Accessibility links

بەرپرسێکی تورکمان: دانانی ئاڵای کوردستان لە بینای پارێزگای کەرکوک حەساسییەتی دروستکردووە


دانانی ئاڵای کوردستان لە نێو بینای پارێزگای کەرکوک لە کاتی سەردانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناڕەزایەتی عەرەب وتورکمانی لێ دەکەوێتەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی کورد ناڕەزایەتییەکەیان ڕەتدەکەنەوە.

دوێنێ پێنجشەممە، 6ی مانگی دووی 2025، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کەرکوکی کرد و لە بینای پارێزگا لەلایەن ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوکەوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نێو بینای پارێزگای کەرکوک، بەئامادەبوونی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، ”خۆشحاڵبووم ئەو یەک تیمی و یەک ڕیزییەم لە نێوان حکومەتی خۆجێی کەرکوک، هەروەها لەنێوان حکومەتی خۆجێی کەرکوک و ئەنجومەنی پارێزگا لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوک بینی."

لە دیداری نێوانیاندا هەردوو ئاڵای عێراق و هەرێم دانرابوون.

محەمەد هاشم، کەسایەتی سیاسی تورکمانی لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دانانی ئاڵای کوردستان لە نێو بینای پارێزگای کەرکوک حەساسییەتی لای شەقامی تورکمانی دروستکرد، چونکە وەکو تورکمان باوەڕمان وایە کەرکوک سەر بە حکومەتی ناوەندییە و دەبێت لەلایەن هەمووانەوە ئیدارە بدرێت."

دەشڵێت، "تورکمان تا ئێستا لە نێو بینای پارێزگا ئاڵای خۆی بەرز نەکردووەتەوە، چونکە تورکمان باوەڕی بە یەکگرتووی عێراق هەیە لەژێر چەتری ئاڵای عێراقدا."

دانانی ئاڵای کوردستان لەپشت جێگری سەرۆکی حکومەت لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ بینای پارێزگای کەرکوک، هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی هێنایە دەنگ و دوو ڕاگەیەنراوی جیاوازیان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەرەی تورکمانی دەڵێت، "هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە پارێزگای کەرکوک دژی بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەری عێراقە."

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نیگەرانی عەرەب و تورکمان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە گوایە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دەرەوەی عێراقەوە نەهاتووە بۆ سەردانی کەرکوک، تا جگە لە ئاڵای عێراق ئاڵای تر دابنرێت."

هەروەها وتیشی، "تاڵەبانی سەرکردەیەکی کوردی نێو چوارچێوەی عێراقە و ئاڵای عێراقیش هی کوردە، بۆیە پێویستی نەدەکرد ئاڵای کوردستان دابنرێت."

جەختیشیکردەوە، "بەشێکی مشتومڕەکان پەیوەندی بەو ناکۆکیانەوە هەیە کە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەردەوامی هەیە."

ساڵی 2017 ئاڵای کوردستان لە سەر بینا حکومییەکانی شاری کەرکوک بە بڕیاری نەجمەدین کەریم پارێزگاری ئەوکاتی پارێزگاکە هەڵکرا. ئەو کات عەرەب و تورکمان ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە دادگای بەغدا سکاڵایان تۆمارکرد.

لە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کاتێک هێزە عێراقییەکان ناوچە کێشە لەسەرەکانیان کۆنترۆڵکرد، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو ناوچانە قەدەغە کرا.

لە ئێستادا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هەتا ڕادەیەک لەو ناوچانە ڕێگە پێدراوە. حزبە کوردییەکان ئاڵای کوردستانیان لەسەر بارەگاکانیان هەڵکردووە و دانیشتوانە کوردەکەی ناوچە کێشەلەسەرەکانیش لە بۆنەکاندا ئاڵای کوردستان بەرز دەکەنەوە.

بەڵام هەتا ئێستا هیچ بارەگایەکی حکومی کەرکوک ئاڵای کوردستانی بۆ نەگەڕاوەتەوە.

پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە بارەی ناڕەزایەتی عەرەب و تورکمان لەبەرامبەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەکاتی سەردانی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەر بەرپرسێکی کورد سەردانی کەرکوک بکات، ئەوان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بەیاننامە دەردەکەن. دانانی ئاڵای کوردستان لە کاتی سەردانی جێگری سەرۆکی حکومەت شتێکی پرۆتۆکۆلی و حاڵەتێکی ئاساییە."

ناڕەزایەتی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لە دانانی ئاڵای کوردستان لە نێو بینای پارێزگای کەرکوک لەکاتێکدایە، ئەو دوو لایەنە بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان نەکردووە و لە دادگای عێراق سکاڵایان تۆمار کردووە وە پێکهێنانی حکومەتی کەرکوک بە نایاسایی ناودەبەن، هەرچەندە دادگا سکاڵاکەیانی ڕەتکردووەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:21 0:00
XS
SM
MD
LG