لە ڕۆژئاوای سوریا و لە چەند ناوچەیەکی تری ئەو وڵاتەدا شەڕی خوێناوی لە نێوان هێزەکانی حکومەتی کاتیی و هێزە چەکدارە عەلەوییەکاندا ڕوویانداوە.
ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت دەیان کەس لە هەردوولا کوژراون و بریندارن و دەیان هاووڵاتی سیڤیلیش لەئاکامی شەڕەکان کوژراون و بریندارن.
تورکیا، کۆماری ئیسلامی ئێران گوناهبار دەکات بەوەی دەستی هەیە لەو ڕووداوانەدا و تارانیش بەهەمان شێوە دەڵێت سیاسەتە هەڵەکانی ئانکەرەیە، ڕەوشی سوریای بەم ڕۆژە گەیاندووە.
دکتۆر جەعفەر عەلی، نوسەر و شیکەرەوەی سیاسی لەوبڕوایەدایە کۆمارت ئیسلامی ئێران هەروا بە ئاسانی سوریا جێناهێڵێت و دەڵێت "ئێران نایەوێت بە ئاسانی لە کۆی یارییەکانی ناو سوریا بچێتە دەرەوە و دەزانێت ئێستا هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا گۆڕاوە. ئێران نایەوێت بە دەستبەتاڵی لە سوریادا بڕواتە دەرێ و بەڵام تا کۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە جێگیر دەبن، ئەوجا ئێران بە دیفاکتۆی ناوچەکە قایل دەبێت. ئەوەی ئێران دەیکات لە ڕێی جوڵاندنی پاشماوەی هێزەکانی ڕژێمی پێشوو و وروژاندنی هەستی تایفەگەرایی و عەلەوییەکانەوە، هێندەی بۆ بکرێت دەیەوێت لەڕێی حزبوڵای لوبنان و حەماس و حەشدی شەعبی عێراقەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەلەوییەکاندا بەهێز بکاتەوە."
دکتۆر جەعفەر، ئەو هەوڵەی ئێران بە هەوڵێکی لاواز ناودێر دەکات و دەڵێت "ئێران زۆر باش دەزانێت لە سوریای ئەحمەد شەرعدا، نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژییەوە و نە لە ڕووی ستراتیژ و هاوسەنگیی هێزیش لە ناوچەکەدا، ناچێتەوە خزمەتی تاران."
دکتۆر فارس ئەلخەتاب، پسپۆڕی سیاسی، هاوڕایە و جەخت دەکاتەوە لەوەی شەڕەکانی لازقییە و شار و شارۆچکەکانی تریش، دەشێت ببنە وێستگەیەک بۆ ناسەقامگیریی ئاسایشی لە سوریادا و دەڵێت " ئەوەی ڕوودەدات هەوڵێکی ئێرانە بۆ گێڕانەوەی هەژموونی خۆی لەڕێی پاشماوەکانی لەشکری پێشووی سوریا و ئەو چەکدارانەی لەژێر سەرکردایەتی ئەو لەشکرەدا بوون. ئەوەی ڕوودەدات پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە، لێرەشدا لازقییە هەڵبژێردراوە چونکە جێی سەنگیی ئێرانییەکانە هەتا هەژموونی خۆی بگێڕێتەوە لەو وڵاتەدا دوابەدوای هەموو ئەو شکستە سیاسی و لەشکریانەی بەسەریدا هاتووە لە ناوچەکەدا بە گشتی و لە سوریاشدا بە تایبەتی."
دکتۆر ئەلخەتاب، هۆکارێکی تریش باس دەکات لەم ڕووداوانەی سوریادا و دەیگەڕێنێتەوە بۆ کەم ئەزمونیی ڕێبەایەتی نوێ لە وڵاتەکەدا و دەڵێت "ئەو هێزانە وەک چۆن لە مانگی دوازدەی ڕابردوودا چوونە ناو دیمەشقەوە، هەر ئاوەها ماونەتەوە و نەیانتوانیوە لە ئەقڵیەتی میلیشیایی خۆیان دەربچن و هەر بە هەمان ئەقڵیەتیشەوە ڕەفتار دەکەن، تەنانەت نەیانتوانیوە خۆیان لە یەک هێز و لە یەک سەرکردایەتیشدا کۆبکەنەوە، ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە و باجی خۆی دەبێت."
لەدوای ساڵی 2003 و ڕوخانی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین لە عێراق، خوێنێکی زۆر ڕژا لەنێوان شیعە و سوننەکاندا.
دکتۆر جەعفەر دەڵێت لەوبڕوایەدا نییە ئەوەی لە لازقییە و شوێنەکانی تری سوریادا لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوودا ڕوویانداوە، دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو ئەزمونەی عێراق بێت و دەڵێت "ناتوانین بڵێین دووبارەبوونەوەی هەمان فۆرمی ململانێی عێراقە، بەڵام هەڵگری هەندێک لە وێنە و هێماکانی ئەو ڕووداوانەیە لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە هاتنە ئاراوە؛ هەر وەک چۆن لە عێراق دوای ڕوخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆر کێشە و گرفت و ململانێی قوڵ دروست بوو و سوننە ئاینزاکان بە ئاسانی نەچوونە ژێر دەسەڵاتی شیعە ئاینزاکانەوە؛ ئێستا عەلەوییەکانیش دەزانن ڕووبەڕووی گرفتێکی قورس بوونەتەوە و مەترسییەکەیان هەر ئەوەندە نییە لە دەسەڵات کراونەتە دەرەوە بەڵکو مەترسییان لەسەر ژیانی خۆیان هەیە، چونکە هێزێکی سوننەی توندڕەو کە لەناو هێزێکی توندڕەوی پەڕگیرەوە هاتووە و پێشتر ئەو هێزە لەناو قاعیدە و داعشدا ئیشی کردووە، ئێستا فەرمانڕەوایە لە سوریادا؛ کۆی ئەو دیمەنانەی ئەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوو بڵاوبوونەتەوە وەک کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵک و پەلاماردانی کوێرانەی خەڵک و دەستبردن بۆ هەموو حەرامەکان؛ هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن عەلەوییەکان ناتوانن دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع یان دەسەڵاتی سوننە لە دیمەشق قەبوڵ بکەن."
سوریا لە نێوان تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بووەتە مەیدانێکی ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە کە بە جەمسەرەکانی سوننەگەرایی و شیعەگەرایی ناودێر دەکرێن.
دکتۆر ئەلخەتاب دەڵێت "لەوبڕوایەدام ئاستی ململانێی ئانکەرە و تاران نەگەیشتۆتە ئاستی بوون و ئامادەیی لەشکریانە، هێندەی ئەوەی ململانێیە لەسەر ناوچەی هەژموون لە نێوانیاندا؛ لەبیریشمان نەچێت ئیسرائیل هەرگیز پێی باش نییە سنورەکەی لەگەڵ تورکیادا بێت (وەک ئاماژەیەک بەوەی تورکیا لە سوریادایە) تەنانەت ئەو بۆردومان و هێرشە ئاسمانیانەی ئیسرائیل دەیانکات، هێندەی ئەوەی مەبەستەکە تورکیایە، هێندە مەبەست لە لێدانی ئەو شوێن و پێگانەی ناو سوریا نییە و ئامانجەکەش ڕێگەگرتنە لەوەی تورکیا کۆنترۆڵی سوریا بکات وەک ناوچەی هەژموون و قوڵایی ستراتیژیی بۆ خۆی بەپێی ئەو پشتێنە ئاسایشییەی تورکیا خۆی ئامادەی کردووە."
"داهاتوویەکی مەترسیدار چاوەڕوانی سوریایە" وەک دکتۆر فارس ئەلخەتاب دەڵێت "تورکیا دەستبەرداری سوریا نابێت پاش ئەو هەژموونەی سەپاندویەتی و نە بۆ ئیسرائیل و نە بۆ ئێرانیشی جێدەهێڵێت و لەمڕۆش بەدواوە پشتیوان دەبێت بۆ کردە لەشکرییەکانی حکومەتی کاتیی سوریا، لەوانە پێدانی زانیارییە هەواڵگرییەکان و چاودێریی ئاسمانی و پێدانی چەکی جۆراوجۆر، ئەمەش ڕووبەری کردە لەشکرییەکانی ئێستا فراوانتر دەکات و تورکیا لە دیمەنەکانی داهاتووی سوریادا ئامادەییەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرایانەیشی دەبێت و دەگاتە ئەندازەیەک سوریا دەخاتە ململانێیەکەوە کە ئیتر پرسیار بکرێت لەوەی، ئایا کێیە بە ڕەهایی فەرمانڕەوایەتی سوریا دەکات؟! بەلای منەوە ئەو هێزە تورکیا دەبێت ئەگەر بتوانێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لەناوبەرێت."
دکتۆر جەعفەر لەوبڕوایەدایە، ئەم دەسەڵاتەی سوریا، بەم ئایدیۆلۆژیایەی ئێستایەوە و بەم فۆرم و بەو پێشهاتانەوەی دوای ڕوخاندنی ئەسەد بینراون و لە کۆی ئەو لیژنانەشەوە کە پێکهێنراون وەک لیژنەی دیالۆگی نیشتمانی و لیژنەی داڕشتنی دەستور و هەروەهاش دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەت؛ هەموو ئەوانە زەنگێکی ترسناکن کە سوریای نوێ نابێتە سوریایەک بۆ هەمووان و دەڵێت "هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆی پێکهاتە و کۆی تایفە جیاوازەکان بۆ قایل بوون بە فەرمانڕەوایەتیی تاکڕەویی سوننە، هەوڵێکی ڕژدی دەسەڵات دەبێت لە دیمەشقدا و ئەمەش بێ ئەندازە ترسناکن بۆسەر پێکەوەژیان لە سوریادا، یانیش بۆ دەسەڵاتێک کە بتوانێت وێنەی کۆی پێکهاتەکان پیشان بدات، دیمەنەکانی سەروەختی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد دووبارە دەبنەوە بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو گروپێکی ئیتنیکی و تایفەیی."
دکتۆر جەعفەر دەڵێت "کێشەکانی سوریا بە ئاسانی کۆتاییان پێنایەت و لەبەردەم ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێی خوێناویی گەورەتردایە و بە دڵنیاییەوە وڵاتانی دەوروبەریشی وەک تورکیا کە لە ئێستادا هێزی ناردووە و هەمیش ئێران، ژێربەژێر دەستوەردەدات لە ڕووداوەکان و جموجۆڵەکانی حەشدی شەعبیش لە عێراقدا بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە ق هەوڵەکانی حزبوڵای لوبنان؛ هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن سوریا ئارام نابێت و ناشبێتە دەوڵەتی هەمووان و ئەگەرێکی زۆر لاوازیشە، سوریا لەو ناوچەیەدا ببێتە وڵاتێکی دیموکراتی و وڵاتێک بۆ کۆی پێکهاتە و کۆی تایفە ئاینی و ئاینزاییە جیاوازەکان."