کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرهەمهێنانی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر کردووە و وەک لە ڕاپۆرتی نوێی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیدا ئاماژەی پێکراوە، ئاستی پیتاندنەکەیش نزیک بووەتەوە لەوەی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکیی بەکاربهێنرێت، هاوکاتی هەروادێ و زیاتر بوونی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "ئێران 274.8 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی هەیە بە ڕێژەی لە سەدا 60؛ واتە 92.5 کیلۆگرام زیاتر لەوەی لە مانگی 11ی ڕابردوودا هەیبووە."
جاک ڕۆش، لێکۆڵەر لە نێوەندی یەکگرتوو دژ بە ئێرانی ناوکیی ئاماژە بەوە دەکات کە ڕاپۆرتەکەی دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمیی ئاگاهیدانە بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و دەڵێت "هەربۆیەشە پێویست بە هەنگاوی دەستبەجێی دەکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران لەوەی ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی و بەر لە هەموو شتێکیش لەسەر ئەنجومەنی ئاسایسی نەتەوە یەکگرتووەکانە سزای خێرا کارا بکات کە بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنساش لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا پێشنیازیان کردووە و وەک بەشیکیش لە دانوستاندن دایانناوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا."
جاک دەشڵێت "ئەگەر ئەو هەنگاوانەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سەریان نەگرت، ئەوا دەشێت کردەیەکی ڕاستەوخۆی لەشکریانەی ئیسرائیل دژ بە ئێران ببێتە هێزێکی پشتیوان بۆ سیاسەتی سەپاندنی بەرزترین ئاستی فشار بەسەر ئێراندا کە ئەمەریکا گرتوویەتیەبەر."
تەلئەڤیڤ زۆر جار هەڕەشەی لێدانی دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی کردووە و هەمیشەش جەختی کردۆتەوە لەوەی ئەو بەرنامە ناوکییە مشتومڕ لەسەرەی ئێران مایەی مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل و ناوچەکە و جیهانیش.
فاتیمە ئامان، شیکەرەوەی سیاسییە لە واشنتۆن و لە چاوی واشنتۆنی ئەم هەفتەیەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادا ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر هێرشیش بکرێت ئەوا سنوردار دەبێت، دەشڵێت " وەها چاوەڕوان ناکەم شەڕێکی گەورە ڕووبدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران و لەناوبردنی هەموو دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، چونکە ئەگەر ئاوەها شتێک ڕووبدات ئەوا لەوانەیە بەرەنجامی خراپی پێشبینی نەکراوی بە دوادا بێت."
فاتیمە دەڵێت "ئەگەر ئاوەها شەڕێک ڕووبدات ئەوا دەرفەت دەڕەخسێت کاراکتەرەکانی تر لە ناوچەکەدا بێنە ناوەوە و بە دووریش نازانریت کاراکتەری تریش لە دەرەوەی ناوچەکەش تێوەبگلێن؛ بەڵێ دەرفەت دەڕەخسێت بەرەنجامی نەخوازراوی بەدوادا بێت؛ هەرچۆنێک بێت ئەگەر شییانی ئاوەها شەڕێک هەبێت دەشێت شەڕێک بێت بۆ ئامانجی دیاریکراوی سنوردار."
ئەمەریکا، دەرگای دانوستاندنی لەگەڵ ئێراندا کڵۆم نەداوە و وەک شیکەرەوەش ئاماژەیان پێکردووە سەپاندنی سیاسەتی بەرزترین ئاستی فشار بەسەر ئێراندا دەشێت ڕژێمی تاران ناچار بکات کاتێک دەگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن بەوەی مەرجە نوێیەکان پەسەند بکات بەهۆی لێکەوتە ئابورییەکانی لە ئاکامی ئەو سزایانە دێنە ئاراوە.
جاک ڕۆش، لەوبڕوایەدایە پێناچێت وتووێژی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا بکرێت لە ڕوانگەی لێدوانەکانی کاربەدەستانی هەردوو حکومەتی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و دەڵێت " هەرچۆنێک بێت، ئەگەر ڕەوشەکە گۆڕانێکی بەسەردا هات، ئەوا بە دڵنیاییەوە دانوستاندنەکان فرە ڕەهەند دەبن و ڕەفتارەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەهاش بەرنامەی درۆن و موشەکیی ئێرانیش لەخۆ دەگرن. لەبیریشمان نەچێت ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 مۆرکرا لەگەڵ ئێراندا تا ئەندازەیەکی زۆر کاریگەریی نەماوە چونکە سکستی هێناوە لە سەودا کردن لەگەڵ ئەو بابەتانەدا و دەرفەتیشی داوە بە کۆماری ئیسلامی ئێران هێورکردنەوەی سزاکانی سەری بەکارهێناوە بۆ تۆکمەکردنی ڕەوشی لەشکریانەی خۆی و هەروەهاش لایەنە تێرۆریستییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران."
فاتیمە ئامان، بە دوری دەزانێت تەنانەت ئەگەر دانوستاندنیش بکرێت هیچ ئەنجامێکی هەبێت و دەڵێت " ئەگەر بابەتەکە لەسەر سنوردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بێت لە پەیوەندی بە بەرنامەی موشەکییەوە ئەوا لەوانەیە هەندێک لەبەردانەواندن ببینین؛ بەڵام ئەگەر بۆ لەناوبردنی هەموو دامەزراوە ناوکییەکان بێت وەک ئەوەی هەندێک لە واشنتۆنەوە داوای دەکەن، ئەوا بە گومانم لەوەی تەنانەت تیمی ئێران لە دانوستاندنەکاندا بگاتە هیچ ئەنجامێک."
پێشتر دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا کراوە، بەڵام وەک زۆرێک لە شیکەرەوە ئاماژەیان پێکردووە "ئێران دانوستاندنەکان بەکاردەهێنێت بۆ سوود وەرگرتن لە کات نەک بۆ گەیشتنە ئەنجامی یەکلاکەرەوە لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی."
سیناتۆر لیندسی گراهام، لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئێران و بەرنامە ناوکییەکەی و ئایا چی بکرێت؟ دەڵێت " چی بکرێت؟ لەسەر بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپە بە زوترین کات بڕیار بدات لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران. دوو ڕێگە هەن بگیرێنەبەر؛ ڕێگەی لەشکریی، یارمەتی ئیسرائیل بدەین هەتا گورزێکی بەهێزی یەکلاکەرەوە لە ژێرخانی ناوکیی ئێران بدات، من بۆخۆم ئەوەم پێباشە. ڕێگەی دووهەمیش ئەوەیە دانوستاندن بکرێت لەگەڵ ئێراندا هەتا دەستبەرداری خواستە ناوکییەکانی بێت، جا ئەگەر ئەو ڕێگەیە بەکارهێنرا، ئەوا دەبێت وادەی دیاریکراوی بۆ دابنرێت و بەپێی کات بێت."