دوای ئەوەی ئەمڕۆ 106 ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی نامەی هۆشداری سەبارەت بە دۆخی مامۆستایان دەدەنە سەرۆکی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان، تەندروستی سلێمانیش هۆشداری لە مەترسیداربوونی دۆخی مانگرتووان ددەدات، و دەڵێت،" دۆخیان خراپە و بەم هۆیەشەوە وشکبوونی گورچیلەیان ئەگەرێكی زۆر نزیکی مەترسیدارە."
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بێگومان ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخیان خراپترە، هەر دەتوانن بەرگەی ماوەیەک بگرن تا ئەو وزەیەی لە جەستەیاندایە سەرفی بکەن، زۆربەیان گەر سەیر بکەیت بە ڕوخسیاریاندا وادیارە وشک بوونەتەوە، هەرچەندە چاودێریان دەکەین و ڕێگەمان نەداوە بگەنە ئەو حاڵەتە، ئێستا ئەگەر پشکنینی ڤیتامینات و پێویستیەکانیان بۆ بکرێت بە دڵنیاییەوە زۆر کەمیان هەیە، جگە لەوەش گەر وا بەردەوام بن و کەس نەچیت بە دەمیانەوە خراپتر دەبن."
وتیشی،" لە ئێستادا دۆخیان خراپە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا مەترسیدار دەبێت، ئەو کێشە تەندروستیانەی بۆیان دروستبووە وەک کێشەی شەکرە و گەنگترینیان کێشەی گورچیلەیە، ئێمە لە وشک بوونەوە دەترسین تا ئێستا نەگەشتوونەتە ئاستی وشکبوونی گورچیلە، بەڵام ئەگەرێکی زۆر زۆر نزیکە."
ئەمڕۆ 106 ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی سەرۆکایەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، لە نامەکەدا هۆشداری لەبارەی دۆخی ژیانی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە دەدەن کە ماوەی دە ڕۆژە بۆ داواکردنی مافەکانیان مانیان لە خواردن گرتووە.
لە ناوەرۆکی یاداشتەکی ڕێکخراوەکاندا هاتووە،" ئێمە وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، ئەرکی مرۆیی و نیشتمانی و رێکخراوەییمان ناچاری کردین لەو دۆخە مەترسیدار ئاگادارتان بکەینەوە، كە پێویستی بە هەڵوێستی خێرا هەیە."
هەروەها دەشڵێت،" هەتا ئێستا مانگرتوان هیچ وەڵامێکی فەرمیان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە پێنەدراوە. جگە لەو پەیامەی بەڕێزتان (هەرچەندە دواش کەوت)، بەڵام دەتوانین وەک یەکەم لایەنی فەرمی و باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لێی بڕوانین کە شایەنی رێز گرتنە، لەم روانگەیەوە دەخوازین لە زوترین کاتدا بۆ بەدواداچونی پەیامەکەتان هەنگاوی کردارەکی لە بەدەمەوە هاتنی داواکانی مانگرتواندا بنێن، بە رەچاوکردنی هەستیاری کات و دۆخی تەندروستییان"
هەرچەندە لە دەستپێکی مانگرتنی مامۆستایانەوە، سەرۆکی هەرێم لە بەیانامەیەکدا پشتگیری لە داواکانی مامۆستایان پیشاندا و وێرای ئەوەی داوکاریەکانیانی بە ڕەوا ناوبرد، داواشی کرد دەست لە مانگرتن هەڵگرن.
بەڵام تا ئێستا دیار نییە وەڵامی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ یاداشتی ڕێکخراوەکان چی دەبێت.
مامۆستایان سورن لەسەر هەڵوێستەکانیان و دەڵێن، تا داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، گەر تەندروستیشیان بەرەو خراپتر بچێت ئامادەنین دەستبەرداری مانگرتن ببن.
تەندروستی سلێمانی: دۆخی تەندروستی مامۆستایانی مانگرتوو خراپە و لە ئایندەیەکی نزیکدا مەترسیدار دەبێت
