Accessibility links

بۆچی بە دڵخۆشی لە خەو هەڵدەستیت بەڵام لە شەودا توشی دڵەڕاوکێ دەبیت؟


توێژینەوەیەک لەسەر نزیکەی 50,000 کەسی پێگەیشتوو لە بەڕیتانیا دەریخستووە کە بە شێوەیەکی گشتی شتەکان لە بەیانیاندا باشتر دەردەکەون. بەشداربووان باسییان لەوە کردووە کە لە بەیانییاندا زیاتر دڵخۆشن و کەمتر خەمۆکی و دڵەڕاوکێییان هەیە و ڕازین لە ژیان و هەست بەوە دەکەن کە گرنگن.

ئەنجامەکان هاوتان لەگەڵ ئەوەی کە سوزان ئەلبێرسی دەروونناس لە کلیڤلاند کلینیک لە ئۆهایۆ دەیبینێت.

دکتۆر ئەلبێرس کە بەشدار نەبووە لە توێژینەوەکەدا دەڵێت " نەخۆشەکانم دەڵێن بەیانیان هەست بە باشی دەکەن و ئێوارانیش تووشی دڵەڕاوکێ و سەختی خەوتن و کوژاندنەوەی مێشکیان دەبن."

بۆ ئەم توێژینەوەیە، توێژەران ئامانجیان دۆزینەوەی ئەوە بوو کە ئایا کاتی ڕۆژ پەیوەندی بە جیاوازی تەندروستی دەروونییەوە هەیە، ' هەستکردن بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و تەنهایی، هەروەها دڵخۆشی و ڕازیبوون لە ژیان و هەستکردن بەوەی کە ژیان شایەنی ئەوەیە بژیت تێیدا،' هەروەها سەیری ڕۆژ و وەرز و ساڵییان کرد.

توێژەران لە نێوان ساڵانی 2020 و 2022 دا توێژینەوەیان لەسەر 49,218 کەسی پێگەیشتووی بەڕیتانیا ئەنجامداوە. تاوەکو کۆتایی ماوەکە، توێژەران نزیکەی ملیۆنێک وەڵامیان کۆکردووەتەوە.

نزیکەی لە هەر چوار بەشداربوویەک سێ کەسییان ژن بوون، لە سەدا 68 بڕوانامەی زانکۆیان هەبووە و لە سەدا 94 سپی پێست بوون. بۆ قەرەبووکردنەوە، توێژەران وەڵامەکانیان وەکو ڕەنگدانەوەیەک بۆ ڕێژەی دانیشتووان لێکداوەتەوە.

تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی لە ڕێگەی پرسیاری ئۆنلاینەوە دیاریکراون بە بەکارهێنانی ئامڕازەکانی هەڵسەنگاندنی سەلمێنراو یان لە ڕێگەی ڕاستەوخۆ پرسیارکردن لە کەسەکەوە، پرسیارەکانیش بریتی بوون لە: هەفتەی ڕابردوو چەند هەستت بە دڵخۆشی کردووە؟ چەندە ڕازیت لە ژیانت؟ تا چ ڕادەیەک هەستت کردووە ژیانت شایەنی ئەوەیە بژیت بۆی؟

کاتەکانی وەڵامدانەوەش دیاریکراوە، بۆ نموونە لە چی کاتێکی ڕۆژ و هەفتە و وەرز و ساڵدا بووە.

دەرەنجامەکانیش ئەمانەی خوارەوە بوون:

لە کاتێکدا دڵخۆشی و ڕازیبوون لە ژیان و ڕێژەی شایستەیی لە بەیانییاندا زۆر بووە، بەڵام لە نیوەشەودا کەمترین بووە. بەهەمان شێوە، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە بەیانییاندا کەم بووە و درەنگانی شەو زۆرترین بووە.

دڵخۆشی و ڕەزامەندی لە ژیان و ڕێژەی شایستە لە ڕۆژانی دووشەممە و هەینی کەمێک زیاتر بوون وەک لە ڕۆژانی یەکشەممە. خۆشبەختی لە ڕۆژانی سێشەممەشدا زیاتر بووە.

ئاستی تەنیایی بە درێژایی ڕۆژەکانی هەفتە بە نەگۆڕی ماوەتەوە. جیاوازی لە تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی لە کۆتایی هەفتەدا زیاتر بووە وەک لە ڕۆژانی هەفتەدا.

