Accessibility links

ڕێبەر ئەحمەد: زۆر نیگەرانین لە بردنی ئەو ژمارە زۆرەی داعش بۆ بەغدا

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 12-2-2026 لە پەیمانگای هەدسن لە واشنتن وتارێکی پێشکەشکرد.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 12-2-2026 لە پەیمانگای هەدسن لە واشنتن وتارێکی پێشکەشکرد.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە گواستنەوەی هەزاران شەڕکەری گیراوی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق، نیگەرانی قوڵی دەربڕی لەوەی "کارەسات" بۆ عێراق و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبکەن.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەم هەفتەیە بە سەردانێک لە واشنتنە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە زۆر نیگەرانین لەوەی ئەم هەموو ژمارەیە لە خەڵکی تیرۆرست لە بەغدا بن. ئایا چۆن [حکومەتی عێراق] دەتوانێت ئەم هەموو خەڵکە لە زیندان بهێڵێتەوە؟ ئەگەر لایەنێک بیەوێت ئەو ئەزموونە دووبارە بکاتەوە کە لە ساڵی 2014 پێیدا تێپەڕین، دەبێتە هۆی کارەسات بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هەر تەنها بۆ عێراق نا بەڵکو بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی ئەرکێکی 23 ڕۆژەیان تەواوکرد بۆ گواستنەوەی زیاتر لە 5 هەزار و 700 شەڕکەری زیندانیکراوی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ عێراق.

لای خۆیەوە وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ بە ڕاگەیاندنی وڵاتەکەی گوتووە، لە کۆی زیاتر لە 5 هەزار شەڕکەری داعش کە لەم ڕۆژانەدا گواستراونەتەوە بۆ عێراق، تەنها نزیکەی 270 کەسیان عێراقین. گوتیشی، زیاتر لە 3 هەزار لە گیراوەکان هاوڵاتی سوریان.

گواستنەوەی خێرای ئەندامە دەستگیرکراوەکانی داعش لە ناوچە کوردییەکانی سوریاوە بۆ عێراق لە مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکرد، ئەو کاتەی بەهۆی پێکدادانە کوشندەکانی نێوان هەسەدە و سوپای سوریای عەرەبییەوە مەترسی لە ئەگەری ڕاکردنی زیندانییەکان دروستبوو.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، لە نێوانیان وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ، چەند جارێک سوپاسی کاربەدەستانی عێراقیان کردووە بەوەی خۆیان پێشنیاری گواستنەوەی زیندانییەکانیان لە سوریاوە بۆ عێراق داوەتە ئەمەریکا.

لە بارەی ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ڕۆڵەکە تەنها "ڕاوێژکاری" بووە.

وەزیری ناوخۆی هەرێم گوتی، "ئەگەر ڕاستگۆبم، ئێمە بەشێک نین لە هیچ بەشێکی پرۆسەکە لە بەغدا بۆ ئەرکی پاراستنی زیندانییەکان بە شێوەیەکی گونجاو و هێشتنەوەیان لە زیندان. ئێمە خوازیارین بەشێک بین لەمە، بەڵام ئێستا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەرپرسانی بەغدا هەیە بۆ ئەوەی بەغدا ڕاستەوخۆ ئەرکەکە لەئەستۆ بگرێت. نوێنەری ئێمە لە چوارچێوەی فیدراڵیدا لەوێ هەیە، بەڵام ئێمە وەک حکومەتی هەرێم بەشێک نین لەو پرۆسەیە."

گوتیشی، "ئێمە بەشێکین لە ڕاوێژەکان سەبارەت بەوەی چۆن ئەو خەڵکانە بێنین بۆ عێراق و وڵاتانی تر، بەتایبەت لە کاتێکدا بەشێکی زۆر لەو خەڵکانە هاوڵاتی عێراقی نین. بۆیە ئێمە داوا لە هەموو لایەنێک دەکەین لە سەرانسەری جیهان کە ئەرکی سەرشانیان لە ئەستۆ بگرن بۆ بردنەوەی هاوڵاتیانیان."

XS
SM
MD
LG