Accessibility links

ئیسرائیلیەکی دیکە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران دەستگیر دەکرێت


پۆلیس و وتەبێژی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شینبێت) ڕۆژی پێنجشەممە27ی مانگی دوو لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند هاووڵاتییەکی دیکەی ئیسرائیلیان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، داواکارانی گشتی پلانیان هەیە دانیال کیتۆڤ، دانیشتووی شاری پێتا تیکڤا بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە بریکارێکی بیانی تۆمەتبار بکەن.

هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل مانگی ڕابردوو ئەو گەنجە تەمەن 26 ساڵەیان بە تۆمەتی کاری تێکدەرانە بە ڕێنمایی بریکارێکی حکومەتی ئێران دەستگیر کرد. پۆلیس دەڵێت کیتۆڤ لە بەرامبەر پارەدا ئەو کارە تێکدەرانەی ئەنجامداوە.

هەروەها ئەو بریکارە ئێرانییە داوای لە کیتۆڤ کردوە کە وێنەی بنکە سەربازییەکان و ماڵی ڕۆنێن بار سەرۆکی ڕێکخراوی شینبێت بگرێت، بەڵام ئەو پابەند نەبووە بەو داواکارییە و لەبری ئەوە پێشنیاری کردووە وێنەی ماڵی بێنی گاتز، سیاسەتمەداری ئیسرائیلی بگرێت. بەڵام دواجار ئەوەشی نەکردووە.

پۆلیسی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت بریکارەکانی حکومەتی ئێران هەوڵەکانیان لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا زیادکردووە بۆ دامەزراندنی هاووڵاتیانی ئاسایی ئیسرائیل وەک سیخوڕ و بەڵێنی پارەی پێداون بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان.

بەپێی ڕاپۆرتەکە لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا تۆمەتبارەکان دەستیان بە ئەنجامدانی کاری بچوک کردوە بەڵام وردە وردە بەرەو تاوانی قورستری وەک کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و پیلانی تیرۆرکردن پەرەی سەندووە.

لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا پۆلیس نزیکەی 30 هاووڵاتی ئیسرائیلی دەستگیرکرد کە زۆربەیان جوو بوون کە بە تۆمەتی چالاکی سیخوڕی بۆ حکومەتی ئێران دەستگیر کراون.

XS
SM
MD
LG