وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵێکیدا بۆ یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی لە ژێر چاودێری ئەمەریکا و هاوپەیمانان، سەرقاڵی دروستکردنی پێکهاتەیەکی نوێیە بە ناوی "فەرماندەی دەڤەرەکان."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەواڵەی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە.
حکومەتی ئەمەریکا هانی هەرێمی کوردستان دەدات پێشمەرگە ببێتە هێزێکی تۆکمەی سەربازی دوور لە جیاکاری حزبی و پاکبووەوە لە پاشماوەکانی دابەشبوونی شەڕی ناوخۆ.
لیوا ڕوکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "لیژنەیەکی هاوبەش لە سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی 70 و 80 دەستبەکارن بۆ دروستکردنی فەرماندەی دەڤەرەکان و دەستەڵاتەکانی. هیوادارین لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بگەن بە ئەنجامی کۆتایی بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتووێکی نزیکدا دەڤەرەکان ڕابگەیەنین."
وتیشی، "لیژنەکە پێشڕەوی باشی کردووە باڵام هێشتا کارەکانی ماون."
دامەزراندنی "فەرماندەی دەڤەرەکان" لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانە دێت کە لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان هەن بۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی بونیادی وەزارەتی پێشمەرگە.
لیوا ڕوکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "هەرێم دوو دەڤەرە؛ ئێمە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ ئەمەریکا هەیە، بە پێی ئەم یاداشتە دەبێت شتەکان بچنە پێشەوە."
ڕاشیگەیاند، "بەرپرسانی ئەمەریکا هاوکار و هەماهەنگن و ڕاوێژ و پاڵپشتی دەدەن بۆ ڕێکخستنەوە و دروستبوونی ئەو دوو دەڤەرە و چاکسازی."
ئەمەریکا لە چوارچێوەی کارەکانی هاوپەیمانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ساڵی 2016 هەتا ئێستا، جگە لە دابینکردنی سەدان هەزار دۆلار بۆ مووچەی مانگانەی هێزەکانی پێشمەرگە، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.
بە پێی لێکتێگەشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، ساڵانە لە مانگی 10 هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی وەزارەتەکە سەبارەت بە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی هاوپەیمانان کراوە.
بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە ڕەخنە ئاڕاستەی وەزارەتەکە دەکرێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەی لە نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگەدا هەیە.