Accessibility links

کاربەدەستانی ئەمەریکا و ڕووسیا دەست بە دانوستاندن لەسەر شەڕی ئۆکرانیا دەکەن


بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە، 18ی مانگی دوو گفتگۆکانیان بۆ دانوستاندنی ئاشتی ئۆکرانیا لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیە دەستپێکرد.

ئەم دانوستاندنانەی بەبێ ئەوروپا و ئۆکرانیا بەڕێوەدەچن، یەکەم دانوستاندنی ڕاستەوخۆی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەیە لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مایک والتز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و ستیڤ ویتتاکەر نێردەی ترامت رۆژی دووشەممە گەیشتنە ڕیاز و لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبونەوە.

لە لایەنی ڕووسیاوە ڕۆژی دووشەممە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە و یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری ڤلادیمێر پوتن بۆ کاروباری دەرەوە گەیشتونەتە ڕیاز.

ڕوون نییە کە دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممەی نێوان هەردوو وڵات چی لەخۆدەگرێت، بەڵام تەوەری سەرەکی لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا دەبێت.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی تاس لە زاری دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملینەوە ڕایگەیاندووە دەستپێکردنی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئەمەریکا "هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر هاوکارییەکانی مۆسکۆ لەگەڵ تاران".

ئاماژەی بەوەشکردووە ڕوسیا ئامادەیە یارمەتی ئێران بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە مەبەستی گفتوگۆکان گوشار خستنە سەر ڕووسیا بۆ وەستاندنی شەڕی ئۆکرانیا و هەروەها شکاندنی "هاوپەیمانی"ی ڕووسیا لەگەڵ ئێران و کۆریای باکوور و چین لە بەرنامەی کاردایە.

لە لایەکی دیکەوە، گوو جیاکون، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند پەکین چاوەڕێ دەکات "هەموو لایەنەکان" لە شەڕی ئۆکرانیا پێکەوە بەشداری دانوستانەکانی ئاشتی بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد چین پێشوازی لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ ئاشتی، لەنێویاندا ئەو کۆدەنگییەی کە بۆ دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا بەدەست هاتووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG