سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە 25ی مانگی دوو بە مەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتە تاران.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی حکومەتی ئێران، بڕیارە لاڤرۆڤ لەگەڵ عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆببێتەوە و وتووێژ بکات. بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، دانوستانەکان تایبەت دەبن بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا و هەروەها پرسە گرنگە نێودەوڵەتییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی سوریا و یەمەن و هەروەها داهاتووی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ئێران لە لەگەڵ ئەمەریکا و زلهێزەکان تاوتوێ دەکرێت. ساڵی 2018 ئەمەریکا لەلایەن بەڕێوبەڕایەتی دانۆڵد ترامپەوە لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و ئەمەش بوو بە هۆی گەڕانەوەی سزا بەرفراوانەکانی سەر حکومەتی ئێران.
سەرۆک ترامپ دوای گەڕانەوەی ئەمساڵ بۆ سەر دەسەڵات، جارێکی دیکە سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ی دژ بە حکومەتی ئێرانی خستەوە بەرنامەی کار.
لەگەڵ چڕبوونەوەی سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا، مۆسکۆ و تاران لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکارییەکانیان لە بواری ئابووری و سەربازیدا فراوانتر کردووە.
وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بەتایبەتی ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی، کۆماری ئیسلامییان بەوە تۆمەتبار کردووە کە چەکیان بۆ ڕووسیا ناردووە بۆ بەکارهێنانی لە شەڕەکەدا و تارانیش ئەمەی چەندین جار ڕەتکردوەتەوە.
لە سەردانەکەی مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە مانگی ڕابردوودا بۆ مۆسکۆ، کۆماری ئیسلامی و ڕووسیا ڕێککەوتننامەی هاوکاری ستراتژیکیان واژۆ کرد کە گوایە بناغەی "هاوکاری قووڵتر"ی لە بواری ئابووری و سەربازیی نێوان دوو وڵاتدا داناوە.
بەڵام حکومەتی ئێران و ڕووسیا لە مانگی دوازدەدا پاشەکشەیەکی جددییان لە سوریادا بەخۆوە بینی. دوای زیاتر لە دە ساڵ پاڵپشتی دارایی و سەربازی بۆ حکومەتی بەشار ئەسەد، دواجار هێزە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی جۆلانی دیمەشقیان کۆنترۆڵکرد و ئەسەدیان لە دەسەڵات دوورخستەوە.
ئەم پێشهاتانە گورزێکی قورسیان لە سیاسەتی ناوچەیی تاران و مۆسکۆ دا، بەو پێیەی هەردوو وڵات ملیارەها دۆلاریان لە پاڵپشتیکردنی ڕژێمی ئەسەد لەو وڵاتە خستبووە کارەوە.
سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ تاران لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئێران و ڕووسیا زیاتر لە جاران پێویستیان بە یەکتر هەیە. سزا نێودەوڵەتییەکان، شکستە سەربازییەکان لە سوریا و چڕبوونەوەی فشارەکانی ڕۆژئاوا، تاران و مۆسکۆیان کردووە بە هاوپەیمانی نزیکترو بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی نفوزی ناوچەکەیان و بەرپەرچدانەوەی فشارە ئابووری و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان.
دیدارە دیپلۆماسییە ئاست بەرزەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیا ئاماژە بەوە دەکەن کە دوو وڵات ستراتیژێکی هاوبەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەنگاربوونەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان دادەڕێژن.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی ئێران دەکات؛ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لە سایەی سزاکاندا
