مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس سەبارەت بە دۆخی کوردانی ڕۆژائا نووسیوێتی "پشتکردن لە هاوپەیمانە کوردەکانمان کارەساتێکی ئەخلاقی و ستراتیژی دەبێت."
پۆمپیۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی لینزی گراهام، سیناتۆری کۆماری کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین پۆستی بۆ پشتگیری کوردەکان بڵاو کردووەتەوە، پشتگیری خۆی بۆ ڕۆژئاوا دەربڕیوە.
لینزی گراهام چەند ڕۆژ پێش ئێستا بڵاویکردەوە کە هەردوو دوولایەنی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا نیگەرانن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و تێکچوونی دۆخی سوریا و ڕایگەیاند "کۆدەنگییەکی گشتی لەئارادایە بۆ پشتیوانیکردن لە کوردەکان کە لەگەڵ ئێمە بوون بۆ لەناوبردنی خەلافەتی داعش."
هەروەها شەوی ڕابردوو سیناتۆر جین شاهین لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پەیامێکی لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند "بەپەلە داوا لە حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەم واز لە توندوتیژییەکان بهێنن و پابەندبن بە ئاگربەستەکەوە."
وتیشی "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری پێشێلکارییەکان دەکەین، دەبێت سەقامگیری هەبێت بۆ ئەوەی دیلەکانی داعش پارێزراو بن، دەبێت گفتوگۆکانی یەکگرتن بەردەوام بێت بۆ ئەوەی هەموو سوورییەکان بتوانن لە ئاسایش و ئازادیدا بژین."