Accessibility links

ستراتیژی بەرگری نیشتمانی ساڵی 2026ی ئەمەریکا

وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، پنتاگۆن، ستراتیژی بەرگری نیشتمانی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە. ئەم ستراتیژییە چوارچێوەی گشتی سیاسەتی لەشکری و ئاسایشی ئەمەریکا لە بەرامبەر هەڕەشە گەورە جیهانییەکان دەخاتە ڕوو.

لە بەڵگەنامەکەدا بەرگری نیشتمانی ئەمەریکا وەک ئەرکی سەرەکی دەناسێنرێت، هاکات گرنگیش بە کۆنتڕۆڵکردنی چین لە ناوچەی هیندو پاسافیک دەدات لەگەڵ بەرپەرچدانەوەی کاریگەری و پلانەکانی ڕژێمی ئێران، بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ناتۆ و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر.

هەروەها ئەم ستراتیژە جەخت لەسەر زیادکردنی ڕۆڵی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ئەمەریکا دەکاتەوە لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و بەهێزکردنی توانای پیشەسازی و سەربازییە ناوخۆییەکان و پێشخستنی سیاسەتی "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیری و خۆپاراستن.

لەو بەشەی کە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، ستراتیژی بەرگری نیشتمانی ئەمەریکا 2026، کە ڕۆژی هەینی بڵاو کرایەوە، حکومەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی ئێران نادات چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت و لە هەمانکاتیشدا هەوڵ دەدات بەرپرسیارێتی سەرەکی ئاسایشی ناوچەکە بگوازێتەوە بۆ هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ڕێبازێک کە لەسەر بنەمای پشتیوانی لە ئیسرائیل و بەهێزکردنی هاوبەشە عەرەبەکانی کەنداو سنووردارکردنی هەژمونی ئێران لە ناوچەکەدا، سەرچاوەی گرتووە.

ئێران

ستراتیژی بەرگری نیشتمانی ئەمەریکا 2026، لە بەشی ئێراندا جەخت لەوە دەکاتەوە، سەرۆک ترامپ بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. بەڵگەنامەکە ئۆپراسیۆنی سەربازی ناسراو بە "چەکوشی نیوەشەو" وەک نموونەیەک لە جێبەجێکردنی پراکتیکی ئەم سیاسەتە دەناسێنێت و باس لەوە دەکات هیچ هێزێکی سەربازی دیکە لە جیهاندا نەیتوانیوە ئۆپەراسیۆنێک بەو ئاستە ئاڵۆز و قەبارە و دەرئەنجامە ئەنجام بدات. بەپێی بەڵگەنامەکە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە سەرکەوتنێکی تەواوەوە ئەنجامدراوە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕژێمی ئێرانی لەناوبردووە.

سەرۆک ترامپ هەمیشە هەڵوێستێکی پتەو و بێ دوو دڵی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی هەبووە. چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە "نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنن!" بەم پێیە حکومەتی ئەمەریکا هەمیشە ئەم هەوڵەی داوە لە ڕێگەی سەپاندنی سزای بەرفراوانەوە بگرە تا دەگاتە جێبەجێکردنی سیاسەتی "زۆرترین فشار" و دواجار هێرشی سەربازی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان.

بەرەبەیانی 22ی مانگی 6ی ساڵی 2025، هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بە فڕۆکەی بۆمهاوێژی بی-2 بە پشتیوانی دەیان فڕۆکەی دیکە، ئۆپەراسیۆنی "چەکوشی نیوەشەو"ی ئەنجامدا کە تیایدا بنکەی ئەتۆمی نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان کرانە ئامانج و لەناوبران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هێزەکانی ئەمەریکا هاوکات لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا پشتیوانی بەرگریی گرینگیان پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان گێڕاوە لە گەیشتن بە سەرکەوتنی ستراتیژیی و ئۆپەراسیۆنەکان.

ئەو بەڵگەنامەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانەدا، ڕژێمی ئێران ئێستا لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە لە ماوەی دەیان ساڵدا، هەروەها پێکهاتەی بەناو "بەرەی بەرگری" بە توندی لاواز بووە. لەو چوارچێوەیەشدا ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل تواناکانی حزبوڵا و حەماسیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.

هەروەها ستراتیژی بەرگری نیشتمانی ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنی ڕۆف ڕایدەر دەکات کە لەلایەن بە فەرمانی سەرۆک ترامپ لە دژی حوثییەکانی یەمەن ئەنجام درا. ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە لاوازکردنی توانایی گرووپەکە و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانیان بوو بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمەریکا. بە گوێرەی بەڵگەنامەکە لە ئەنجامدا، ئەو ئۆپەراسیۆنە، ئازادی هاتوچۆی بۆ کەشتییەکانی ئەمەریکا گەڕاندەوە لە هەڵمەتێکی کورت و چڕ و یەکلاکەرەوەدا.

بەڵام ستراتیژی بەرگری نیشتمانی هۆشداریش دەدات، لە کاتێکدا ڕژێمی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن ڕژێمی ئێران هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییە ئاساییەکانی دەدات. هەروەها ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیش بە دوور نازانێت. بەڵگەنامەکە هۆشداری دەدات لەوەی کە ڕەنگە گووپە بەکرێگیراەکان هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی و توانا لەدەستچووەکانیان بدەن.

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی بەرپرسیار بووە لە گیانلەدەستدانی ئەمەریکییەکان، بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل و بەردەوامە لە دروستکردنی قەیرانی ناوچەیی؛ ئەمانەش هەم مەترسی لەسەر ژیانی هێزەکانی ئەمەریکا دروست دەکەن و هەم ڕێگری لە بەدیهێنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ ناوچەکە دەکەن.

