Accessibility links

'دیالۆگی نیشتمانی سوریا' بە بێ کورد و کەمینەکانی دیکە بەڕێوەچوو


کۆنفرانسی "دیالۆگی نیشتمانی" بە ئامانجی یەکخستنی سوریا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە دیمەشق بە بێ ئامادەبوونی پارتە کوردییەکان و کەمینەکانی دیکە رۆژی سێشەممە، 25ی مانگی دوو بەڕێوەچوو. ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتی سوریا لە وتارەکەی ئەمڕۆی دەستبەکاربوونیدا وتی "سوریا دووبەرەکی قبوڵ ناکات و بەهێزبوونی وڵاتەکە لە یەکگرتوویی هەموو گروپەکاندادایە."

سەرۆکی کاتی سوریا ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی ڕایگەیاند وڵاتەکەی "دەرفەتێکی مێژوویی" بۆ ئاوەدانکردنەوە بۆ ڕەخساوە" و وتی "سوریا بە تەنها خۆی ڕزگار کرد و بۆیە گونجاوە کە خۆی بتوانێت خۆی بنیات بنێت."

ئەحمەد ئەلشەرع مانگی ڕابردوو لەلایەن فەرماندە سەربازییە چەکدارەکانەوە وەک سەرۆکی کاتی وڵاتەکە دەستنیشانکرا و دوای ئەوە بەڵێنیدا گفتوگۆیەکی نیشتمانی ئەنجامبدات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی وڵاتەکە.

ئەلشەرع لە کۆنفرانسەکەدا وتیشی "ئەوەی ئەمڕۆ هەمانە دەرفەتێکی ناوازە و مێژوویی و دەگمەنە، پێویستە هەموو ساتێکی لێ بقۆزینەوە بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان".

ئەلشەرع جەختی لەوە کردەوە کە سوریا دەبێت گروپە چەکدارە جیاوازەکان لەژێر یەک فەرماندەیی سەربازیدا یەکبخات و وتی "بەهێزبوونی ئەو وڵاتە لە یەکڕیزی وڵاتەکەیدایە".

بەشداربووانی کۆنفرانسەکە دابەشبوون بەسەر شەش گروپی کارکردندا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سیستەمێکی دادپەروەری ئینتقالی؛ دەستوور؛ بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت؛ ئازادییە کەسییەکان؛ مۆدێلی ئابووری داهاتووی سوریا و ئەو ڕۆڵەی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو وڵاتەدا دەیگێڕێت.

گفتوگۆکان نهێنی بوون و بەڕێوەبەری گفتوگۆکان بۆ هەر کەسێک دوو خولەکی تەرخان کردبوو بۆ قسەکردن و بردنە دەری هەر بەڵگەنامەیەکیش لە هۆڵی کونفراسەکە سنوردارکرابوو.

ڕێکخەران دەڵێن ئەو ڕاسپاردانەی کە بڕیارە تا کۆتایی ڕۆژەکە ڕێکبکەون، یارمەتیدەر دەبن لە داڕشتنی بەیاننامەیەکی دەستووری کە مەبەست لێی داڕشتنی بنەما سەرەکییەکانی نەزمی نوێی حوکمڕانی سوریایە. ئەوانە لەلایەن حکومەتێکی نوێی ئینتقالییەوە کە بڕیارە لە مانگی سێدا دەسەڵات بگرێتە دەست، لەبەرچاو دەگیرێن.

بەڵام ڕەخنەگران گۆمانیان هەیە لە ئامادەکارییە پەلەییەکان بۆ کونفرانسەکە و هەروەها ڕەخنە لە ئامادەنەبوونی کوردەکان و نوێنەرایەتی کەمینەکان دەگرن.

سێ نوێنەری بیانی لەو وڵاتە کە بنکەکەیان لە سوریایە، بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت نەکراون. هەروەها ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە، پێشنیاری نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ یارمەتیدان قبوڵ نەکردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە وەک گروپێک سزایان بەسەر هەروەها ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا سزای بەرفراوانیان لەسەر گرووپی چەکداری هەیئەتی تەحریری شام داناوە، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەڵگرتنی کاتی سزاکانیان لەسەر هەندێک کەرت دەرکردووە.

ئەسەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا دوای وتارەکەی ئەلشەرع، ڕەخنەی لە سزا نێودەوڵەتییەکان گرت کە هێشتا لە شوێنی خۆیانن و وتی "وەک ئامرازێک بۆ فشار لەسەر ئیرادەی گەلی سوریا" بەکاردەهێنرێن.

پێنج لە ئەندامانی لیژنەی کونفرانسەکە یان ئەندامی گرووپی هەیئەتی تەحریری شام بوون یان لە گروپەکەوە نزیکن، بەڵام لێژنەکە هیچ ئەندامێکی دروزییەکان و عەلەویییەکانی تێدا نییە کە کەمینەیەکی بەرچاون لە سوریا.

هەروەها هیچ ئەندامێکی ئیدارەی خۆسەر بە سەرۆکایەتی کورد لە ڕۆژئاوا و هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن، بانگهێشت نەکراون.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا ڕەخنەی لە پەلەکردن لە بەستنی کۆنفرانسەکە وچۆنییەتی ڕاگەیاندنی گرتووە و هەروەها "پەراوێزخستنی پێکهاتە سیاسی و نیشتمانییەکان"ی لە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسەکەدا بە "پێشێلکردنی پرەنسیپ و مافی بەشداریی نەتەوەیی" ناودێر کردووە.

ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو شێوە لە بانگهێشتنامانە کە "بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو وبە جیا" نێردراون، پرسیاریان لەسەردروستبوونی کۆنفرانسەکە دروستکردووە.

ئیدارەی خۆسەری کورد و باڵی سەربازیی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن بانگهێشتنامەیان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە وەرنەگرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکان هێزە سەربازییەکان یان ئەو ڕێکخراوانەی "تا ئێستا چەکەکانیان ڕادەست نەکردووە" بانگهێشتی کۆنفرانسەکە نەکراون.

سەرچاوە/رۆیتەرز

XS
SM
MD
LG