Accessibility links

گرفتی ئابوری لە ئێران بووەتە فشارێکی ئێجگار زۆر لەسەر خێزانەکان

قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری ئێران فشارێکی زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتیان، بە تایبەتی لە کوردستانی ئێران کە هەر لە پێشترەوە لە ڕووی ئابورییەوە ناوچەکە پشتگوێ خرابوو.

چەندین ساڵی هەڵاوسان، داڕمانی دراو، کەمبوونەوەی یارمەتییەکانی دەوڵەت و سەرکوتکردنی سیاسی، هەلومەرجێکیان دروستکردووە کە تێیدا پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکو خۆراک، دەرمان و خزمەتگوزارییەکان هەتا دێت کەمتر دەبنەوە.

هەر لە مێژەوە زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێران، زیاتر بەدەست بێکاری و خراپی دۆخی ئابوورییەوە دەناڵێنن، بۆیە ژمارەیەکی زۆری کورد بە ناچاری وڵاتەکە جێدەهێڵن بەو هیوایەی کارێک بدۆزنەوە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان.

کەیومەرس فەتحی، ئەندازیارێکی ئەلیکتریکە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕووی لە شاری هەولێر کردووە، ئێستا وەک بەڵێندەر لەوێ کاردەکات، باس لە خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکات و دەڵێت موچە و کرێ هیچ بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە.

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، " بۆ نمونە پازدە ملیۆن تمەن کە موچەی ئاسایی فەرمانبەرێکی حکومەتە، بووەتە نزیکەی 100 دۆلار. کەواتە مامۆستایەک ڕۆژانەکەی نزیکەی 3 دۆلار و نیوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی شتومەک ئێجگار گران بووە."

بە گوتەی فەتحی، لابردنی یارمەتییەکانی حکومەت سەختییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر کردووە.

فەتحی کە نزیکەی 14 ساڵە لە هەولێرە بەڵام وەکو خۆی دەڵێت بەردەوام لەگەڵ کەسوکاری لە ناو ئێران لە پیوەندیدایە دەڵێت، "بە گشتی وەزعەکە لە سەردەمی حکومەتەکەی پزشکیان زۆر خراپتریش بووە. ئەو هاوکارییە کەمەی کە پێشتر دەدرا بۆ ئەوەی خەڵکی خۆراکە سەرەکییەکانی وەکو ڕۆن و شەکر و برنجی پێ وەربگرن، ئێستا ئەوەش نەماوە. ئێستا هەموو شتەکان نزیکەی چوار هێند گران بوون و لە هەندێک شوێن خواردن هەر دەست ناکەوێت. ئەمەش وەهای کردووە خەڵکی ئاسایی ژیانیان زۆر خراپتر بێت."

کۆچی ناچاری و کارکردن لە دەرەوەی وڵات:

لەگەڵ داڕمانی ئابوری و سەختییەکان بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیان، زۆرێک لە کوردەکان بەرەو کاری مەترسیدار و ناسەقامگیر دەڕۆن و سنوور دەبەزێنن بۆ تورکیا و عێراق و بە تایبەتیش هەرێمی کوردستان. فەتحی ڕوونی دەکاتەوە " زۆرێک لەمانە لە کۆمپانیا فەرمییەکاندا ناتوانن کار بکەن وەکو کرێکاری سەر شەقامەکان یان وەکو دەستگێڕ کاردەکەن یان لە لە گوندەکاندا کاری کشتوکاڵ یان مەڕوماڵات دەکەن."

هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەهۆی گرفتە داراییەکانی لەگەڵ بەغدا دووچاری قەیرانی ئابوری بووەتەوە. ئەم قەیرانانەی هەرێمی کوردستان وەهایانکردووە بێکارییەکی زۆر ڕوو لە هەرێمی کوردستانیش بکات. فەتحی دەڵێت "ڕەنگە ئەو کرێ کارەی ئێستا لە ساڵی 2026 خەڵک وەریدەگرێت نیوەی ئەوە بێت کە لە ساڵی 2012 و 2013 وەریان دەگرت. ئەمەش لە کاتێکدایە نرخەکان 4 هێند بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتە بەرز بوونەتەوە."

زۆربەیان لە بازاڕە نافەرمیەکاندا کار دەکەن:

کەیومەرس فەتحی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاشگەیاند " بەشێکی تری خەڵکی لە ئێران بۆ مەبەستی کارکردن روو لە تورکیا یان باشووری عێراقیش دەکەن. ئەوانەش لەوێ دووچاری چەندین جۆری گرفت دەبنەوە. بە تایبەتی پارەیان لێدەخورێت و فرت و فێڵیان لێدەکرێت هەر بەهۆی ئەوەی بە فەرمی ناتوانن کار بکەن. "

نەبوونی دەرمان و مردنی بێدەنگ:

یەکێک لە سەختترین دەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانە، کەمیی دەرمانە لە سەرانسەری ئێرن و بە تایبەتی لە کوردستان. ئەم کێشەیە بەهۆی زیاد بوونی هەژاری گەورەتریش بووە.

