سەرکردەیەکی عەرەبی سوننە ڕایدەگەیەنێت، زۆربەی بڕیارە سیاسییەکان بە ڕێککەوتن لە نێوان پێکهاتەکان دەدرێت، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن بڕیارو ڕێککەوتنەکان پەکبخەن.
مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سوننە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بڕیاری لێبوردنی گشتی خواستی عەرەبی سوننەیە، بەڵام هەوڵدراوە ئەم ڕێککەوتنە شکست پێبهێنرێت."
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر سێ پرۆژە یاسادا، یاسای لێبوردنی گشتی کە خواستی عەرەبی سوننەبوو، یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کە خواستی کوردو یاسای باری کەسێتی کە خواستی شیعەکان بوو.
دادگای فیدراڵی عێراق، بە فەرمانێکی وەلائی کارکردنی بەو سێ یاسایە ڕاگرت، ئەمەش نیگەرانی لای عەرەبی سوننە دروستکرد، بەو پێیەی یاسای لێبوردنی گشتی خواستی عەرەبی سوننەیە و زۆربەی دەستگیرکراوەکان لەو پێکهاتەیەن.
لەسەر ڕێنمایی سەرکردەکانی عەرەبی سوننە نیگەرانی گەیشتە پارێزگا سوننەنیشینەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەوام لە زۆربەی پارێزگا سوننە نیشینەکان ڕاگیرا، وەکو دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سوننە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"خواستی عەرەبی سوننە ئازادکردنی دەستگیرکراوە بێ تاوانەکانە کە ژمارەیان هەزاران کەسە، نەک ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە."
فەرمانە وەلائییەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ ڕاگرتنی سێ یاسا پەسەند کراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها نیگەرانی عەرەبی سوننەی لێنەکەوتەوە، بەڵکو نیگەرانی ئەنجومەنی دادوەری عێراقیشی لێکەوتەوە.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، مشتومڕی لە نێوان دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی دادوەریش دروستکرد، بەوەی دادگای فیدراڵی لەکاتێکدا فەرمانە وەلائییەکەی دەرکردووە، هێشتا سەرۆک کۆمار واژۆی لەسەر یاساکان دەرنەکردووەو یاساکان لەوەقائیعیش بڵاونەکراونەتەوە.
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەرەبی سوننە توڕەن وپێیانوایە مەسەلەکان سیاسین."