Accessibility links

لە سەروبەندی پرسەی حەسەن نەسروڵادا سەرجەم بلیتی گەشتەکانی بەغدا - بەیرووت دەفرۆشرێن


بەرپرسانی حزبوڵا ڕایانگەیاندووە بلیتی گەشتە ئاسمانییەکان لە بەغداوە بۆ بەیرووت سەرجەمیان بەهۆی پرسەی حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حزبوڵاوە فرۆشراون.

گرووپی حزبوڵای لایەنگری ئێران داوای بەشدارییەکی زۆری خەڵک دەکات لە پرسەی حەسەن نەسروڵا کە لە هێرشێکی مانگی نۆی ساڵی ڕابردووی ئیسرائیلدا کوژراوە و ڕۆژی یەکشەممە لە پایتەختی لوبنان بە خاک دەسپێردرێت.

مەیسەم ئەلسافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی خواستەکان بۆ گەشتکردن لە بەغدادەوە بۆ بەیروت پێش مەراسیمی پرسەی نەسرۆڵا، وتی "هێڵی ئاسمانی عێراق گەشتەکانی بۆ بەیرووت لە یەک گەشتی ڕۆژانەوە بۆ دوو گەشت زیاد دەکات کە لە 20ی مانگی دووەوە دەست پێدەکات."

بەرپرسێکی هێڵی ئاسمانی عێراقی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "هەموو کورسییەکانی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقی لە بەغداوە بۆ بەیرووت فروشراون".

بەرپرسێکی دیکەی عێراقی ڕایگەیاندووە بڕیارە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی عێراق بە شێوەیەکی تایبەت بەشداری پرسەی نەسروڵا بکەن.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی کوتلە عێراقییەکان کە هاوپەیمانی دێرینی حزبوڵان لە "میحوەری موقاوەمە" بە سەرۆکایەتی تاران، بەشداری پرسەکە بکەن.

فڕۆکەخانەی بەیرووت لە کاتی پرسەکەدا بۆ ماوەی چوار کاتژمێر دادەخرێت.

حزبوڵای لوبنان ڕایگەیاندووە 79 وڵات یان بە شێوەی فەرمی یان بە شێوەی جەماوەری بەشداری پرسەکە دەکەن.

هەروەها لە پرسەی ڕۆژی یەکشەممەدا ڕێز لە هاشم سەفیەدین، کەسایەتییەکی باڵای حزبوڵای لوبنان دەگیرێت کە بۆ جێنشینی نەسروڵا هەڵبژێردرابوو کە ئەویش لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا.

دوای دەیان ساڵ لە زاڵبوون و بەهێزبوونی حزبوڵا کە ڕۆژێک بە نەدۆڕاو سەیر دەکرا، کوشتنی نەسروڵا کە پێگەیەکی کاریزمای لە نێو جەماوەرەکەیدا هەبوو، لوبنان و ناوچەکەی ڕووبەرووی گۆڕانێکی زۆر کردەوە.

بڕیارە پاش نیوەڕووی ڕۆژی یەکشەممە، هەزاران کەس بەشداری کاروانێکی سەمبۆلیکی بۆ نەسروڵا بکەن لە ناوچەی کازیمیەی باکووری ڕۆژئاوای بەغدا کە مەزارگەیەکی شیعەکانی تێدایە.

سەرچاوە/AFP

XS
SM
MD
LG