فەتحی دەڵێت "زۆر دەرمان هەر دەست ناکەوێت بەتایبەت هی نەخۆشییە درێژخایانەکان. زۆرێک لە کۆمپانیاکانی بیمە بیمەی تایبەت بە دەرمان نادەن و هاوکاری دەرمانیش بڕاوە. ئەو دەرمانانەش کە لەبەردەستدان نرخەکەیان ئەوەندە زۆرە بە هیچ شێوەیەک لە توانای خەڵکەکەدا نییە."

فەتحی گوتیشی "کەسانێک هەن کە ئازیزەکانیان لەبەردەمیاندا دەمرن، چونکە توانای کڕینی دەرمانیان نییە و هیچ شتێک نییە کە بتوانن بیکەن."

گوتیشی " لەگەڵ ئەم هەموو گرفتانەش ڕێخراوە خێرخوازە ئەهلییەکان لەوێ بوونیان نییە. چەند ڕێکخراوێکی حکومی هەن وەکو کۆمیتەی ئیمداد، هەر بە ناو هاوکاری دەکەن، زۆر زۆر بتوانن 10 دۆلار بدەن بە خانەوادەیەک. ئەمەش ناتوانێت هیچ بکات بۆ ئەو خانەوادانەی نەخۆشیان هەیە."

فشاری سیاسی و چاودێری بەردەوام:

شانبەشانی زۆربوونی گرفتە ئابورییەکان، گرفتی سیاسی و ئاسایشیش زۆربوون، بە تایبەت لە کوردستان کە بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییانەی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ساڵی 2022، سەریانهەڵدا و لە ناوخۆدا بە شۆڕشی ژینا ناسرا، سەرکوتکردن لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم زیاتربوون.

فەتحی وتی، " لە کوردستان ئەوانەی کە لە سەردەمی شۆڕشی ژینا گیرابوون، ئێستا گوشارێکی زیاتر یان هەڕەشەیان لەسەرە. بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ناو ئێرانەوە پێمان دەگات ڕۆژانە خەڵکی دەستگیر دەکرێن. هەموو ڕۆژهەڵات ئەم جارە لە ماکۆ هەتا دەگاتە دێهلۆران و ئاودانان فشارێکی زۆر زۆری سیاسییان لەسەرە."

گوتیشی " خەڵکی هەیە دەڵێت هەتا دەچێتە بازاڕ شتێک بکڕێت و بێتەوە چەند جارێک ڕادەگیرێت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت و زۆر جار تەنانەت مۆبایلەکانیشیان دەپشکنن."

دەنگێک لە ناوخۆی ئێرانەوە:

دەنگی ئەمەریکا هەروەها دەنگی ئەفسەرێکی پۆلیسی پیرانشاریشی دەستکەوت کە باس لە ترسی خەڵکی و بێدەنگییەکی سامناک دەکات بەهۆی چاودێرییەکانی حکومەتەوە.

ئەو پۆلیسەی کە ناوەکەی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، دەڵێت " ئێستا ڕەوشەکە تۆزیک هێوربووتەوە چونکە کۆنترۆڵێکی ئێجگار زۆر هەیە و تۆڕەکانی پەیوەندیکردنیش کۆنترۆڵ کراون. بەڵام ئەمە کاتییە و هەر سەر هەڵدەداتەوە چونکە کێشەکە برسێتییە، ئیتر خەڵکی لە توانایاندا نەماوە."

دەشڵێت " هەفتەی ڕابردوو باسی ئەوە ئەکرا ئەمەریکا لێی ئەدات هەندێک کەس خێزانەکانیان بردەوە بۆ دەرەوەی شار وخۆیان گەرانەوە. "

باسی لەوەش کرد کۆماری ئیسلامی ئێستا دەیەوێت هەمو شتیک کۆنترۆڵ بکات تا دەنگی خەڵکی نەچێتە دەرەوە گوتی " دەیەوێت وەکو کۆریای باکووری لێبکات."

ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە و سەرکوتکردنە زۆرەکانی کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە ئێران بەڕێوەچوو ئەوە نیشان دەدات ئەو بێدەنگییەی ئێستا هەیە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە نەک سەقامگیری ڕاستەقینە. گوشارەکانی دەرەوەی ئێرانیش زیادی کردووە. دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بە توندی ڕەخنەی لە سەرکردەکانی ئێران گرت بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و وتی حکومەت شکستی هێناوە و هۆشداریشی داوە کە سەرکوتکردنی زیاتر لێکەوتەی دەبێت.


XS
SM
MD
LG