Accessibility links

تۆم باراک: ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی و گرنگە

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی ڕاگوزەری سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کرد و ڕێککەوتنی نێوانیانی بە "وەرچەرخانی مێژوویی و گرنگ" ناوبرد بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی یەکگرتوودا.


ڕۆژی هەینی، 30-1-2026، تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و کونسوڵی ئەمەریکا بۆ تورکیا، لە پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی، "ڕاگەیاندنی ئەمڕۆی ڕێککەوتنی هەمەلایەنەی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی هەسەدە گوزارشت لە وەرچەرخانی مێژوویی و گرنگ دەکات لە ڕێڕەوی سوریا بەرەو ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکێتی و سەقامگیری هەمیشەیی. ئەم هەنگاوە کە بە وردی دانوستانی لەسەر کراوە، لەسەر چوارچێوەکانی پێشووتر و هەوڵەکانی ئەم دواییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بنیادنراوە و ڕەنگدانەوەی پابەندبوونێکی هاوبەشە بە گشتگیری و ڕێزگرتنی یەکتر و کەرامەتی بەکۆمەڵی هەموو پێکهاتەکانی سوریا."

بۆ حکومەتی سوریا، تۆم باراک دەڵێت، "ئەم ڕێککەوتنە دەرخەری دڵسۆزییەکی چەسپاوە بۆ هاوبەشی نیشتمانی ڕاستەقینە و حوکمڕانی گشتگیر. لە ڕێگەی ئاسانکاری بۆ تێکەڵکردنێکی قۆناغبەندی پێکهاتەی سەربازی، ئاسایشی و کارگێڕی بۆ ناو دامەزراوە یەکگرتووەکانی دەوڵەتدا - بە دڵنیابوون لەوەی نوێنەرانی باڵای هەسەدە دەرفەتیان دەبێت بۆ بەشداریکردن لە ئاستە بەرزەکاندا - ئەو بنەمایە دووپاتدەکاتەوە کە هێزی سوریا لەوەدایە فرەڕەنگی لەئامێز بگریت و مامەڵە لەگەڵ خواستە ڕەواکانی هەموو خەڵکەکانیدا بکات. ئەم ڕێبازە نەک هەر سەروەری لە سەرانسەری خاکەکەدا دەچەسپێنێت بەڵکو پەیامێکی ڕوونی کراوەیی و دادپەروەریش بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنێرێت."


ئاماژە بەوەش دەکات، "بۆ گەلی کورد کە قوربانییە مەزنەکانی و خۆڕاگری چەسپاوی ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە بەرگریکردن لە سوریا بەرامبەر توندڕەوی و پاراستنی دانیشتوانی لێقەوماو، ئەم ساتەوەختە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. جێبەجێکردنی ئەم دواییەی فەرمانی سەرۆکایەتی ژمارە 13 تایبەت بە گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامەی تەواوی سوریایی بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر بە هۆی جیاکارییە مێژووییەکانەوە بێبەشکرابوون، ناساندنی زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی شانبەشانی زمانی عەرەبی و ڕێگەدان بە وتنەوەی لە هەندێک شوێندا، هەروەها چەسپاندنی پارێزگاری دژی جیاکاری- هەنگاوێکی گۆڕانکارییە بەرەو یەکسانی و هاوبەشی. ئەم ڕێوشوێنانە نادادپەروەرییە درێژخایەنەکان ڕاست دەکەنەوە، پێگەی گرنگی کوردەکان لەناو نەتەوەی سوریادا دووپات دەکەنەوە و ڕێگاکان بۆ بەشداریکردنی تەواویان لە داڕشتنی داهاتوویەکی دڵنیا و خۆشگوزەران و گشتگیر دەکەنەوە."


بە گوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سوریا، کە ڕۆژی هەینی، 30ی یەکی 2026 بڵاوکرایەوە، بڕیارە فیرقەیەکی سەربازی پێکبهێنرێت کە سێ لیوای لە هەسەدە بێت و لیوایەکیش بۆ کۆبانی، هەروەها دامەزراوەکانی بەڕێوەبەری خۆسەریش تێکەڵ بە دەوڵەت بکرێن.


دوای بڵاوکردنەوەی دەقی ڕێککەوتنەکە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، سوپاسی ناوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسای کرد و هیوای بۆ بونیادنانەوەی سووریایەکی یەکگرتوو و سەقامگیر دەربڕی.


تۆم باراک لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت، "بەم گیانی ئامانجە هاوبەشە، هەردوولا هەنگاوی بوێرانەیان ناوە: حکومەتی سوریا بە درێژکردنەوەی گشتگیری و مافە مانادارەکان، هەروەها کۆمەڵە کوردییەکان بە لەئامێزگرتنی چوارچێوەیەکی یەکگرتوو کە ڕێز لە بەشدارییەکانیان بگرێت و بەرژەوەندی گشتی بەرەوپێش ببات."


دەشڵێت، "ئەم پێشهاتانە پێکەوە زەمینە بۆ ئاوەدانکردنەوەی دامەزراوەکان و گەڕاندنەوەی متمانە و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوە و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ هەموو سوریاییەکان خۆشدەکەن. بەو یەکگرتووییەی کە لە ڕێگەی دیالۆگ و ڕێزەوە دروست بووە، سوریا ئامادەیە شوێنی شایستەی خۆی وەک چرایەکی سەقامگیری و هیوا لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە وەربگرێتەوە."

XS
SM
MD
LG