Accessibility links

ئەمەریکا پێشوازی لە بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیامێکدا پێشوازی لە بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا دەکات بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاساداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، و بە هەنگاوێکی کاریگەری دادەنێت لە بەرەنگاربوونەوەی ڕۆڵی شەڕانگێزانەی ڕێژیمی ئێران.

لەو بەیاننامەیەدا کە لە لایەن هەژماری زمانی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” بڵاوکراوەتەوە، ڕاگەیەندراوە "پێشوازی لە بڕیارەکەی یەکێتی ئەوروپا دەکەین بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی."

لە بەیاننامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت "سوپای پاسداران ئامرازی سەرەکی کۆماری ئیسلامییە بۆ تێرۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا."

ئاماژە بەوەش دەکات ئەمەریکا لە ساڵی 2019 وە ئەو سوپایەی وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەستنیشان کرد "و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی سەرەکی ئەو ڕێکخراوە لە بەرەوپێشبردن و دابینکردنی دارایی تیرۆر."

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت " بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ گرتنەبەری ئەو هەنگاوە گرنگە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێپرسینەوە لە ڕژێمی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە، زیاتر بەهێز دەکات."

ڕۆژی پێنجشەممە، پاش هەوڵێکی زۆر، دواجار یەکێتی ئەورووپا گەیشتە کۆدەنگی پێویست بۆ دەستنیشانکردنی سوپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی. ئەم هەنگاوە وەڵامێک بوو بۆ سەرکوتکردنی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئێران.

ئەم بڕیارە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە برۆکسل دراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەزامەندی فەرمی لەسەر بدرێت.

ئەم بڕیارە رێگە بە یەکێتی ئەوروپا دەدات تەواوی دارایی و سەرمایەکانی ئەو هێزە لە ئەوروپا سڕ بکات و گەشتکردنی هەموو ئەندامەکانی ئێستای سوپای پاسداران بۆ ئەوروپا قەدەغە دەکات و ڕێگە لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانیش دەگرێت لەگەڵ کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران.

کایا کاڵاس، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند سەرکوتکردنی خەڵکی بێوەڵام نابێت، هەر ڕژێمێک هەزاران خەڵکی خۆی بکوژێت، "لەسەر ڕێگای لەناوبردنی خۆیدایە."

ئەم یەکگرتنە دوای ئەوە هات کە فەرەنسا و ئیسپانیا کە هەردووکیان پێشتر نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەو بڕیارە دەربڕیبوو، هەڵوێستی خۆیان گۆڕی .

هەروەها بەلجیکا کە دوودڵ بووبوو، هەنگاوی ناو بۆ پشتگیریکردنی بڕیارەکە.

ژان نویل بارو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی " ناتوانین هیچ پارێزبەندییەک لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامدراون بدەین، داوای لە تاران کرد زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات و کۆتایی بە لەسێدارەدان بهێنێت و ئینتەرنێت بگەڕێنێتەوە."

ئەمەریکا، کەنەدا و ئوسترالیا پێشتر سوپای پاسدارانیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە. هەروەها ئەڵمانیا و هۆڵەندا چەندین جار داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کردووە کە ڕێوشوێنێک دژ بەو سوپایە بگرنەبەر.

دەیڤید ڤان وی، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند "پێموایە گرنگە ئەو پەیامە بنێرین کە ئەو خوێنڕشتنەی بینیومانە و ئەو دڕندایەتییەی بەرامبەر خۆپیشاندەران کراوە هیچ پاساوێکی نییە."

XS
SM
MD
LG