لە پێکدادان و گرژی و ئاڵوزییەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا، چەندین وێنە و دیمەنی سوکایەتیکردن بە ژنان و کچانی کورد بڵاوکراونەتەوە کە تیایاندا چەکدارەکانی سوپای حکومەتی سوریا ژنەکان وەک دیل و کوێلە نیشان دەدەن و ئەشکەنجەیان دەدەن و سووکایەتیان پێدەکەن. دیمەنی سوکایەتیکردن بە ژنانی شەڕڤان، کاردانەوە و بێزارییەکی زۆری لە نێو کورد و خەڵکێکی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا لێکەوتووەتەوە.
بەڵام لە ناوچەکە بە فەرمی تەنیا لەلایەن ئیسرائیلەوە سەرکۆنەکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە ڕەخنەی لە بێ دەنگی کۆمەڵی نێودەوڵەتی گرت و ڤیدیۆی ساتی سووکایەتیکردن بە تەرمی شەڕڤانی کورد، دەنیزی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی، "کەمینەی کورد لە حەلەب لە نێو بێ دەنگی نێودەوڵەتی خەریکە لەناودەچن، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن. جیاوازی لە نێوان مافەکانی مرۆڤی کەسێک لەگەڵ کەسێکی تر نییە. بێ دەنگی بێ لایەنی نییە."
بە دوای ئەو تاوانە چەندین تاوانیکی دیکە ئەنجامدران، لەوانە بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێک کە کاردانەوەیەکی ئێجگار گەورەی لێکەوتەوە و زۆرێک لە کچان و ژنانی کورد وەک هەڵوێستێک پرچیان دەکرد بە کەزی.
ئەم تاوانانە لە ڕووی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و ئایینییشەوە سەرکۆنە کراوە، بۆیە بووە بە بابەت و تەوەرێکی سەرەکی وتاربێژەکانی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکانی دیکە.
زۆربەی مامۆستا و کەسایەتییە ئایینیەکانی کورد ئەو جۆرە ڕەفتارەی چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریایان لەگەڵ ژنە شەرڤانەکان سەرکۆنە کردووە و بێزاری خۆیان بۆ دەربڕیوە و ڕایانگەیاندوە بەرگریکردن لە خاک و بوون، ئەرکێکی ئەخلاقی- ئیسلامییە و ژنانی کورد هەستاون بە ئەنجامدانی ئەو ئەرکە.
بەسام ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سووریەکان بۆ حەقیقەت و دادپەروەری سەبارەت بە ڕووداوەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ڕێکخراوەکەمان زۆر حاڵەتی ئازاردانیان دیکۆمێنت کردووە، لەوانە کوشتن، ئەشکەنجەدان، شێواندنی تەرمەکان و سووکایەتیکردن بە شەڕڤانان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا."
بەسام ئەحمەد دەشڵێت "ئەو کردەوانەی کە لە دژی شەڕڤانانی ژن ئەنجام دەدرێن، لەوانە ڕفاندن و هەڕەشەی کوشتن و شێواندنی تەرمەکان و ئەشکەنجەدانیان هەموویان بە ڕوونی دەڕوەنە چوارچێوەی تاوانی جەنگەوە."
ئەو پارێزەرە ئاماژە بەوەش دەکات زۆربەی ئەو گرتە ڤیدیۆ و تۆمارانەی دەستی ڕێکخراوەکەی کەوتووە، پشکنینیان بۆ کراوە و هەندێکیان پشتڕاستکراونەتەوە و ناسنامە و شوێن و زانیارییەکان لەسەر تاوانبارەکانی دەستنیشانکراون.
هەروەها جوان یوسف، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی کورد بە دەنگی ئەمەریکای ڕادەگەیەنێت "لە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوا پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ زۆر ڕوویداوە، بە تایبەتی و بە پلەی یەکەم دژی ژنان."
یوسف دەڵێت "هۆکاری ئەم هێرشانە بۆ سەر ژنان ئەوەیە کە هەندێک لەوانەی ئەندامی سوپای سوریان، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ چەکدارانی داعش نییە و سەرنجەکانیان زیاتر لەسەر ژنانە."
دەشڵێت "پێشێلکارییەکانی ئەم دواییە لە شێخ مەقسودەوە دەستیپێکرد کاتێک تەرمی شەڕڤان دەنیز دوای کوژرانی لە نهۆمی سەرەوەی باڵەخانەیەک فڕێدرایە خوارەوە. حکومەتی سوریا ڕێگە نادات ڕێکخراوەکەمان بچێتە حەلەب بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانەی لە شێخ مەقسود کراون."
جوان یوسف ڕایدەگەیەنێت پێشێلکاری زیاتر لە کۆبانی، تەبقە، ڕەقە، حەلەب و ناوچەکانی دەوروبەری حەسەکە ڕوویانداوە و ئاماژە بەوەش دەکات پشتڕاستکردنەوە و بەڵگەکردنی هەموو ئەمانە ئەرکێکی گەورەیە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، حکومەتی کاتی سووریا ناوی هیچ گرووپ و بەرپرسێکی بەرپرسیار لەو ڕووداوە نەخستووەتەڕوو. هەروەها هیچ لێدوانێکی فەرمیشی سەبارەت بە پێشێلکاری و سوکایەتیکردن بە ژنانی شەرڤان نەداوە.