Accessibility links

زیاتر لە 13 هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی كوردستان بە هۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە


لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 25 ملیۆن مەترچوارگۆشە زەوی بە مین چێنراوە و زۆرینەی سنورەكەش ناوچەی شاخاوی و سنوری عێراق- ئێرانە، بەو هۆیەوە هەتا ئێستا 915 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین هۆشداری دەدەن بە هاووڵاتیان.

دلێر محەمەد ئەمین بەرێوبەری گشتی بەرێوبەرایەتی كاروباری مین لە هەڵەبجە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 25 ملیۆن مەتر چوارگۆشە زەوی بە مین چێنراوە و زۆربەی ناوچەی شاخاویی سەختە و بەسەر ناوچەكانی بیارە وتەوێڵە و بەمۆ و شەمێران دابەش بووە.

دلێر محەمەد ئەمین گوتیشی، "مینەكان لە 432 كێڵگەن و تا ئێستا بەهۆ تەقینەوەی مینەوە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، 915 هاوڵاتی بە مین گیانیان لەدەستداوە و 86 هاوڵاتیش كەم ئەندام بوون."

بەهۆی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، لە نێوان ساڵانی، 1980 بۆ 1988 زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە مینڕێژکراون کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان.

هوشیار بیاوێڵەیی مین هەڵگرەوە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" چوار جۆر مین لە سنورەكانی عێراق- ئێران چێنراون بە پێی گۆڕانی وەرزەكان،بینیان ئەستەمە و لە ڕەنگی گیان، زۆربەشیان لە ئێران و ئێران هەندێكیانی هێناوەتە ناو خاكی عێراقەوە، ساڵانە و مانگانە كۆڵبەر بەوهۆكارە گیان لەدەست دەدەن."

هوشیار بیاوێڵەیی وتیشی،" ئەگەر لە سنوری عێراق – ئێران سەیری سنورەكە بكەیت، ئەوانەی دیوی ئێران بە نەخشە دانراون و ئەوانەی سنوری عێراق عیشواییە، لەم ساڵدا بەهۆی لافاوەوە دەیان مین لە شوێنەكانی خۆیان جوڵاون تەنها لەم وەرزەدا 270 مینم هەڵگرتووەتەوە، ئەو كۆڵبەرانەی كە تەقەیان لێ دەكرێت، لە تولە ڕێگاكان لادەدەن و دەستبەجێ پیایاندا دە تەقێتەوە گیان لەدەست دەدەن. "

پرۆسەی هەڵگرتنەوە و پووچەڵکردنەوەی مین بە هاوکاریی وڵاتە کۆمەکبەخش و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، بەپێی ئاماری دەزگای گشتیی کاروباری مین، لە هەرێمی کوردستاندا 60٪ـی پاشماوەی مین و تەقەمەنییەکان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی .

جەبار مستەفا سەرۆكی دەزگای گشتی كارو باری مین لە هەرێمی كوردستان لەمیانی كردنەوەی بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری مین لە هەڵەبجە ڕایگەیاند،" تا ئێستا كێڵگەكانی مین هەڕەشەن لەسەر هاوڵاتیان و زۆربەی ناوچە گەشتیاریەكانی سنوری هەڵەبجە دەوروبەریان لە سنور بە مین چێنراون، زۆرینەی زەویەكان وەك دیل گیراون، ئەوەش دەرئەنجامی پلانی داگیركەران بووە."

سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین وتیشی، " ئێمە لەسەردەمێك ئەنفالكراین و كیمیباران كراین و شۆڕشەكانمان لە خاك بران بێ دەسەڵات بووین، بەڵام پێویستە ئێستە بیسەلمێنین كە خزمەتی خەڵكی ناوچەكە بكەین و لەو چوار چێوەشدا بە رێوبەرایەتی گشتی كاروباری مین دەكەینەوە بۆ كەم كردنەوەی كاریگەریەكانی مین. "

بەگوێرەی ئاماری دەزگای مین، لە ساڵی 1992 تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 580 کەس بەهۆی مین بوونەتە قوربانی، لەوانە پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی هەشت هەزار کەسیش کەمئەندام بوون، 36 کارمەندی هەڵگرتنەوەی مین لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە و 65یشیان کەمئەندام بوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:10 0:00

XS
SM
MD
LG