Accessibility links

پەیوەندی سەرەکی ئەمەریکا لەگەڵ کوردی سوریا بۆ ڕووخاندنی داعش بوو نەک دامەزراندنی هەرێمێک

بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا دەڵێن ئامانجی سەرەکی کارکردنیان لەگەڵ هەسەدە بۆ لەناوبردنی داعش هەتا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە و پێشتر بەڵێنی دامەزراندن و پاراستنی هەرێمی کوردییان لە سوریا نەداوە.

بەرپرسانی باڵا دەڵێن ئەمەریکا هیچ بەرژەوەندییەکی نییە بۆ مانەوەی درێژخایەن لە سوریا. لەبری پشتگیریکردن لە جوداخوازی و فیدڕالیزم، ئەمەریکا دەیەوێت مافەکانی کورد لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتەوایی و یەکێتی نیشتمانی سوریا دابینبکرێن.

"لە ڕووی مێژووییەوە، بوونی سەربازی ئەمەریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە پلەی یەکەم وەک هاوبەشییەکی دژە داعش ڕەوا بوو. هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کورد سەلماندیان کاریگەرترین هاوبەش بوون لە گۆڕەپاندا بۆ شکستپێهێنانی خەلافەتی داعش تا ساڵی 2019 ...ئامانجی بنەڕەتی هەسەدە وەک هێزی سەرەکی دژە داعش لەسەر زەوی هەتا ڕادەیەکی زۆر بەسەرچووە،" ئەمە لێدوانی تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیایە کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە.

نێردەی تایبەتی سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند ئێستا پێشوەچوونە مەیدانییەکان لە ناوچەکە گۆڕاون، بەو پێیەی حکومەتی نوێی سوریا ئامادەی هاوکارییە دژ بە داعش و بووەتە ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەو گرووپە. هەروەها، "ئەمەریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی سەربازی درێژخایەن نییە. شکستپێهێنانی پاشماوەکانی داعش و پشتگیریکردن لە ئاشتەوایی و پێشخستنی یەکێتی نیشتمانی بەبێ پشتگیریکردن لە جیابوونەوە یان فیدراڵیزم لە پێشینەی کارەکانیدایە."

سەرەڕای ئەم گۆڕانکارییە، تۆم باراک جەختی کردەوە لە بەردەوامی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ چەسپاندنی مافی کلتوری و زمانی کورد لە دەستوری نوێی سوریا.

جەنەڕاڵ کینێس مەکێنزی جونیەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات. وێنەکە 11-4-2019 گیراوە.
جەنەڕاڵ کینێس مەکێنزی جونیەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات. وێنەکە 11-4-2019 گیراوە.

نێردەی سەرۆک ترامپ ئەوەی ڕوونکردووەتەوە کە پشتگیریکردن لە جوداخوازی درێژخایەن دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و سەرهەڵدانەوەی داعش. بۆیە، ئەم پرۆسەیە نوێیە کە بە پاڵپشتی دیپلۆماسی ئەمەریکا دەستیپێکردووە، "بەرجەستەی بەهێزترین هەل دەکات کە هەتا ئێستا بۆ کورد ڕەخسابێت بۆ ئەوەی ماف و ئاسایشی هەمیشەیی خۆی لە چوارچێوەی دەوڵەت- نەتەوەیی سوریای دانپێدانراودا دەستەبەربکات."

چاودێران دەڵێن ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا نوێ نییە، بەو پێیەی بڕیاربەدەستانی ئەمەریکا لە ڕابردوودا بە ئاشکرا ئامانجی پەیوەندی نێوانیان بە سەرکردەکانی کورد ڕاگەیاندووە.

عەبدوڵا ساڵح، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پیشووی عێراق، لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئێمە پێشتر هەرگیز بەرگوێمان نەکەوتووە کە ئەمەریکا بەڵێنی بە کورد دابێت سەبارەت بە ئایندەی سیاسی لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵکو ئەو پەیوەندییە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا بووە دژ بە داعش."

عەبدوڵا ساڵح جەختی لەوە کردەوە دەبێت کورد لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە کاربکات و وتی، "دەبێت ئێمە وەک کورد هێزەکانمان یەکگرتوو بن و خۆمان بپارێزین و نەکەوینە ژێر کاریگەری هیچ لایەنێکەوە."

ڕاشیگەیاند، "باوەڕناکەم گۆڕانکاری زیاتر ڕووبدات، بەڵکو هێزەکانی کوردی ڕۆژئاوا دەگەڕێنەوە سنوورە جوگرافییەکەی هەرێمی خۆیان و لەوێ ئیدارە دەکەن و سەرنج دەخەنە سەر مافە نەتەوەییەکانیان و درێژە دەدەن بە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا."

دیمەنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی چاودێری نێوان هێزەکانی هەسەدە و ئەمەریکا بەرواری 3-12-2022.
دیمەنی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی چاودێری نێوان هێزەکانی هەسەدە و ئەمەریکا بەرواری 3-12-2022.

پێشتر بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا چەندین جار بە ڕوونی ئەم هەڵوێستەیان ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی 7-11-2016، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە خواستی ئەمەریکا بۆ دامەزراندی هەرێم لە باکوری سوریا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مارک تۆنەر ڕایگەیاند، "ئێمە نامانەوێت هیچ جۆرە فیدراڵیزمێکی تایبەت یان سیستەمێکی فیدراڵی سەرهەڵبدات. ئێمە نامانەوێت ناوچەی نیمچە سەربەخۆ ببینین. بەڵام واقیعەکە ئەوەیە، لەگەڵ ڕزگارکردنی خاک لە دەستی داعش، پێویستە جۆرێک لە حوکمڕانی بگەڕێنینەوە ناو ئەم ناوچانە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئێمە پشتگیری لە دامەزراندنی ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆی تایبەت لە باکووری سوریا ناکەین. لە کۆتاییدا دەمانەوێت سوریایەکی خاوەن سەروەری و سەرتاپا ببینین."

هەروەها ڕۆژی 28-3-2017، ستیڤن تاونسێند، فەرماندەی گشتی هێزی ئەرکی هاوبەشی یەکگرتووی ئەمەریکا دژ بە داعش، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا لە بەغدا دەربارەی پرۆسەی تێکشکاندنی داعش لە ڕەققە، ڕایگەیاند، "ئەوە ئەرکی من نییە کە فیدراڵی کوردی یان دەوڵەتی فیدراڵی دروست بکەم. ئێمە ڕەقە بۆ هیچ لایەنێک ڕزگار ناکەین. وە لە ڕاستیدا ئەوەی ئێمە لە هێزەکانی هەسەدە دەیبینین ئەوەیە کە هەرچەندە ڕەنگە هەتا ڕادەیەکی زۆر بە سەرکردایەتی کورد بن، بەڵام زیاتر لە نیوەی غەیرە کوردن؛ زۆربەیان عەرەبن وهەندێک تورکمان لەگەڵ هەندێک لە خەڵکی تر."

XS
SM
MD
LG