فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی ئەرکێکی 23 ڕۆژەیان تەواوکرد بۆ گواستنەوەی هەزاران شەڕکەری زیندانیکراوی داعش لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بۆ عێراق.
ئەرکەکە 23 ڕۆژی خایاند، بۆ یەکەم جار ڕۆژی 21-1-2025 دەستیپێکرد و دوێنێ شەوی پێنجشەممە تەواو بوو، دوای ئەوەی لە ڕێگەی فڕۆکەوە کۆمەڵێک ئەندامی داعش گواسترانەوە بۆ عێراق، بۆ دڵنیابوون لەوەی دەستگیرکراوەکان لە زیندانەکانی عێراقدا بە پارێزراوی دەمێننەوە.
لە ئەنجامی پرۆسەکەدا زیاتر لە 5 هەزار و 700 شەڕکەری نێرینەی داعش بە سەرکەوتوویی گواسترانەوە.
ئەدمیرال براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا گوتی، "دەستخۆشی کاری باش بۆ تەواوی تیمی هێزی هاوبەش کە ئەم ئەرکە ناوازەیەی چالاکییان لەسەر زەوی و ئاسماندا ئەنجام دا، بە وریاییەکی زۆر و پیشەییبوون و هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکانمان."
وتیشی، "ئێمە ڕێبەرایەتی عێراق و درککردنیان بە گرنگی گواستنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ ئاسایشی ناوچەکە بەرز دەنرخێنین."
هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان سەرکردایەتی پلاندانان، هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەرکی گواستنەوەکەیان کرد.
سەرەڕای گواستنەوەی زیندانیانی داعش، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا هێزەکانی ئەمەریکا زیاتر لە 100 ئامانجیان پێکاوە کە بووەتە هۆی کوشتن و گرتنی زیاتر لە 50 تیرۆریستی داعش.
مانگی چواری ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند سوپای ئەمەریکا دەست دەکات بە پرۆسەی ڕێکخستنەوەی بنکەکانی لە سوریا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی داعش لە ساڵی 2019وە هیچ خاکێکی بە دەستەوە نەماوە.