لە کاتێکدا گەورەترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دژ بە فەرمانڕەوا ئیسلامییەکانی ئێران لە ڕۆژی هەینی پێی نایە سیازدەهەمین ڕۆژییەوە، ئەو ڕژێمە 46 ساڵییە نزیکەی تەواوەتی ئینتەرنێتی وڵاتەکەی بڕیوە و سەرۆک دۆناڵد ترامپیش ڕایگەیاندووە "ڕەنگە" ئێران لە لێواری ڕووخاندا بێت."
بەپێی ئامارەکانی گرووپی جیهانی چاودێری ئینتەرنێتی نێتبلۆکس (Netblocks) کە بنکەکەی لە لەندەنە، نزیکەی تەواوی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەدا لە ئێوارەی پێنجشەممەوە بڕاوە یان بلۆککراوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بە کاتی ناوخۆی ئێران لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکرایەوە، نێتبلۆکس ڕایگەیاند "ئێران ئێستا ماوەی 12 کاتژمێرە لە سەرهێڵ نییە و پەیوەندییە نیشتمانییەکان لە سەدا 1ی ئاستی ئاساییدایە پاش ئەوەی دەسەڵاتداران لە هەوڵێکدا بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان لە هەمان کاتدا پەردەپۆشکردنی دڕندەیی ڕژێم، بلۆککردنی ئینتەرنێتی نیشتمانییان سەپاند."
لە چاوپێکەوتنێکی پێنجشەممەدا لەگەڵ تۆڕی تەلەفزیۆنی ئەمەریکی فۆکس نیوز، کاتێک پرسیار لە سەرۆک دۆناڵد ترامپ کرا کە ئایا پێی وایە کۆماری ئیسلامی لە لێواری ڕووخاندا بێت، سەرۆک گوتی "دەکرێت وا بێت. مەبەستم ئەوەیە، پێشتر کردوویانە، دەستیان کردووە بە تەقەکردن لەناکاو لە کەسانێک کە هیچ چەکدار نەبوون لەوێ وەستاون و بە دۆشکە تەقەیان لێکراوە، بردوونیانن بۆ دواتر لە سێدارە دراون و کوژراون. ئەم هەڵسوکەوتەی کۆماری ئیسلامی زۆر توندوتیژانەیە."
سەرۆک ترامپ وتیشی "من ڕامگەیاندووە ئەگەر ئەوان وا بکەن، ئێمە زۆر بە توندی لێیان دەدەین. زۆر بە توندی. ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەین. ئەگەر بێتو ئەوان ئەو کارە بکەن، ئێمە لێیان دەدەین."
ئەکاونتی ئێکسی فارسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکدا سەبارەت بە 12هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان ڕایگەیاند " ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لانیکەم 38 کەسی کوشتووە و زیاتر لە 2200 کەسیشی دەستبەسەر کردووە، هەروەها تەقەش لە خۆپیشاندەران دەکات. بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ڕاگرتنی خەڵكی ئێران. خۆپیشاندانەکان 111 شاری گرتووەتەوە. دەنگەکان کە داوای گۆڕانکاری دەکەن لە تەواوی وڵاتەکەدا دەنگدەداتەوە و ئامادە نین کپ بکرێن."
ناڕەزایەتییەکان لە 28ی مانگی 12 لە تارانەوە دەستیپێکرد و لە سەرانسەری وڵاتدا تەشەنەی کرد بەهۆی توڕەیی گشتیی خەڵک لەسەر خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵیی ڕژێمی ئێران کە بووەتە هۆی خراپتربوونی قەیرانی ئابووری و دابەزینی پێوانەیی بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار.