Accessibility links

مەحمود عوسمان: پێویستە کورد بە یەکگرتوویی و لۆبی بەهێز بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادەبێت

لە تەمەنی 88 ساڵیدا و دوای مێژووێکی درێژی تێکۆشان بۆ مافەکانی نەتەوەکەی، مەحمود عوسمان بە ئومێدێکی واقیع بینانەوە سەیری گۆڕانکارییە نوێیەکانی ناوچەکە و داهاتووی کورد دەکات.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "مرۆڤ دەبێت هەمیشە گەشبین بێت بە داهاتووی میلەتەکەی، بەڵام ئەم داهاتووە پشتدەبەستێت بە سێ پێوەر: یەکەم، یەکگرتوویی سەرکردایەتی کورد بە شێوەیەک لە نێو خۆیاندا ڕێکبن نەک هەر حزبەی بە جیا کار بکات وەک ئەوەی لە کوردستانی عێراق دەبینین ئەو هەموو کێشەیە هەیە. دووهەم، لۆبی کورد بەهێز بکرێت بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر پرسی کورد. سێهەم، خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو جوگرافیایەی کورد پێوەی گرفتارە، کە تێیدا ئەو دەوڵەتانەی بەسەریاندا دابەشکراوە دان بە مافی کورد نانێن."

ئەو سیاسەتمەدارە بە ئەزموونەی کورد سەرەڕای پێشکەوتن لە دۆزی نەتەوەیی، پێیوایە "هەتا ئێستا کێشەی کورد وەکو پێویست نەچووەتە سەر ئەجێندای کۆمەڵگای نێونەتەوەیی."

هێرشەکانی سوریای عەرەبی بۆ سەر هەسەدە سەرەتای ئەمساڵ دەستیان پێکرد، چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئیسرائیل ڕاگەیاند. لە ئەنجامی هێرشەکان، هەسەدە بە خێرایی زیاتر لە نیوەی ناوچەکانی لەدەستدا.

وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ 10-3-2025 ئەو کاتەی مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق ڕێککەوتنێکیان ئەنجامدا. بەڵام دوای نزیکەی نۆ مانگ، ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا و شەڕێکی خوێناوی لەنێوان هەسەدە و سوپای سوریای عەرەبی ڕوویدا.
وێنەکە دەگەڕێتەوە بۆ 10-3-2025 ئەو کاتەی مەزلوم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق ڕێککەوتنێکیان ئەنجامدا. بەڵام دوای نزیکەی نۆ مانگ، ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا و شەڕێکی خوێناوی لەنێوان هەسەدە و سوپای سوریای عەرەبی ڕوویدا.

بەرپرسانی کورد ئەم ڕووداوانەیان وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی و دووبارە بوونەوەی مێژوو دانا، بەوەی کورد لە هاوکێشەکاندا جارێکی تر خراوەتە پەراوێزەوە و هاوپەیمانەکانی پشتیان تێکردووە.

بەڵام تێڕوانینی بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ بۆ ڕووداوەکانی سوریا بە جۆرێکی تر بوو. نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا لە خولی یەکەمی سەرۆک ترامپ بەم شێوەیە تێڕوانینەکەی بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕوونکردەوە: ئەمەریکا "هەرگیز" بە کوردی نەگوتووە کە بە تێپەڕبوونی کات پشتگیری لە هەرێمێکی کوردی دەکات یاخود بە هێزی سەربازی بەرگری لێدەکات بەرامبەر بە هێرشی سوریا و تورکیا، بەڵکو ئەم هاوپەیمانییە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش بۆ تێکشکاندنی داعش بوو.

سەبارەت بە چارەنووسی ناوچە کوردییەکان لە سوریا دوای پێشڕەوییەکانی سوپای سوریای عەرەبی، دکتۆر مەحمود عوسمان پێیوایە دەوەستێتەوە سەر شێوازی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی کۆتایی مانگی ڕابردو لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع.

دکتۆر مەحمود عوسمان ڕایگەیاند، "ڕۆژئاوا هەر دەمێنێت، بەڵام شێوازەکەی دەوەستێتەوە سەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەوە. ئەگەر بەدەستی حکومەتی سوریا بێت، نایەوێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت چونکە دەیەوێت زاڵبێت بەسەر هەموو ناوچەکاندا. هەردوو لا دەڵێن باشە، بەڵام جێبەجێکردنی چۆن دەبێت؟ ڕێککەوتنەکان نوسینیان جۆرێکە و جێبەجێکردنیان جۆرێکی ترە. بۆیە دەبێت چاوەڕوان بکەین."

گومانەکانی دکتۆر مەحمود عوسمان لە ڕێککەوتنەکە شۆکهێنەر نین، بەڵکو پشتئەستورن بە ئەزموونەکانی ڕابردووەوە.

مەحمود عوسمان ساڵی 1970 سەرۆکی لیژنەی وتووێژی کورد بوو لەگەڵ ڕژێمی ئەوکاتەی عێراق، کە سەرەنجام ڕێککەوتننامەی یازدەی ئازار و داننان بە تۆتۆنۆمی کوردی لە عێراقدا لێکەوتەوە. بەڵام دوای نزیکەی چوار ساڵ بەڵێنی تۆتۆنۆمی جێبەجێ نەکرا و شەڕ دەستی پێکردەوە.

شاری کۆبانی لەلایەن سوپای سوریای عەرەبی و هێزەکانی تورکیا گەمارۆدراوە و لە حەسەکە دابڕێنراوە.
شاری کۆبانی لەلایەن سوپای سوریای عەرەبی و هێزەکانی تورکیا گەمارۆدراوە و لە حەسەکە دابڕێنراوە.

سەبارەت بە چارەنووسی ڕێککەوتنەکەی نێوان سوریا و کورد، مەحمود عوسمان ترسی لە ڕۆڵی تورکیا هەیە و دەڵێت، "تورکیا ئەکتەرێکی خراپە بۆ ئەوە، لە هەمان کاتدا حکومەتی سونی سوریا زۆر شۆڤێنییە و باوەڕی بە مافی پێکهاتەکانی ناو سوریا نییە. بەڵام دەبێت چاوەڕوان بکەین، بەتایبەت کە دەڵێن ئەمەریکا و فەڕەنسا نێوەندگیری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەکەن."

ئەحمەد شەرع ساڵی 2016 ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە پچراندووە و دەستبەرداری جیهادی نێودەوڵەتی بووە. هەروەها دوای ئەوەی بەرواری 29-1-2025 بوو بە سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، بەڵێنی دا سوریای داهاتوو مافی هەموو نەتەوە و ئاینەکانی تێدا فەراهەم بکرێت.

بەڵام تورکیا وەک کارەکتەری سەرەکی پشت ڕووداوەکانی سوریا دەبینرێت. تەنانەت کاتێک سەرۆک ترامپ ڕۆژی 7-4-2025 لە کۆشکی سپی پێشوازی لە رەجەب ئەردۆغان کرد، زۆر بە ڕوونی ڕایگەیاند، "من بە [ئەردۆغانم] گوت، 'پیرۆزە، تۆ شتێکت کرد کە هیچ کەس لە دوو هەزار ساڵی ڕابردوودا نەیتوانیوە بیکات. دەستت بەسەر سوریادا گرت.' بە ناوی جیاوازەوە بوو، بەڵام هەمان شتە."

بەرپرسانی باڵای تورکیا بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە لە باکوری سوریا ڕێگە بە درووستبوونی هەرێمێکی کوردی نادەن.

دکتۆر مەحمود عوسمان لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ڕوونە کە تورکیا پشتگیری لە مافەکانی کورد ناکات، مەگەر ناچاربن. ئۆجەلان حزبەکەی خۆی هەڵوەشاندەوە و چەکی دانا، بەڵام بەرامبەر بەوە تورکیا هیچی نەکردووە هەتا ئێستا. ئەوان ئەوە سیاسەتیانە و پێیان خۆش نییە کورد لە هیچ شوێنێک مافی هەبێت و دەیانەوێت لە هەر چوار وڵاتەکە حکومەتی ناوەندی زاڵبێت. پێیان خۆش نییە لە وڵاتانی سوریا و عێراق کورد مافی نەتەوەیی هەبێت چونکە دەترسن ئەگەر کوردی ئەو پارچانە پەرە بسەنن، کاریگەری لەسەر کوردی تورکیاش دەبێت."

