Accessibility links

سەرۆکی شارەوانی کوردی وان لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە

لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت کە ئەمڕۆ پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان سەبارەت بە "چارەسەری پرسی کورد" بڵاوبکرێتەوە، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا فەرمانێکی دەرکرد و عەبدوڵا زەیدان، سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانی وانی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و کەسێکی سەر بە حکومەتی لە شوێنەکەی دانا. ئەم کارە کاردانەوەی بەرفراوانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و هاووڵاتیانی لێکەوتوەتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، عەبدوڵا زەیدان، سەرۆکی هەڵبژێردراوی شاری وان و ئەندامی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (DEM) بە تۆمەتی "بە مەبەست هاوکاریکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی چەکداری" لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

ئەم بڕیارە سەرەتای ڕۆژی شەممە 15ی مانگی دوو بە زیدان ڕاگەیەندرا. زیدان ئامادەنەبووە واژۆ لەسەر ئەو ئاگادارییە بکات و وەری نەگرتوە. ناوبراو لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا وتی "ئەمە کودەتایەکە بەدژی ئیرادەی گەل. چۆن دەتوانی بەرامبەر ئەم خەڵکە بوەستیتەوە! ئێمە سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردراوین و کەس ناتوانێت ئەم ڕاستییە بگۆڕێت."

دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، هێزەکانی پۆلیس بە بەکارهێنانی ئاو و گازی فرمێسکڕێژ و گولەی لاستیکی هێرشیان کردە سەر گردبوونەوەی خەڵک لە بەردەم بینای شارەوانی. بەپێی زانیارییەکان ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.

پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەنگاوەی سەرکۆنە کرد و بە "کودەتایەکی نیوەشەو دژی ئیرادەی گەل" ناوی برد. پارتەکە ڕایگەیاند "تەسلیمی ئەم بێ یاساییە نابین. ئێمە دژی ئەو عەقڵیەتە دەوەستینەوە کە دەیەوێت ئیرادەی خەڵکی وان لەپێ بخات!"

هەروەها ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و ئەندامێکی باڵای پارتی گەلی کۆماریخوازیش کاردانەوەی بەرامبەر ئەو بڕیارە دەربڕی و وتی"دەرکردن یان دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە لە ڕووی یاساییەوە پێش هەڵبژاردن شایستە بوون و دوای ئەوە بە هۆکاری دادوەری و تۆمەتی جۆراوجۆر دەستەبەسەر دەکرێن، لەگەڵ دیموکراسیدا ناگونجێت." ئاماژەی بەوەشکرد ئەو کارانە پێچەوانەی پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کوردە کە لەلایەن سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی، دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکردووە.

عەبدوڵا زەیدان لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ساڵی ڕابردوودا بە 55.4%ی دەنگەکان بە سەرۆکی شارەوانی وان هەڵبژێردرا. دادگای باڵای تورکیا لەو کاتەدا ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکان بڕوانامەی دەستبەکاربوونی ڕەتکردەوە. بەڵام دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی تورکیا، لە بڕیارەکەی کشایەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە حکومەتی تورکیا سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان لە کارەکانیان دووربخاتەوە. لە ساڵی 2016ەوە تا ئێستا زیاتر لە 150 شارەوانی کورد کە ڕاستەوخۆ لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەڵبژێردراون، بە تۆمەتی "پەیوەندی بە تیرۆر" لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و سەرپەرشتیاری حکومەت لە شوێنەکانیان دانراون. یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم کارەی حکومەتی تورکیایان سەرکۆنە کردووە و بە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی دیموکراسی ناودێریان کردووە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG