Accessibility links

پارێزەری پەخشان عەزیزی دەڵێت مەترسی ئەوە هەیە سزای لەسێدارەدانی ئەو چالاکوانە هەر ئانوساتێک جێبەجێ بکرێت


ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، چالاکوانی کورد کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە، ڕایدەگەیەنێت دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داواکەی بۆ دووبارە دادگاییکردنەوەی پەخشان عەزیزی ڕەتکردووەتەوە و فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەکەشی هەڵوەشاندووەتەوە و دەشڵێت "مەترسی ئەوە هەیە سزای لەسێدارەدانی پەخشان هەرئانوساتێک جێبەجێ بکرێت".

پارێزەری پەخشان عەزیزی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕۆژی پێنجشەممە،6ی مانگی دوو ئاماژەی کردووە بە "هەڵەی بەرچاو"ەکانی پرۆسەی دادگاییکردنی و هەروەها کێشە و گرفتەکانی دۆسیەی پەخشان کردووە.

ئەو پارێزەرە نووسیوێتی دادگای ئینقلابی تاران سەرەتا سزای زیندانیکردنی بۆ پەخشان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپی پژاک دەرکردووە، بەڵام دواتر بەبێ هۆکاری دیاریکراو، سزای لەسێدارەدانی بۆ ناوبراو بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپێکی نادیار دەرکردووە.

ڕەئیسیان وێنەی بڕیاری سەرەتایی و بڕیاری تانەدان و دووبارە دادگاییکردنەکەی بڵاوکردەوە و نووسیوێتی "خاتوو عەزیزی لە بڕیاری سەرەتاییدا بەهۆی ئەندامێتی لە گرووپی پژاک سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە، بەڵام دواتربە بێ هۆکارێکی ڕوون و بەهۆی ئەندامێتی لە گرووپێکی دیارینەکراودا، سزای لەسێدرەدانی بۆ دەرکراوە."

پارێزەرەکەی پەخشان لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت "خاتوو عەزیزی لە قۆناخی تانەدان لەلایەن لقی 39ی دادگای باڵا لەسەر بنەمای هەڵە کە پێی وابووە پەخشان ئەندامی داعش بووە، سزای لەسێدارەدانی بۆ پشتڕاستکراوەتەوە.

بە گوتەی پارێزەر ڕەئیسیان، ئەو بەرگرییەی پێشکەش کراوە سەبارەت بە پژاک یان گرووپی کەژار بووە، بەڵام دادوەری لێکۆڵەرەوە دەقی بەرگرییەکەی بە هەڵە خوێندوەتەوە و کەژاری لەگەڵ داعش تێکەڵ کردووە.

ئەمیر ڕەئیسیان دەڵێت دوای ئەوەی داوای دووبارە دادگاییکردنمان کرد بۆ پەخشان، لقی نۆی دادگای باڵا نەوەک نەیتوانیوە ئەو هەڵە گەورەیە ڕاست بکاتەوە، بەڵکو هەڵەیەکی نوێی کردووە و پەخشان عەزیزی وەک ئەندامی حزبی دێموکرات ناساندوە.

ئەم پارێزەرە لە کۆتاییدا هەڵەکانی دۆسیەی پەخشان عەزیزی لە دۆسیەیەکدا کە سزای لە سێدارەدانی تێدا دەرچووە، بە هەڵەیەکی بەرچاوە و گەورە ناو دەبات و بە توندی گۆمان دەخاتە سەر ڕەوایەتی ئەو سزایەی بۆ پەخشان دەرکراوە.

ئەمەریکا پێشتر داوای کردبوو سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاکوان و توێژەری کۆمەڵایەتی کورد هەڵبوەشێتەوە.

هەروەها لەم دواییانەدا کۆمەڵێک لە کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی قوڵی خۆیان لە پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە لایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەربڕی.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، "بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تۆمەتەکانی سەر خاتوو پەخشان عەزیزی ناگاتە ئاستی قورسترین تاوان کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دیاریکراوە" و جەختیان لەوە کردەوە کە "سزای لەسێدارەدانی عەزیزی پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ دەبێت."

پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕەخنەی بەربڵاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا شارە کوردنشینەکانی ئێران، 22ی مانگی یەک لەسەر دوای حزبە کوردییەکان، دەستیان دایە مانگرتنی بەربڵاو وەک ناڕەزایەتی دژی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی کە دوو ژنە چالاکوانی مەدەنی کوردن کە لە ئیستادا لە زیندانی ئێڤین سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.

هاوکاتی مانگرتنە گشتیەکانی شارەکانی کوردستان بوو کە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی دەوڵەتی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی بانگەشەی ئەوەی کرد کە جێبەجێکردنی سزای پەخشان عەزیزی بە شێوەی کاتی ڕاگیراوە.

پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن لەقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

XS
SM
MD
LG