مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئاڵمانیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆبونەوە بۆ گفتوگۆکردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوولا و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە.
نێچیرڤان بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئیکس وێنەی خۆی و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای بڵاوکردوەتەوە و سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان نووسیوێتی " من و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ روبیۆ جەختمان لە هاوکاری و هاوبەشی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان کردوەتەوە."
لە درێژەی نووسینەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق نووسیوێتی "لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسمان لە ڕێگاکانی زیاتر بەهێزکردنی هاوکارییەکانمان و قووڵکردنەوەی پابەندبوونی هاوبەشمان بە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کردوەتەوە و سوپاسی وەزیری دەرەوەم کردووە بۆ پشتگیرییە درێژخایەنەکەی."
لەم دیدارەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی دۆخی سوریا و بارودۆخی کورد لەو وڵاتە، لەنێو ئەو تەوەرانەی دیکەدا بوون کە باسیان لێوەکراوە.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە رۆژی 14 تاوەکو 16ی مانگی دوو بە بەشداری بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەورووپا و جیهان لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت و جگە لە گفتوگۆ و وتارە سەرەکییەکانی ئەم کۆنفرانسە، سەرەکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان لەپەراوێزی ئەو کۆنفرانسەدا پێکەوە لەسەر بابەتی جیاوازی دیکە کۆدەبنەوە.