هەفتەنامەی تایمی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە قسەی دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستی کۆماری ئیسلامی ئێران، بڵاویکردوەتەوە تەنیا لە دوو ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران،30 هەزار کەس لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئێران کوژراون.
لە ڕاپۆرتەکەی تایمدا کە ڕۆژی یەکشەممە،25ی مانگی یەک بڵاویکردوەتەوە، ئەو دوو بەرپرسە ئێرانییە کە ناوەکەیان دیار نییە، بەو حەفتەنامەیان ڕاگەیاندووە "لەماوەی ڕۆژانی 8 و 9ی مانگی یەکدا کە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران گەیشتبووە لوتکەی خۆی، ژمارەی کوژراوان ئەوەندە زۆر بووە کە حکومەت توانای کۆکردنەوە و ناشتنی تەرمی قوربانییەکانی نەبووە، تا ئەو ڕادەیە کە لەبری ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، بە رێگەی بارهەڵگری گەورەوە تەرمی قوربانییەکانیان گواستوەتەوە."
لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند ئاماری کوژراوان سێ هەزار و 117 کەس بوون، بەڵام ئەم ژمارەی هەفتەنامەی تایمە کە 30 هەزار کەسە، زۆر نزیکترە لەو ئامارە ئەگەرییەی کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەندرابوو.
ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، بلومبێرگ لە زاری مای ساتۆ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکانی مانگی یەکی ئێران دەتوانێت 20 هەزار کەس تێپەڕێنێت.
هەفتەنامەی تایم ئاماژەی بەوە کردووە نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ئامارانە پشتڕاست بکاتەوە و دەشڵێت بەڵام ژمارەی کۆژراوان لەو دوو ڕۆژەدا زۆر نزیکە لەو ژمارانەی لەلایەن پزیشک و فریاگوزارییەکانەوە کۆکراونەتەوە.
دکتۆر ئەمیر پەرێستا پزیشکی نەشتەرگەری چاو کە لە ئەڵمانیایە، بەو هەفتەنامەی ڕاگەیاندووە تا ڕۆژی هەینی23ی مانگی یەک، ئەو ژمارەیەی لەلایەن ناوەندە پزیشکی و نەخۆشخانەکانی ئێرانەوە تۆمارکراوە، 30 هەزار و 304 کەس بووە.
بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری لە ناوخۆی ئێران، دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم ژمارانە پشتڕاست بکاتەوە.