Accessibility links

لە درێژەی سەرکوتکردنی چالاکوانانی کورد لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە، 4 ژنی چالاکوان دەستبەسەر دەکرێن


لەیلا پاشایی، باران ساعیدی، سۆهەیلا مەتاعی و سۆما محەمەد ڕەزایی لە ڕۆژی جیهانی ژنان دەستگیرکراون.
لەیلا پاشایی، باران ساعیدی، سۆهەیلا مەتاعی و سۆما محەمەد ڕەزایی لە ڕۆژی جیهانی ژنان دەستگیرکراون.

هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەدوای ڕۆژی جیهانی ژنان چوار ژنە چالاکوانی کوردیان دەستبەسەر کردووە کە دەگوترێ پەیوەندییان بە بۆنە و ئاهەنگەکانی ڕۆژی 8ی مارسەوە هەیە کە لە شاری سنە بەڕێوەچووە.

ڕێکخراوی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنەکان، ناوی ئەو چوار ژنە چالاکوانەی بڵاو کردووەتەوە کە برتین لە لەیلا پاشایی، سۆهەیلا مەتاعی، سۆما محەمەد ڕەزایی و باران ساعدی.

سەردار پاشایی، برای لەیلا پاشایی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند "هێزەکانی ئاسایشی شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خۆشککەی و دەستبەسەریان کردووە."

وتیشی ئەو هێزانە خۆشکەکەیان تۆمەتبار کردووە کە دژی ئاسایشی نیشتمانی هەڵسوکەوتی کردووە، چونکە لە ڕۆژی جیهانی ژناندا دژی حیجابی زۆرەملێ و سزای لەسێدارەدانی ژنانی زیندانیکراو هاتوەتە دەنگ و ناڕەزایەتیی بەرامبەر بەو پرسانە دەربڕیوە.

زۆرێک لە چاودێرانی دۆخی نێوخۆی ئێران پێیان وایە ڕووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ئەو کچە کوردەی لەماوەی دەستبەسەربوونیدا لەلایەن هێزەکانی ئاکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا، پرسی ژنانی لە ئێران گەیاندوەتە ئاستێک کە گەڕانەوەی بۆ نییە.

سەردار پاشایی کە خۆی چالاکوانێکی دیاری کوردی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە و دوای ڕووداوی گیانلەدەستدانی ژینا و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەو وڵاتە، هەوڵیداوە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆلای پێشێلکارییە مرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕاکێشێت، هۆکاری دەستبەسەرکردنی لەیلای خۆشکی و ژنانی دیکەی کورد دەگەڕێنیتەوە بۆ هەوڵەکانی حکومەت بۆ سەرکوتکردنی ئەو بوێرییەی ژنانی کورد بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی دەینوێنن.

پاشایی وتیشی "بەو پێیەی کە زۆری نەماوە بۆ بۆنە و ئاهەنگەکانی نەورۆز کە تێیاندا هەمیشە ناڕەزایەتی و گردبوونەوە دژە حکومەت پێکدەهێنرێن و ڕێکدەخرێن، حکومەت بە مەبەستی ڕێگریکردن لەسەرهەڵدانی هەرچەشنە گردبوونەوەیەک، دەستی داوەتە دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی کورد، بەتایبەت ژنان کە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا، ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە."

ناڕەزایەتییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا کە زۆرێک بە 'ڕاپەڕینی ژینا' ناوی دەبەن، بە گوتەی چاودێرانی سیاسی، یەکەم ڕاپەڕینی سیاسی ئێران بووە کە پرسی ژن تێیدا تەوەری سەرەکی بووە و بە پشتبەستن بە مافی ژنان داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتیش کراوە.

ئەوان دەڵێن پرسی ژن بوو بە خاڵی کۆکەرەوەی هەموو چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگەی ئێران بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە داوای مافی خۆیان بکەن و لەو نێوەشدا بەتایبەت ژنانی کورد ڕۆڵی سەرەکیان بینیوە، هەر بۆیەش حکومەت هەموو هەوڵێکی خستوەتەگڕ بۆ سەرکوت و کونتڕۆڵکردنی چالاکوانانی کورد.

دەستگیرکردنی ژنانی کوردی چالاکوانیش لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا بە وتەی چالاکوانان و خێزانەکانیان هەر لەو چوارچێوەی سەرکوتکردنەدا بەڕێوەچووە.

بەپێی ئامار و ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لەهەشتی مارسی ساڵی ڕابردووەوە تاکو 8ی مارسی 2025، لانیکەم 82 حاڵەتی سەرکوتی سیستماتیکی و ڕێکخراو لە دژی ژنانی کورد بە شێوەی جواراوجۆر لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕوویداوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی کوردپا، لەو ژمارەیەش دەیان کەسیان سزای لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنراوە.

XS
SM
MD
LG