Accessibility links

نوێنەرایەتی خۆسەر: ڕێککەوتنەکەی سوریا سەرکەوتنە بۆ میللەتەکەمان لە چوارپارچەی کوردستان نەک تەنها لە ڕۆژئاوا


هاوکاتی نیگەرانییەکانی بەشێک لە کورد و دوو دیدگایی لە نێوان نوخبەی سیاسی کورد لەسەر ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعدا، نوێنەرایەتی خۆسەر دەڵێت، ئەمە نەک پاشەکشە نییە، بەڵكو سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هەموو کورد لە پارچە جیاوازەکان و ڕێککەوتنەکە بە واتای چەسپاندی مافە نەتەوەییەکان دێت لە دەستوردا کە یەکەم جارە لە مێژوودا کورد بگاتە ئەو ئاستە بەهێزە.

فەتحوڵا حسێنی، نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم ڕێککەوتنە بۆ کورد زۆر گرنگە و مافی نەتەوەیی لە دەستوردا دەچەسپێت؛ پاشەکشە نییە، بەڵکو سەرکەوتنێکی گەورەیە کە یەکەمجارە کورد لە قصر الشعبی سەرۆکایەتی واژۆی ڕێککەوتنێک بکات، وە ئێمە وەک کورد بەشێکی سەرەکی دەبین لە بڕیاری سیاسی و سەربازی لە سوریا لە داهاتوو، دەتوانین مافی خۆمان لە دەستوری سوریا بچەسپێنین، سەرکەوتنەکە تەنها بۆ کورد نییە لە ڕۆژئاوا، سەرکەوتنە بۆ میللەتەکەمان لە چوارپارچەی کوردستان."

نوێنەرەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماژەشی بەوەدا،" یەکەم دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕی ناوخۆ، دووەم نەهێشتنی دەست و هەژموونی وڵاتانی تر بە تایبەت تورکیا لە سوریادا، سێیەم ڕاگەیاندنی ئاگر بەست لە هەموو سوریا کە لە ڕۆژئاوا پێشتر نەبوو، بۆیە تورکیا بە ئارەزووی خۆی ڕۆژانە هێرشی دەکردە سەر هەرێمە کوردیەکان."

بەڕای نوێنەرەکەی خۆسەر دەسەڵاتەکەی شەرع چیتر ناتوانێت کورد لە سوریا نادیدە بگرێت و لە دوای ڕێککەوتنەکەشەوە کورد دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە نەخشەڕێی سیاسی لەو وڵاتە و دەڵێت،" خاڵی هەرە گرنگ لەو رێککەوتنە ئەوەیە کە بەسەرپەرشتی ئەمەریکا کراوە، نەک وڵاتێکی هەرێمی ئەمەش بۆ کورد زۆر گرنگە."

دوێنێ دووشەممە 10ی مانگی سێ، حکومەتی کاتیی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرکردایەتی مەزڵوم عەبدی گەیشتنە ڕێککەوتنێک، لە بڵاوکراوەیەکی 8 خاڵیدا ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوانیشیان ڕاگەیاند.

ئەگەر چی ڕێککەوتنەکە بە هەنگاوێکی بەرچاو بەرە و ئاشتەوایی و سەقامگیری نیشتمانی لێی دەڕوانرێت، ئەمەریکاش یەکەم وڵات بوو پێشوازی لە هەنگاوەکە کرد، بەڵام ڕای گشتی کوردی دوو پارچە کردووە.

دکتۆر سەردار عەزیز سیاسەتمەدار، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ڕووداوێکی بێ وێنەیە لە مێژووی سوریا وە پێشتر بە هیچ شێویەک نەک یەکەیەکی سیاسی نەبووە، بەڵکو دانی پیا نەدەنرا وەکو هاوڵاتی."

وتیشی،" دەستەکەوتەکانی ئەوەیە کە دان بە کوردا دەنرێ وە هێزەکەی قبوڵ دەکرێت و فشاریشی لەسەر کەم دەبێتەوە، لە ئێستادا دەبێت بیربکەینەوە ئایە هێرشەکانی سوپای نیشتیمانی سوریا و حەمشەو حەمزە دەوەستێت؟ ئایە ئاوارەکان دەگەرێنەوە؟ ئەم نۆمانگە با بزانین چۆن پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت؟ سەرباری ئەمانە کورد بەهێز گەشتۆتە ئەم ئاستە واتە گەمەیەکە هێز تیایدا ڕۆڵی هەبووە، بەڵام هێشتا هەموو ئەگەرێک لەبەردەم پرۆسەکەدایە."

وێڕای گرنگی ڕێککەوتنەکە بۆ کورد و دان نان بە مافەکانیدا بە گوێرەی ڕیککەوتنەکە، بەڵام سەردار عەزیز ڕای وایە، ‌هێشتا دەبێت کورد بە ئاگا بێت بەو پێیەی سەرۆکی کاتی سوریا خاوەن پێشینەیەکی باش نییە و دەڵێت،" بۆ ئەوەی شەرع بناسین دەبێت سەیری قۆناغی ئیدلب بکەین کە لەوێ حوکمی کردووە، ڕوونە جێگەی متمانە نییە، ئەم ڕێککەوتنە وەک چۆن ڕووداوەکان بەرهەمی هێناوە ئەگەری هەیە ڕووداوەکانی دوای ڕێککەوتنەکەش کاریگەری هەبێت و ئەگەری گۆڕانی هەیە."

لە خاڵی دووەمی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان عەبدی و شەرعدا بڵاو کراوەتەوە، کورد وەک پێکهاتە ئاماژەی پێدراوە و ئەمەش نیگەرانی و ناڕوونی لە دیدی بەشێک لە چاودێران دروستکردووە.

هانا چۆمانی یەکێک لە چالاکوانانی کوردە و لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیس بووک ڕەخننەی توند لە ڕێککەوتنەکە دەگرێت و بە "کارەسات" ناوی دەبات.

هانا چۆمانی دەڵێت،" پاشناوی سەرۆک کۆماری سوریای عەرەبی بۆ ئەحمەد شەرع کارەساتە و سوریای دیموکرات لە کوێ و سوریای عەرەبی لەکوێ؟ سوریای عەرەبی" واتا "کورد و سریانی و کلدانی دروزەکان" "لۆمارێ" سوریایەکی نسیۆنالیستی بێ فیدراڵی ، کوردیان بە براش نەناساندوە واتا "برایەتی گەلانیش" سودی نەبوو."

ئەو ئاماژە بەوەش دەکات،" ئینجا لە رێککەوتنەکە، کورد وەک نەتەوە ناوی نەهاتووە، بەڵکو وەک "پێکهاتە و کۆمەڵگە" ناوی هاتووە، واتا نەنوسراوە "شعب کوردی" نوسراوە "مجتمع کوردی."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:28 0:00


XS
SM
MD
LG