەو خۆپێشاندەرانەی لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیراون و یان لەسێدارەدەدرێن ڕۆژانە زانیاری نوێ ئامادە دەکەن.
ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دوو هەفتە لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند ئەو هەزاران کەسەی بە هەڕەمەکی لە کاتی خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان لە ئێراندا دەستبەسەرکراون لە بەردەم مەترسی توندوتیژی سێکسی و خراپ ڕەفتار لەگەڵکردن و دادگایی ناڕەوا و تەنانەت سزای مەرگدان.