کرێملین ڕۆژی سێشەممە، 18ی مانگی دوو ڕایگەیاند ئۆکرانیا "مافی سەروەری"ی هەیە بۆ پەیوەست بوون بە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە ناتۆ بە "قبووڵنەکراو" دەزانێت. ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتن بەرەو باشتربوون دەڕوات و ئەم پرسە نیگەرانییەکانی لە ئەوروپا و کیێڤ دروستکردووە.
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ڕووسیا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژانەیەکەیدا ڕایگەیاند "پەیوەستبوونی ئۆکرانیا بە یەکێتیی ئەورووپا مافی سەروەری هەموو وڵاتێکە و نابێت هیچ کەسێک لەسەر ئەم بابەتە بۆ وڵاتێکی دیکە بڕیار بدات."
بەڵام پێسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە پرسە ئەمنییەکان و ئەندامبوون لە هاوپەیمانییە سەربازییەکانی وەک ناتۆ مەرجی تەواو جیاوازیان هەیە و هەڵوێستی ڕووسیاش لەم بارەیەوە تەواو ڕوونە.
هەروەها کرێملین جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا بەبێ ئەوەی بابەتی ئەمنی فراوانتر لە ئەوروپا لەبەرچاو بگیرێت، "مەحاڵە" و ڤلادیمێر پوتین ئامادەیە دانوستان لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بکات "ئەگەر پێویست بکات".
ئەم هەڵوێسته هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ له نێوان بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمەریکا له ڕیاز.
لەهەمانکاتدا هەڵوێستی توندتری واشنتن بەرامبەر هاوپەیمانە ئەوروپیەکانی و پەیوەندی نزیکتری ڕووسیا و ئەمەریکا نیگەرانی بەربڵاوی سەرکردەکانی ئەوروپا و ئۆکرانیای لێکەوتووەتەوە.
تا ئێستا وڵاتانی ئەورووپا و ئۆکرانیا لە دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا دوورخراونەتەوە و بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی ئەورووپا نیگەرانن لەوەی کە ڕەنگە ترامپ و پوتن بگەنە ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی بەبێ ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو بگیرێت.
هەر لەو پێوەندییەدا چەند سەرکردەیەکی ئوروپایی رۆژی دووشەممە لە پاریس کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان ئەنجامدا و تاوتوێی چۆنییەتی وەڵامدانەوەی ئەم پێشهاتە دیپلۆماسیانەیان کرد.
سەرچاوەکان/ڕۆیتەرز/فرانس پرێس