بەڵام بەڵگەنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرفەتی نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕژێمی ئێران هاتۆتە ئاراوە؛ دەرفەتەکانی وەک بەهێزکردنی ڕۆڵی ئیسرائیل وەک هاوپەیمانێک کە توانای بەرگریکردن لە خۆی هەبێت بە پشتیوانییەکی سنووردار بەڵام گرنگی ئەمەریکا. هەروەها زیادکردنی توانای بەرگریی وڵاتانی عەرەبی کەنداو لە ڕێگەی دابینکردنی سیستەمی سەربازی ئەمەریکایی و فراوانکردنی هەماهەنگی لە نێوانیاندا.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ستراتیژی بەرگری نیشتمانی 2026 بە ئاماژەدان بە وتارەکەی سەرۆک ترامپ لە ڕیاز، ئامانجی ئەمەریکا بە گەیشتن بە ناوچەیەکی ئارامتر و ئاوەدانتر ناودێر دەکات. بەڵام بەڵگەنامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە گەیشتن بەو ئامانجە دەبێت بە پلەی یەکەم لەلایەن یاریزانە سەرەکییەکانی ناوچەکەوە ئەنجام بدرێت، ئەوانیش هاوپەیمان و هاوبەشە ناوخۆییەکانی ئەمەریکان و ڕۆڵی واشنتن پشتگیریکردنە لەم ئاراستەیەدا.

بەپێی ئەم ستراتیژییە وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ئەرکی بەرزکردنەوەی توانای ڕێگری و بەرگریی هاوپەیمانانی ناوچەیی لە دژی ئێران و بریکارەکانی پێدەسپێردرێت. ئەم سیاسەتە بریتییە لە پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی، قووڵکردنەوەی هاوکارییە ئاسایشییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبی، و ڕێگەدان بە لێکنزیکبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و ئەم دەوڵەتانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهەم! دەستپێشخەرییەک کە وەک دەستکەوتێکی مێژوویی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ستایشی کراوە.

لە هەمان کاتدا ئەمەریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە توانای گرتنەبەری هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەپارێزێت. ستراتیژی بەرگری نیشتمانی ئەم ڕێبازە لەسەر بنەمای "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" دەناسێنێت و دەڵێت بەهێزکردنی تواناکانی هاوبەشە ناوچەییەکان و زیادکردنی هەماهەنگی لە نێوانیاندا دەتوانێت بناغەی سەقامگیری بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابڕێژێت.

جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتی " لە پێش هەموو شتێکدا ئەمەریکا"

لە پێشەکی "ستراتیژی بەرگری نیشتمانی 2026"،دا پەنتاگۆن لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی سەرکردە باڵاکانی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا، فەرەماندەکانی هێزە شەڕکەرەکان و ئاژانسەکانی بەرگری کردووە، دەڵێت بۆ ماوەیەکی زۆرسەرکردەکانی پێشووی ئەمەریکا بەرژەوەندییە کۆنکریتەکانی ئەمەریکایان پشتگوێ خستبوو تەنانەت ڕەتیان کردبووەوە.

لە یاداشتەکەدا هاتووە لە ئەنجامی ئەو هەلومەرجە، سەرۆک ترامپ لە سەردەمێکدا دەستی بە سەرۆکایەتی خۆی کردووە کە ئەمەریکا لە لێواری قەیرانێکی گەورەدا بووە.

پنتاگۆن زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرۆک ترامپ ئەم ڕێبازەی گۆڕیوە و بە دانانی سیاسەتی " ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێک" سوپایەکی "بەهێزتر، کوشندەتر و بەتواناتر لە جاران لە مێژوودا" دروستکردووە بە ئامانجی بنیاتنانی دەسەڵات بە دادپەروەری و ئامادەیی بۆ بەرەنگاربوونەوە و سەرکەوتن لە شەڕە پێویستەکاندا، نەک بەشداریکردن لە ململانێی بێمانا.

لە یاداشتەکەدا باس لە ستراتیژی گشتی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ دەکات کە بریتین لە "ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێک" و "ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە"، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمەریکا بەنیازی ئەوە نییە بە تەنیا دەستوەردان بکات لە هەموو بەشەکانی جیهان یان پارەی بێکردەوەیی هاوپەیمانەکانی بدات.

لە بەڵگەنامەکەدا ئەمەریکا بەرگری لە خۆی دەکات و ئەوە مسۆگەر دەکات کە بەرژەوەندییەکانی لە نیوەگۆی ڕۆژئاوا پارێزراو بێت. ڕێگری لە چین دەکات لە هیندۆ پاسفیک بە ڕێگای هێز نەک ڕووبەڕووبوونەوە. و هەروەها دەشڵێت پێدادەگرین لەسەر ئەوەی هاوپەیمانان و هاوبەشەکان، بە ئەرکی خۆیان هەستن و کاتێک هەنگاو بنێن ئێمەش دەستی یارمەتییان بۆ درێژ دەکەین.

هەروەها پنتاگۆن پلانەکانی بۆ بەهێزکردنی بنکەی سەربازی-پیشەسازی ئەمەریکا و دەستەبەرکردنی ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە ڕاگەیاند، نەک تەنها لە ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆک ترامپ بەڵکو بۆ داڕشتنی دەسەڵاتی داهاتووی ئەمەریکا.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە ڕێبازێکی بەردەوامیش دەگرێتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییە ئیسلامییەکان و تیشک دەخاتە سەر ئەو گروپانەی کە توانا و نیازی هێرشکردنە سەر خاکی ئەمەریکایان هەیە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG