وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە هەژماری فارسی زمانی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاو کردوەتەوە و هۆشداری داوە لە چڕبوونەوەی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کەڵک وەرگرتنی ئەو وڵاتە لە هێزە تیرۆریستیە بە وەکالەتەکانی. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە خەڵکی ئێران یەکگرتوون و خوازیاری گۆڕانکارین.
هاوکاتی فراوانبوونی بەرچاوی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە کە "ئەمەریکا نیگەرانە لەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆریستانی حزبوڵا و میلیشیا عێراقییەکانی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەکان بەکارهێناوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی "ملیاران دۆلاری خەڵکی ئێرانی بۆ گرووپە بەوەکالەتە تیرۆریستەکانی خەرج کردووە" و هۆشداری دەدات کە "بەکارهێنانی ئەو هێزانە لە دژی هاووڵاتیانی خۆی دەبێتە خیانەتێکی قووڵی دیکە دژی خەڵکی ئێران.
لە کاردانەوە بەرامبەر بە لێدوانەکانی خامنەیی و پشتیوانی ئەمەریکا لە خۆپیشاندەران لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامانەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بە لێدوانەکانی عەلی خامنەیی سەبارەت بە خۆپیشاندەران کردووە و نووسیویەتی "خامنەیی بانگەشەی ئەوە دەکات کە خۆپیشاندەران "باڵاخانەیەکی سەر بە وڵاتی خۆیان تێکشکاندووە بۆ ئەوەی دڵی سەرۆکی ئەمەریکا خۆش بکەن."
دەشڵێت "ڕەنگە ئەوەی بەڕاستی خامنەیی تووڕە کردووە ئەوەیە کە خەڵکی ئێران درکیان بە 47 ساڵ درۆ و شکستی تەواوەتی ئەم ڕێژیمە کردووە و 47هەمین سەرۆک کۆماری ئەمەریکاش ئێستا لەپشتیانە و پشتگیریان دەکات."
خولی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران جارێکی دیکە لە 28ی مانگی 12وە لە تارانەوە دەستیپێکردوەتەوە و لە سەرانسەری وڵاتدا تەشەنەی کردووە، ئەمەش بەهۆی توڕەیی گشتیی خەڵک لەسەر خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی ڕژێمی ئێران کە بووەتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی ئابووری و دابەزینی پێوانەیی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار.
ئەمەریکا هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی گرووپە تیرۆریستیەکان بۆ سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران