Accessibility links

باڵیۆزی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا: هەرگیز ئیسرائیل لەسەر هێرشی سوریا دژی کود ڕازینەبووە

باڵیۆزی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا و ئەندامی بەشدار لە ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و سوریا لە پاریس ڕەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی بە هێرشی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر کورد ڕازی بووبێت و دەڵێت "هەر بانگەشەیەک بکرێت کە گوایە ئێمە بەوە قایلبووین، ناڕاستە."

یەخیال لایتەر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "با زۆر بە ڕوونی ئەوە بڵێم: من خۆم لە تەواوی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە پاریس ئامادەبووم، ئیسرائیل هەرگیز بە هێرشی سوپای سوریا بۆ سەر کوردەکانی سوریا قایل نەبوو. هەر بانگەشەیەک بکرێت کە گوایە ئێمە بەوە قایلبووین، ناڕاستە."

ئەم ڕاگەیاندنەی باڵیۆزی ئیسرائیل پاش ئەوە دێت کە هەندێک میدیا وەهایان بڵاوکردووەتەوە گەوایە ئیسرائیل ڕازیبووە حکومەتی سوریا هێرش بکاتە سەر کورد، ئەمەش لە کاتێکدا ئیسرائیل هیچ سنوورێکی بە ناوچە کوردییەکانەوە نییە.

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا یەخیال لایتەر سەرۆکایەتی شاندەکەی ئیسرائیلی کردووە بۆ کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە سوریا. شاندی سوریا لە کۆبوونەوەکە پێکهاتبوون لە وەزیری دەرەوە ئەسعەد شەیبانی و بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری حسێن سەلامە.

کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل و سوریا لە بەرواری 6-1-2026 ئەنجامدرا و ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حکومەتی ڕاگوزەری سوریای بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لێکەوتەوە.

ڕاگەیەندراوێکی سێ قۆڵی کە دوای ڕێککەوتنەکە بڵاوکرایەوە، دەڵێت سوریا و ئیسرائیل ڕژدن لەسەر "هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ" لە پەیوەندی نێوانیان.

دەشڵێت، "هەردوولا بڕیاریان دا بە دامەزراندنی میکانیزمێکی هاوبەشی تێکەڵکێش - خانەیەکی تایبەتی پەیوەندیکردن- بۆ ئاسانکاری لە هەماهەنگی دەستبەجێ و بەردەوامی گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری، کەمکردنەوەی گرژی سەربازی، پەیوەندی دیپلۆماسی و دابینکردنی دەرفەتە بازرگانییەکانی نێوانیان لەژێر چاودێری ئەمەریکادا."

XS
SM
MD
LG