Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت باشکردنی کەرتی نەوت سوودی بۆ خەڵکی ڤەنزوێلا دەبێت

کریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا سەرنجی خستووەتە سەر پیشەسازی نەوتی ڤەنزوێلا وەک ڕێگەیەک بۆ پشتگیری لە چاکسازییەکانی ناو وڵاتەکە و سوودگەیاندن بە گەلی ڤەنزوێلا.

ڕایت ڕۆژی پێنجشەممە لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ڤەنزوێلا قسەی کرد. بە هاوەڵی سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا دێلسی ڕۆدریگێز، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتەکەی بەسەرکردەوە.

وەزیری وزەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا و نوێکردنەوەی ژێرخانی ئەو وڵاتە و بەگەڕخستنی "توانای ئابووری گەورەی" ڤەنزوێلا.

ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی جیهانە.

ڕایت بە چەندین میدیای ڕۆژئاوای ڕاگەیاند، کۆمپانیای زەبەلاحی نەوتی ئەمەریکایی، شیڤرۆن، لە ئێستادا کارەکانی لە ڤەنزوێلا فراوان دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی داهاتی فرۆشتنی نەوتی ڤەنزوێلا دەکات و دڵنیای دا لەوەی داهاتەکەی بۆ سوودگەیاندن بە گەلی ڤەنزوێلا دەبێت.

سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا دێلسی ڕۆدریگێز گوتی ڕێگای چوونە پێشەوە لەم پرسەدا پێکهاتووە لە باشترکردنی بەرهەمهێنان و کارگەکان و ژێرخان و چاککردنەوە. گوتیشی، نابێت هیچ شتێک ڕێگری لەو "ڕێڕەوە بەرهەمدارە" بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی بۆ ڤەنزوێلا و ئەمەریکا گرنگە ئەوەیە کە هەردوو وڵاتەکە و گەلەکان سوودمەند بن.

سەردانەکەی وەزیری وزەی ئەمەریکا نزیکەی مانگێک دێت دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەڵمەتێکدا لە کاراکاس سەرۆکی پێشووی ڤێنیزوێلا نیکۆلاس مادورۆیان گرت و هێنایان بۆ ئەمەریکا بە تۆمەتی کاری تیرۆریستی ماددەی هۆشبەر و چەند تۆمەتێکی دیکە. مادورۆ دانی بە تۆمەتەکاندا نەناوە.

XS
SM
MD
LG