لە سەردانە دوو ڕۆژییەکەیدا بۆ سوریا و عێراق و دواتر هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی کردەوە لەوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش وەک ویستی "لەپێشینەی" وڵاتەکەی ماوەتەوە و مەترسی هەیە ڕووداوەکانی ناوچەکە دووبارە ئەو گرووپە زیندوو بکەنەوە.
کەمتر لە هەفتەیەک دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سوریا لە بەرواوی، ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دوێنێ پێنجشەممە و ئەمڕۆ هەینی چەندین کۆبوونەوەی جیاوازی لە دیمەشق و بەغدا و هەولێر ئەنجام دا و جەختی لە گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش کردەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 6-2-2026، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی کە لە هەولێر "لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزلوم عەبدی و ژەنەڕاڵ رۆهەڵات عەفرین فەرماندەی گشتی یەپەژە، باسمان لە بەردەوامیی ئەم شەڕەی [داعش] لە سوریا کرد، وە هەروەها ئەو ڕۆڵەی کورد لەوێ دەیگێڕێت و پرۆسەی تێکەڵکردنی سەربازی و ئیداری و مەدەنییان [لەگەڵ دەوڵەتی عەرەبی سوریا]."
ژان نۆیل بارۆ هەروەها دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی فوئاد حسێن ڕایگەیاند، "شەڕی تیرۆریزمی ئیسلامی ئامانجی سەرەکی سەفەرەکەمە بۆ سوریا و عێراق. بە ئەرکێکی دژە داعش هاتووم، چونکە سەلامەتی خەڵکی فەرەنساش لە مەترسیدایە."
بە گوێرەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بارودۆخی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا ئێستا "گۆڕانکاری فراوانی" بەسەردا هاتووە، بە شێوەیەک بووەتە هۆی نیگەرانی لە فەرەنسا.
لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا، سوپای عەرەبی سوریا و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمان لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا پێشڕەوییان کرد بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، دێرەزور، ڕەققە و پارێزگای حەسەکە.
بە هۆی ئاڵۆزییەکانەوە، لە سوریا دەنگۆی هەڵاتنی دەیان یاخود سەدان چەکداری داعش و کەسوکاریان هەیە و هێزەکانی هاوپەیمانان دەیانەوێت بە خێرایی نزیکەی حەوت هەزار ئەندامی داعش بۆ زیندانەکانی عێراق بگوازنەوە.
دوێنێ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا لەبارەی جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی داعش لە سوریا و عێراقدا و گوتی بارودۆخی ناوچەکە لەبارە بۆ "زیندووبوونەوە و نوێبوونەوەی" گرووپەکە.
لیوا ڕوکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئێستا لە پارێزگاکانی ئەنبار و موسڵ و سەڵاحەدین لە ناوچەکانی ماددەی 140 شانەی نوستوویان هەیە. لەم ماوەیەی دواییدا لە ناوچەکانی خورماتوو و مەخمور و کەرکوک و خوارووی کەلار جموجۆڵەکانیان زیاتر بوو."
ئەمڕۆش ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند دوو ئەندامی داعش کە یەکێکیان بەرپرسیارێتی هەبووە، دوای گەمارۆدانیان لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە لە سنووری قەزای قائیمی پارێزگای ئەنبار، خۆیان تەقاندووەتەوە. قایمقامی قائیمیش لە پارێزگاکە دەڵێ، لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا چەند کارمەندێکی ئاسایش بریندار بوون.
جگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئەفریقاش هەیە، بە تایبەت دوای ئەوەی چەکدارانی گرووپەکە لە نایجیریا کۆتایی ساڵی ڕابردوو چەند هێرشێکیان بۆ سەر کریستیانەکان ئەنجام دا. ئەمەریکا ناوەڕاستی مانگی دوازدە هێرشی ئاسمانی کردە سەر گرووپەکە لە نایجیریا و سەرەتای ئەمساڵیش "ژمارەیەکی کەم" سەربازی نارد بۆ وڵاتەکە.
بەرپرسانی فەرەنسا دەڵێن چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە سوریا هەنگاوێکی پێویستە بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش. لەم چوارچێوەیەدا، جەخت لە پشتیوانی خۆیان دەکەنەوە بۆ پرۆسەی "تێکەڵکردنی" هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا و دەستەبەرکردنی مافە سەرەکییەکانی کورد.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ڕاگوێزەری سوریا لە دیمەشق "جەختم لە گرنگی جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی 29ی مانگی یەک کردەوە، کە تێکەڵکێشکردنی پێکهاتەی کوردی لە نێو هێزە ئەمنییەکان و قەوارەی دەوڵەتدا لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ فەرمانی سەرۆکایەتی کە دان بە مافەکانی زمانەوانی و کولتووری و پەروەردەیی کورددا دەنێت. چەندین هەنگاوی سەرەکی ماون بگیرێنەبەر، بەتایبەتی دامەزراندنی کورد لە پۆستەکانی دەوڵەتدا، مەشق و ڕاهێنانی ئەو لیوایانەی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەرگیراون و گەڕانەوەی ئاوارەکان. ئەمەش گواستنەوەیەکی گرنگە لە ڕێگای سوریایەکی یەکگرتوو کە تیایدا هەر پێکهاتەیەکی ناو ئەم وڵاتە فرەییە هەست بە دانپێدانان و بەهێزی بکەن."