میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند گرووپی توندڕەوی حەماس بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، 20ی مانگی دوو، تەرمی چوار بارمتەی ئیسرائیلی کە لە غەززە کوژراون ڕادەستی ئەو وڵاتە بکەن.
ئەمە یەکەمجارە تەرمی بارمتەکان ڕادەستی ئیسرائیل بکرێت. ئەم ڕادەستکردنەوەیە بەشێکە لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە شەڕی غەززە کە لە مانگی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و بەردەوامە.
گرووپی توندڕەوی حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناو دەبرێت، تا ئێستاش 73 بارمتەی ئیسرائیلی لە دەستدایە کە پێدەچێت هەندێکیان کوژرابن.
سوپای ئیسرائیل پێشتر تەرمی ژمارەیەکی کەم لەو بارمتانەی کە لە لەماوەی شەڕی 16 مانگەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە کوژراون، دۆزیوەتەوەە و گەڕاندەویەتییەوە بۆ ئیسرائیل.
ئەگەر ئاگربەستەکە بەردەوام بێت، بڕیارە هەفتەی دواتریش حەماس تەرمی چوار بارمتەی کوژراوی دیکە ڕادەست بکاتەوە.
لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا بڕیار بوو 25 بارمتەی زیندوو و هەشت تەرم بگەڕێنرێنەوە بۆ ئیسرائیل؛ تا ئێستا ئەو گرووپە توندڕەوە لە شەش ئاڵوگۆڕدا 19 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە 900 زیندانیی ئەمنیی فەلەستینی ئازاد کردووە.
بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، ناوبژیوانان هەوڵدەدەن بزووتنەوەی حەماس هەر شەش بارمتە زیندووەکە تا ڕۆژی شەممە ڕادەست بکات کە بڕیار بوو لەم قۆناغەدا بە یەکجاری ئازاد بکرێن.
بنەماڵەی بارمتەکان و خەڵکی ئیسرائیل فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 73 بارمتەی کە ماونەتەوە.
ڕاپرسییەک کە لە تەلەفزیۆنی کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە 500مین ڕۆژی شەڕەکەدا بڵاوکرایەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە 68%ی ئیسرائیلییەکان ئازادکردنی بارمتەکان بە گرنگترین ئامانجی شەڕەکە دەزانن و 61% جەخت لەوە دەکەنەوە کە پشتگیری قۆناغی دووەمی دانوستانەکانی ئاگربەست دەکەن بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ماوانە و پشتگیری لەبەردەوامی شەڕەکە ناکەن.
خۆپیشاندەران لە ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە بە بۆنەی 500هەمین ڕۆژی هێرشی حەماس گردبوونەوە و ڕێپێوانی بەرفراوانیان ئەنجامدا.
یایر هۆرن، بارمتەیەک کە چەند ڕۆژپێش ئێستا ئازادکرا، بەڵام براکەی ئیتان هۆرن تا ئێستا لە دەستی حەماسدایە، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لە تەلئەڤیڤ دەبینرێت، ڕایگەیاند، دوای ئازادکردنی هەمووان لێیان پرسیوە چیت دەوێت و چی پێویستە.
ئاماژەی بەوەشکردووە "تەنها ئازادکردنی براکەم و باقی بارمتەکان کە چیتر چانسی مانەوەیان لە تونێلەکاندا نییە، دەوێت".
ئاگام بێرگەر، ژنێکی تەمەن 19 ساڵ کە دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە ئازادکراوە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕوو لە ترامپ قسە دەکات و باسی ئەو سەختییە دەکات کە ڕووبەڕووی بارمتەکان دەبێتەوە و ڕایگەیاند تاکە هیوایان سەرۆکی ئەمەریکایە کە ئازادکردنیان دەستەبەر بکات.
هەروەها ترامپ ڤیدیۆی ئەو ژنە گەنجەی لە پەیجی تروث سوشالی خۆی دووبارە بڵاوکردەوە.
هاوکات بڕیاربوو شەوی دووشەممە شاندێکی بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگری ئیسرائیل بۆ قاهیرە و لەگەڵ بەرپرسانی میسر تاوتوێی ئاگربەست بکەن.
ڕۆنێن بار، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل کە کەوتۆتە بەر ڕەخنەی قورس لەلایەن سیاسەتمەدارانی سەربە بنیامین ناتانیاهۆ، شەوی دووشەممە ڕایگەیاند چیتر بەشێک نابێت لە دانوستانەکان.
سەرچاوە/تایمزی ئیسرائیل