هەتا دێت توێژینەوەکان سەبارەت بە زیانەکانی بەکارهێنانی کەلوپەلە پلاستیکییەکان زیاتر دەبن؛ لە بەدواداچوونێکدا کۆمەڵێک زانای چین دەڵێن بەکارهێنانی دەفری پلاستیکی بۆ پێچانەوە و هەڵگرتنی خۆراک دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی نەخۆشی دڵ.
لێکۆڵینەوەکە لە زانکۆی نینگژای پزیشکی دەڵێت کاتێک خۆراک، بەتایبەت لە پلەیەکی بەرزی گەرمدا، دەخرێتە ناو دەفری پلاستییەوە، گەردیلە پلاستییە بچووکەکان دەچنە ناو گەدەی مرۆڤ و لەوێوە دەگوازرێنەوە بۆ نێو سوڕی خوێن و دەبنە هۆی هەڵاوسان.
بۆ گەیشتن بەم ئەنجامە، توێژەران چاودێری تەندروستی دڵی سێ هەزار کەسییان کردووە کە بە بەردەوامی خۆراکیان لە دەرەوە داواکردووە و لە ڕێگەی دەفر و کەلوپەلی پلاستیکییەوە خواردنەکانیان بۆ هاتووە. پاشان بۆ بەراوردکاری هەستاون تاقیکردنەوەیام لەسەر جرج ئەنجامداوە.
بۆ ماوەی چەندین مانگ ئاوی گەرمیان خستووەتە نێو دەفری پلاستیکی و دوای ساردبوونەوەی داویانە بە جرجەکان.
لێکۆڵەران دەڵێن، "ئەنجامەکان ئاماژەن بەوەی کە خواردنی ئەم شلەمەنییە تێکەڵاوەی ئاو و پلاستیک بووەتە هۆی گۆڕینی ژینگەی مایکرۆئۆرگانیزمەکان لە ڕیخۆڵەکاندا، کاریگەری لەسەر پێکهاتەی مایکرۆبایۆتای ڕیخۆڵە هەبووە و گۆڕانکاری لە میتابۆلیتە مایکرۆبایۆتایەکانی ڕیخۆڵەدا کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەوکردن و فشاری ئۆکسجینیەوە هەیە."
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە کاتێکدایە چاودێرانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لە زیادبوونی بەردەوامی ڕێژەی پلاستیک لە جەستەی مرۆڤدا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کە ساڵی 2024 لە زانکۆی نیو مەکسیۆ لە ئەمەریکا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی پێکهاتەی پلاستیک لە مێشکی مرۆڤدا بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوە و گەیشووەتە 0.5%