لەگەڵ تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر دوایین ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، ڕەهەندەکانی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ئەو ناڕەزایەتییانە لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران تا دێت ڕوونتر دەبنەوە. سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکان و داخستنی ئینتەرنێت و فشارە ئەمنییەکان لەسەر بنەماڵەی کوژراوەکان وایکردووە وێنەی ڕاستەقینەی کوشتنکاری و سەرکوتکردنەکان تەنیا بە تێپەڕبوونی کات و لیکۆڵینەوەی ورد دەربکەوێت.
لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەمساڵی ئێران، ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی کورد لە شارەکانی وەک کرماشان و ئیلام و هەروەها لە شارەکانی دیکەی ئێران، بە تەقەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کرانە ئامانج. هەرچەندە ئەم ناڕەزایەتیانە لە زۆرێک لە شارە کوردنشینەکان بە قەبارەیەکی بەرفراوان ڕوویان نەدا، بەڵام هاووڵاتیانی کوردیش بەدەر نەبوون لەو سەرکوتکارییانە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە تا ئێستا ناسنامەی 257 هاووڵاتیی کورد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە کوژراون، دەستنیشان و پشتڕاستی کردۆتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو لە نێو کوژراوەکاندا لانیکەم 19 ژن و 20 منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵ هەیە و شووناسی هەموو کوژراوەکانیش لەڕێگەی تیمی پشتڕاستکردنەوەی ڕێکخراوەکەوە پشتڕاستکراوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ئەم ڕێکخراوە بڵاوی کردۆتەوە، لانی کەم 29 کەس لە کوژراوەکان پەیڕەوی ئایینی یارسان بوون، هەروەها گیانلەدەستدانی 10 خوێندکار و 5 کارمەندی پزیشکی و 2 ئەندازیار و مامۆستایەکیش لەنێو قوربانییەکان تۆمار کراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم کەسانە لە 67 شاری جیاوازدا کوژراون و زۆرترین ژمارەی کوژراوەکانیش چ لە ڕووی شوێنی کوژرانەکە و چ لە ڕووی شوێنی لە دایک بوونیانەوە، لە پارێزگای کرماشاندا بووە و هەروەها بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا، واتە لە 8 و 9ی ژانویە، لانیکەم 224 کەس کوژراون.
هاوکات تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیش لەمبارەیەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا ناسنامەی 227 هاووڵاتیی کورد کە لە کاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە شارە جیاجیاکانی ئێران کوژراون، تۆماری کردووە و پشتڕاستی کردووەتەوە.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرەڕای پچڕانی پەیوەندییەکان و هەڕەشەکردن لە خێزانەکان و فشارە ئەمنییەکان، حاڵەتی کوژرانی زیاتر لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و ئەم ئامارەی خراوەتەوە ڕوو ئامار و ژمارەی کۆتایی کوژراوەکان نییە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ شایەتحاڵان و سەرچاوە خۆجێییەکان و بنەماڵەی قوربانییەکان دەستی کەوتووە، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەو ناڕەزایەتیانەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان چەکیان بەکارهێناوە و لە زۆر حاڵەتدا ڕاستەوخۆ سەری خۆپیشاندەرانیان کردووەتە ئامانج. هەروەها ڕاپۆرتەکە باس لەو حاڵەتانە دەکات کە دەزگا ئەمنییەکان داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لە خێزانەکان کردووە بۆ ڕادەستکردنی تەرمی کوژراوەکە یان ناچاریان کردوون هۆکاری گیان لەدەستدانەکەیان لەژێر ناوی دیکە جگە لە کوشتن بە گولە تۆمار بکەن.
لەناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران کە لە 28ی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی بێ سنووری نرخی دۆلاردەستیپێکرد و بە خێرایی لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێراندا بڵاوبووەوە، هەزاران کەس کوژران و هەزارانی دیکەش برینداربوون.
هەفتەنامەی تایمی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا کە 25ی مانگی یەک بڵاویکردبووە، بە پشتبەستن بە قسەی دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو تەنیا لە دوو ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران،30 هەزار کەس لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران کوژراون.
شایانی باسە سەرۆکی ئەمەریکا پێشتر لەبارەی کوشتن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران هۆشداریی بە کۆماری ئیسلامی دابوو و ڕایگەیاندبوو ئەگەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە کوشتنی خۆپیشاندەران بەردەوام بێت، ئەمەریکا هەنگاو دەگرێتەبەر.