Accessibility links

روبیۆ: ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر قورسە چونکە دەستەڵاتی توندڕەوی شیعە سەودای ئاینی دەکەن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "دەرفەتێک هەیە" بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، بەڵام نەیشاردەوە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە "زۆر قورس دەبێت" بەهۆی ئەوەی بڕیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی تێگەیشتنی ئاینی نەک خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی سەرچاوە دەگرن.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی دووشەممە لە میانی سەردانێکیدا بۆ هەنگاریا ڕایگەیاند، گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران "زۆر قورس" دەبێت.

وەزیری دەرەوە ڕایگەیاند، " پێموایە لێرەدا دەرفەتێک هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دیپلۆماسی بگەینە ڕێککەوتنێک کە چارەسەری ئەو شتانە بکات ئێمەیان نیگەران کردووە. ئێمە زۆر کراوە دەبین و پێشوازی لەمە دەکەین. بەڵام ناشمەوێت زیادەڕەوی تێدا بکەم."

مارکۆ روبیۆ ئاماژەی دا، "ئەمە سەخت دەبێت. ئەنجامدانی سەودای ڕاستەقینە لەگەڵ ئێراندا بۆ هەموو کەسێک زۆر قورس بووە، چونکە ئێمە مامەڵە لەگەڵ پیاوانێکی ئایینی شیعەی توندڕەودا دەکەین کە بڕیاری ئاینی دەدەن نەک بڕیاری جیۆپۆلیتیکی."

بڕیارە ڕۆژی سێشەممە، 17-2-2026، گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بە نێوەندگیری عومان لە جنێف بەڕێوەبچن.

نوێنەرانی تایبەتی سەرۆک ترامپ کە پێکهاتوون لە ستیڤ ویتکۆف و جەرید کوشنەر بەرەو جنێف بەڕێکەوتوون بۆ دانووستانەکان.

هەروەها میدیای حکومەتی ئێران ڕایگەیاندووە شاندی ئێران بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە عەباس عەراقچی لە گفتوگۆ "ناڕاستەوخۆکاندا" بەشداردەبێت.

XS
SM
MD
LG