دەشڵێت، "بەڵام ئێستا بەرپرسانی تورکیا وەکو کۆن ناتوانن ئەو هەڵوێستانە دەربڕن و ئیشی بۆ بکەن چونکە لە دونیادا باسی کێشەی کورد دەکرێت، لە ئەمەریکا و وڵاتانی تر باسی دەکرێت، بۆیە ئاسان نییە دژی بن وەک ڕابردوو."

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، شەوی دووشەممە لە هەڤپەیڤینێکی کەناڵی سی ئین ئێن تورک سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هەسەدە رایگەیاند، "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە." هاکان فیدان هەروەها هانی حکومەتی ناوەندی عێراقی دا بە فراوانکردنی دەستەڵاتەکانی لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا دوو بۆ سێ رۆژیان پێویستە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سەربازییەوە کۆتایی بە دۆخی شنگال بهێنن، کە وەک خۆیا دەڵێت بووەتە مۆڵگەی پەکەکە.

دکتۆر مەحمود عوسمان لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێمی کوردستان کە سەدام ڕووخا، هەبوو. تەنانە دژی ئەوەشن بەڵام، وەکو بڵێی، توش بوون. هەرچەندە لە ڕووی بازرگانی و نەوتیش سودی لێوەردەگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دژین و زوو زوو دەڵێن نایانەوێت لە سوریا هەرێمێکی هاوشێوەی عێراق دروستببێت، واتا بە ناچاری قبوڵیان کردووە."

ئاماژەش دەکات، "جوگرافیاکەمان دوژمنی خۆمانە، کەوتووینەتە نێوان چوار دەوڵەتەوە کە هیچیان دۆستی ئێمە نین، دوژمنی ئێمەن. ئەمە جوگرافیا کردوویەتی، ناتوانین بیگۆڕین، بەڵام ئەوەندەی دەتوانین خۆمان لەگەڵی بگونجێنین و ئەوەی پێماندەکرێت بیکەین."

دیمەنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە عامودا دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سوری.
دیمەنی خۆپیشاندانێکی جەماوەری لە عامودا دژی هێرشەکانی سوپای عەرەبی سوری.

بە بڕوای ئەو سیاسەتمەدارە بە ئەزموونە، لە ڕێگەی پتەوکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی و بەهێزکردنی لۆبی دەرەوە، کورد دەتوانێت باشتر بەرەنگاری مەترسییەکان ببێتەوە و مافە نەتەوەییەکانی دەستەبەر بکات.

بە دەنگی ئەمەریکا گوت، " کورد کە 40 بۆ 50 ملیۆن کەسە ئەگەر بە یەکگرتوویی لۆبی لەدەرەوە بکات زۆر کاریگەر دەبێت. بینیمان لەم دواییەدا کە کێشەی ڕۆژئاوا هەبوو، چۆن کورد هەمووی هەستا و لە ناوچەکان خۆپیشاندانی ڕۆژانە هەبوون، ئەوە بووە جێگای سەرسوڕمانی هەموو جیهان. ئەگەر ئەو جۆرە یەکگرتنە بمێنێت، ئەتوانن بەرگری لە مافەکانیان بکەن و تاڕادەیەکیش خەڵکی دەرەوە ڕابکێشن بۆ هاوسۆزی لەگەڵیان. ئەو یەکگرتنەی ئەم دواییە لەسەر ڕۆژئاوا زۆر باش بوو، هیوادارم بەردەوام بێت."

وتیشی، "ئێستا یەکگرتن لە ناو میلەتەکەدا هەیە، بەڵام لەنێوان سەرکردەکان نییە، کە دەبێت بە هەرشێوەیەک بێت چارەسەر بکرێت."

XS
SM
MD
LG