Accessibility links

خێزانی کوژراوەکان لە مەلەکشاهی ئیلام ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکەنەوە و داوای دادپەروەری دەکەن

بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی 3ی مانگی یەکی ئەمساڵ لە ناوچەی مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام کوژران، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا خوازیاری ئاشکراکردنی ڕاستییەکانن و ڕایانگەیاندووە کوژراوەکان لە نێو بینای سوپای پاسدارانەوە تەقەیان لێ کراوە و لە کاتی تەقەکردنەکەدا هەموو فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەناو بیناکەدا ئامادەبوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن بنەماڵەی کوژراوەکانەوە واژۆ کراوە، ئاماژە بەوە کراوە لەتیف کەریمی، محەمەد ڕەزا کەرەمی، مەهدی ئیمامی پوور، ڕەزا عەزیم زادە و موحسن محەمەدی لە ناو بینای سوپای پاسداران لە مەلەکشاهی تەقەیان لێکراوە و دەشڵێت وێنە و بەڵگەی پشتڕاستکراوە هەیە و حاشا هەڵنەگرە کە ئەو کەسانە بە دەستی سوپای پاسداران کوژراون و بە دیاریکراویش فەرماندەی سوپای پاسدارانی مەلەکشاهیان بە ناوی ڕەسووڵ مورادیان وەک بەرپرسی تەقەکردنەکە دەستنیشان کردووە.

بنەماڵەکان هەروەها ڕایانگەیاندووە ئەگەر هەر ئاستەنگێک لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕادەستکردنی بکۆژەکان و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دروست ببێت، ئەوا لە ڕێگەی دامەزراوە و کەناڵە یاساییە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن.

عیسا بازیار، چالاکوانی خەڵکی ئیلام کە نیشتەجێی نەرویجە، سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەم ڕاگەیەندراوە دوای هەوڵێکی جددی بۆ پێشگرتن لە توڵەسەندنەوەی خوێنی کوژراوەکان بڵاو کرایەوە و پێشتر پیاوماقوڵانی ناوچەکە هەوڵیاندابوو ڕێگری لە گەنجان بکەن بۆ ئەوەی وەک تۆڵەسەندنەوە هەنگاوێک هەڵنەگرن، ئەمەش بەو مەرجەی کەسانی بەرپرس لەو ڕووداوەکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە، بەڵام دوای ئەوەی هیچ هەنگاوێک بۆ لێپرسینەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە هەڵنەگیرا، ئەوان ئەم ڕاگەیەندراوەیان بڵاو کردەوە.

بە گوتەی ئەم چالاکوانە، هەرچەندە ڕاگەیەندراوەکەی خێزانەکان جەخت لەسەر بەدواداچوونی یاسایی دەکاتەوە، بەڵام هاوکات بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش هەڵگری هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ تۆڵەکردنەوەی خوێنی قوربانییەکان و دەڵێت "ئەم لێدوانە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەڵێت ئەگەر بکوژە دەستنیشانکراوەکە ڕادەست نەکرێت، ئەگەری تۆڵەسەندنەوە هەیە."


لە 3ی مانگی یەکی ئەمساڵ لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ئێران لە شاری مەلەکشاهی، هێزەکانی سوپای پاسداران بە بەکارهێنانی چەک، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنانەدا چەندین کەس کوژران و بریندار بوون.

عیسا بازیار سەبارەت بە ژمارەی کوژراوەکانی پارێزگای ئیلام لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای وت تا ئێستا ناوی 66 کەس لە کوژراوەکانی خەڵکی ئەو پارێزگایە پشتڕاستکراوەتەوە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە لێکەوتە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ڕووداوە دەکات و دەڵێت "دوای ئەم ڕووداوانە هیچ فەرمانبەرێکی غەیرە ئیلامی ناوێرێت لە مەلەکشاهی کار بکات، نزیکەی هەمووان ناوچەکەیان بەجێهێشتووە، تەنانەت بنکەی سوپای پاسدارانیش بە کردەوە چۆڵ کراوە، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە بۆ قووڵایی قەیرانەکە لە ناوچەکەدا".

ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ لە ئێران لە بارودۆخێکدا دەستی پێکرد کە قەیرانە ئابوورییەکان و هەڵاوسان و دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوی نیشتمانی، فشارێکی زۆری خستوەتە سەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەو وڵاتە. ئەم ناڕەزایەتیانە سەرەتا بە گردبوونەوە و مانگرتنی بازاڕەکان دەستی پێکرد و دواتر بۆ شارە جۆربەجۆرەکان لەوان تاران و پارێزگای ئیلام بڵاوبووەوە و لە ئەنجامیشدا هەزاران کەس بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژران.

XS
SM
MD
LG