Accessibility links

لۆبی کورد لە پەرلەمانی ئیسرائیل کار بۆ یارمەتیدانی ڕۆژئاوا دەکات

سەرۆکی کۆمەڵی جووی کورد لە ئیسرائیل بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هاوسۆزییەکی فراوان" بۆ کورد لە ناو جووەکاندا هەیە و لۆبییان دەستیپێکردووە بۆ ڕازیکردنی حکومەتی نەتانیاهۆ بە هاوکاری کوردانی سوریا.


یەهودا بێن یوسف، سەرۆکی کۆمەڵەی جووی کورد لە ئیسرائیل، ڕایگەیاند، "پرۆژە یاسایەکمان پێشکەش بە کنێست [پەرلەمان] کوردووە بۆ یارمەتی رۆژئاوا. دەمانەوێت ئیسرائیل هەنگاوێک بنێت بۆ ڕاگرتنی جینۆساید دژی کورد."


پرۆژە یاساکە لە ڕێگەی پەرلەمانتار ئامیت هالەڤی پێشکەشی کنێست کراوە، ئیستا لە پرۆسەی تاوتوێکردندایە و پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بخرێتە دەنگدانەوە.


پەرلەمانتار ئامیت هالەڤی لە نووسراوی پێشکەشکردنی پرۆژە یاساکەدا بۆ سەرۆکی پەرلەمان نووسیویەتی، "سەرەڕای بەدیهێنانی ئەرکێکی ئەخلاقی لە ڕێگەی بێدەنگ نەبوون بەرامبەر زیانگەیاندنی سیستەماتیک بە کۆمەڵەیەک لەسەر بنەمای نەتەوەیی، بە ڕوونی بەرژەوەندی ئیسرائیلیش لێرەدا هەیە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە دەچنە خانەی ئەو ئاڕاستەیەی کە لەگۆڕێدایە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتە جیهادییەکان لە سوریا، بە ڕۆشنایی ئەوەی تورکیا هەوڵ دەدات جێگەی بەرەی ئێران بگرێتەوە. گۆڕانی بەرەی ئێرانی بۆ سوونەیەکی ڕادیکاڵ مەترسییەکان لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل کەمناکاتەوە ، بەڵکو تەنیا ڕەنگی ئاڵاکان دەگۆڕێت. بۆیە، پارێزگاری لە کۆمەڵگەی کورد وەک پێکهاتەیەکی ئۆتۆنۆمی زۆر گرنگە بۆ سەقامگیری هەرێمی و ڕێگری لە هێزە دوژمنکارەکان."

یەهودا بێن یوسف ڕایگەیاند شیانی هەیە هەتا یەکشەممەی داهاتوو ئەم پرۆژەیە بخرێتە دەنگدانەوە.

یەهودا بەن یوسف، سەرۆکی کۆمەڵی جووی کورد لە ئیسرائیل
یەهودا بەن یوسف، سەرۆکی کۆمەڵی جووی کورد لە ئیسرائیل

هێرشە کوشندەکانی سوپای عەرەبی سوریا بۆ سەر ناوچەکانی هەسەدە، سەرەڕای کوشتنکاری، دەربەدەربوونی سەدان هەزار کەسیشی لێکەوتەوە، هەروەها مەترسی لەسەر مانەوەی هەرێمی رۆژئاوا دروستکردووە. مەزندە دەکرێت هەسەدە نزیکەی 80٪ ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی لە دەستداوە و کشاوەتەوە بۆ ناوچە کوردییەکان، هەروەها شاری کۆبانی گەمارۆ دراوە و لە ئێستادا بە تەواوی لە پارێزگای حەسەکە دابڕێنراوە.


لەم دۆخەدا هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی حکومەتی ئیسرائیل لە تەواوی وڵاتانی تر توندتر بووە و داوای پاراستنی کوردی کردووە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین بەرپرسی حکومەتی ئیسرائیل و دەیان ڕێکخراوی جوو داوای پاراستنی هەرێمی کوردییان لە سوریا کردووە.


وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گیدیۆن سەعار ڕۆژی 8ی ئەم مانگە هێرشەکانی حکومەتی نوێی سوریای بۆ سەر کورد بە "زۆر مەترسیدار" ناوبرد و ڕەخنەی لە "بێدەنگی" نێودەوڵەتی گرت.

هەروەها دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە سوریا، ڕۆژی 22-1-2026، وتی، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی نەخوازراو و نیگەرانکەرمان پێگەیشتووە لە ناوچە کوردییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە ئاوارەکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەی نامرۆڤانە و کوشتن. کورد خەڵکانێکی لاوەکی نین، بەڵکو لە نێوان ئێمە و جیهان لە لایەک و داعش لە لاکەی تردا وەستانەوە."


بەڵام سەرەڕای ئەم هەڵوێستانە، حکومەتی ئیسرائیل هیچ هەنگاوێکی ڕاستەوخۆی بۆ بەرگریکردن لە رۆژئاوا ڕانەگەیاندووە.


بە بڕوای یەهودا بێن یوسف، سەرۆکی کۆمەڵەی جووی کورد لە ئیسرائیل، بەربەستی سەرەکی لە بەردەم حکومەتی بنیامین نەتانیاهۆ بریتییە لە پرسی ئێران، بە تایبەت لە کاتێکدا ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمەریکا بۆ سەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی نزیکبووەتەوە. هەروەها، لە هەمان کاتدا چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان دژی حزبوڵا بەردەوامن، بۆیە حکومەتی ئیسرائیل لەوە دەترسێت کردنەوەی بەرەیەکی تری بەرگری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ببێتە مەترسی بۆی، بە تایبەت لە کاتێکدا تورکیا لە پشت ئەحمەد شەرعەوەیە.


یەهودا بێن یوسف پێی وایە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب ئەردۆغان ئەم سەرقاڵییەی جیهانی لەسەر ئێران قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی زۆرترین زیان بە دەستکەوتەکانی کورد لە سوریا بگەیەنێت.


بەڵام سەرەڕای ئەم مەترسییانە، سەرۆکی کۆمەڵەی جووی کورد لە ئیسرائیل ڕایگەیاند لە نێو جووەکاندا بە گشتی هاوسۆزییەکی زۆر بۆ پرسی کورد هەیە و فشارەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل بە کردار یارمەتی کورد لە رۆژئاوا بدات.


یەهودا بێن یوسف نزیکەی 15 ساڵە کاردەکات بۆ فراوانکردنی پەیوەندی نێوان کورد و ئیسرائیل. بە ڕەچەڵەک دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و باپیرەی حاخامێکی ناسراوی پارێزگای دهۆک بووە.


یەهودا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمەی جوو بۆ سێ هەزار ساڵ لەگەڵ کورد لە کوردستاندا ژیاوین. ناتوانم بڵێم هەمیشە شتەکان باش و نایاب بوون، بەڵام پێموایە باشترین وڵاتە لە ناوچەکە کە تێیدا جووەکان بتوانن بەبێ کێشەی گەورە تێیدا بژین. لەم چوارچێوەیەدا هاوڕێیەتی مێژووییمان دروستکردووە."


وتیشی، "بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوانماندا هەیە؛ ئێمە تەنها وڵاتێکین پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین، هەروەها لە ناوچەکە بە هێزی دوژمنکار دەورە دراوین."

XS
SM
MD
LG