دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایدەگەیەنن لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پێنج پارێزگای وڵاتەکە، 6 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕیی سیاسی و سەربازی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران دەستبەسەرکردووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵی نیمچە فەرمی حکومەتی تورکیا بڵاویکردوەتەوە ئەو 6 کەسە کە بریتین لە 5 هاووڵاتی تورکی و هاووڵاتییەکی ئێرانی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەرپەرشتی داواکاری گشتی ئەستەنبوڵ و بە هاوکاری لەگەڵ بەشی دژە تیرۆری ئەو شارە و هەروەها بەهاوکاری میت دەستگیرکراون.
بە گوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکانی تورکیا، ئەو شەش کەسەی دەستگیر کراون، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەفسەرانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا هەبووە.
ئاژانسی ئانادۆڵو لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیوێتی ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە کۆکردنەوەی زانیاری هەستیار سەبارەت بە دامەزراوە سەربازییەکانی تورکیا و هەروەها دەستیان هەبووە لە بە قاچاخبردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ بەکارهێنان لە دژی وڵاتانی دیکە.
ئەمە یەکەم جار نییە تورکیا کەسانی گومانی بە سیخوڕیکردن بۆ کۆماری ئیسلامی دەستگیردەکات. زستانی ساڵی ڕابردووش داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ دەستگیرکردنی 5 کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ حکومەتی ئێرانی ڕاگەیاند.
چەندین جاریش ئیسرائیل ڕایگەیاندووە چەندین کەسی دەستگیرکردووە کە تۆمەتبار بوون بە گواستنەوەی زانیاری سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە بۆ حکومەتی ئێران.
زیادبوونی چالاکییە خراپەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لە کاتێکدایە کە لە لایەک خەڵکی ئێرانەوە بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنی حکومەت لەگەڵ چەندین قەیرانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و سیاسی لەو وڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەدایە و ناڕەزایەتییەکان بە توندترین شێوە و بە کوشتارێکی بەربڵاو سەرکوت دەکرێن و لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ زیاتر لە جاران باڵی بەسەر ئەو وڵاتەدا کێشاوە.