بەڵگەی ڕوون هەبوون لەسەر کاریگەری وەرزەکان لەسەر کەشی کەسەکان. بە بەراورد لەگەڵ زستان، لە وەرزەکانی دیکەدا خەڵک ئاستی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و تەنیایی کەمتر بووە و ئاستی دڵخۆشی و ڕازیبوون لە ژیان و هەستکردن بە ژیان زیاتر بووە و تەندروستی دەروونی لە هاویندا لە هەموو دەرئەنجامەکاندا باشتر بووە.

تەندروستی دەروونی و خۆشگوزەرانی لە ساڵی 2020 تاوەکو 2022 بە بەردەوامی باشتر بووە.

دکتۆر ئەلبێرس دەڵێت دەرەنجامەکان لەگەڵ ئەو شتانەدا دەگونجێن کە ئێمە دەیزانین دەربارەی زیندەوەرزانی و کەشی کەسەکان.

کۆرتیزۆڵ هۆڕمۆنی فشارە کە جەستەمان لە حاڵەتی شەڕ و گەشتی ئاسمانیدا دەری دەدات. بەڵام ئەرکی گرنگی هەیە لە ڕێکخستنی جەستە تەنانەت لە کاتێکیشدا کە لە حاڵەتی دڵەڕاوکێشدا نین، وەکو سنووردارکردنی هەوکردن و ڕێکخستنی میتابۆڵیزم و ڕێکخستنی شەکری خوێن. ئەو کەسانەی کە جەستەیان کۆرتیزۆڵ بەرهەم ناهێنێت لەوانەیە نیشانەکانی وەک ماندووبوون و دابەزینی کێشی بێ مەبەست و ئارەزووی کەم بۆ خواردن و نزمی فشاری خوێنیان هەبێت.

ئەلبێرس دەڵێت " ڕیتمی ڕۆژانەی سووڕی خەو و بەخەبەربوونمان لەوانەیە هۆکارێک بێت، چونکە بەرکەوتن لەگەڵ تیشکی خۆر، بەتایبەتی لە بەیانییاندا، هەستێکی خۆشمان پێ دەبەخشێت." بە تایبەتی لە کاتێکدا کە شەوەکە باش خەوتبووبێتین. ئەوە وەک دوگمەی دووبارە ڕێکخستنەوەی دۆخی سۆزداریمان کار دەکات و ڕۆژی دواتر وەک دەستپێکێکی نوێ سەیر دەکەین."

ئەو دەرەنجامانەی کە لە شەودا کەشی کەسەکە تێک دەچێت و دڵەڕاوکێی تێدا زیاتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەی ئەلبێرس لە نەخۆشەکانیدا دەیبینێت دەگونجێت.

وتی " درەنگانی شەو ئەو کاتەیە کە ئێمە هەست بە ماندووبوون دەکەین لە بڕیاردان. یەکەم شت لە بەیانیدا، ئێمە هێشتا زۆر بڕیارمان نەداوە، بەڵام لە کۆتایی ڕۆژدا، سەدان هەڵبژاردنی گەورە و بچووکمان کردووە. لەو کاتەدا ئێمە بەڕاستی لە ڕووی دەروونی و سۆزدارییەوە ماندوو بووین."

بۆ سوود وەرگرتن لەو بەرزبوونەوە و کەمبوونەوەیە، ئەلبێرس پێشنیاری " ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی چاودێری لەسەر خۆت " دەکات.

وتی " بەدرێژایی ڕۆژ چاودێری باری دەروونی خۆت بکە بۆ ئەوەی بزانیت چی شتێک بۆ تۆ گونجاوە. ئەگەر ئەزموونەکەت لەگەڵ ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە دەگونجێت، هەوڵ بدە پلانی کاری گرنگ یان ئاڵنگارییەک بۆ یەکەم شت لە بەیانیدا دابنێیت، ئەو کاتە زۆرترین تەرکیزت هەیە و باشترین تەرکیز و وزە و کەشت هەیە."

دەشڵێت وەرزش کردن لە ئێواراندا دەتوانێت ڕێگەیەکی باش بێت بۆ باشترکردنی کەشی خۆت.
دەڵێت " ئەوە ڕاهێنانێکی باشە کە لە شەودا نەریتێکی ' ئارام کردنەوەت ' هەبێت. ئەنجامدانی هەندێک ڕاهێنانی هۆشیاریی و پشوودان و بەڕێوەبردنی فشار لە شەودا یارمەتیدەر دەبێت بۆ کوژاندنەوەی مێشکت بۆ ئەوەی شەو بەخەبەر نەبیت و بیرکردنەوە و دڵەڕاوکێت نەبیت دەربارەی هەموو ئەو شتانەی کە بە درێژایی ڕۆژ ڕوویانداوە."

سەرچاوە/ماڵپەڕی تەندروستی ڕۆژانە

XS
SM
MD
LG