ئەندامێکی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ملیۆنان دۆلاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بە فرت و فێڵ و بە ناوی بۆرسەوە براوەتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و زیانێکی گەورە بە خەڵک گەیەنراوە، لەکاتێکدا هەندێک لەو کۆمپانیایانەی لەم بوارەدا کاریان کردووە کۆمپانیای وەهمی بوون.
محەمەد حسێن، ئەندامی تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"وێبسایت دروستکراوە بۆ کڕینی کانزاو شمەک لە بۆرسە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام وێبسایتەکە بنەمای نەبووەو پارەی خەڵکێکی زۆر خوراوە. ئەمەجگە لەوەی کۆمپانیای تر هەبووە لەژێر ناوی کڕینی زێڕو زیو پارەی خەڵکی زۆر بردووە."
دەشڵێت،"کۆمپانیا هەیە زیادەڕەوی دەکات لە فرۆشتندا، بۆ نموونە بەهای سەرمایەکەی 100 هەزار دۆلارە، کەچی بە بەهای 500 هەزار دۆلار کڕین و فرۆشتن دەکات. پارەی خەڵکێکی زۆریش لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی وەهمی یاخود کڕین و فرۆشتن بە دراوی ئەلیکترۆنییەوە خوراوە."
بەبڕوای شارەزایانی بواری ئابووری، نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ڕێکخستنی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق و هەرێم، وایکردووە خەڵکێکی زۆر لە کڕین و فرۆشتن لە ڕێگەی بازاڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە زەرەرمەند بن و هەندێک بازرگان و کۆمپانیاش دۆخەکە بقۆزنەوە.
بۆرسە بازاڕی ئەلیکترۆنییە بۆ کڕینی پشک و نەوت و زێڕو کانزاکان بەرامبەر بە بڕێک پارە، بەڵام لە بازاڕی فۆرێکس دۆخەکە جیاوازترەو کڕین و فرۆشتن لە نێوان دوو دراو ئەنجام دەدرێت.
بەشێکی زۆر لەو هاوڵاتیانەی لە هەرێمی کوردستان دووچاری زیانی مادی و دارایی دەبن هۆکاری بەشداربوونیانە لە بۆرسە، بەو پێیەی بەشێکیان شارەزای دارایی و ئابوورییان نییەو چاولێکەری پاڵنەریانە بۆ بەشداریکردن لەو بازاڕە ئەلیکترۆنییە.
بەشێکی تر لەو هاوڵاتیانەی زەرەرمەندبوون لە بۆرسە، پارەکانیان لای هەندێک لە نوسینگەکان داناوەو خاوەن نوسینگەکان لە بۆرسەدا دووچاری زیانی گەورەبوون و پارەی هاوڵاتیانیان فەوتاندووە.
بازرگانێکی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی ئاماژەبەوەدەکات، لەلایەن کۆمپانیایەکەوەو لە ژێر ناوی بەشداری کردن دا لە بۆرسە، ملیۆنێک و 102 هەزار دۆلاری براوە، ئەمە جگە لەوەی هەمان کۆمپانیا پارەی 78 بازرگانی تری بردووەو هەر بازرگانێک پارە خوراوەکەی زیاتر بووە لە 300 هەزار دۆلار.
ئاسۆ محەمەد، بازرگانێکی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانییە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو کەسەی بە ناوی بۆرسەوە پارەکەی خواردووین هاووڵاتییەکی عەرەبە، سکاڵامان لەسەر تۆمار کردو نزیکەی سێ مانگ دەستگیرکرا، بەڵام دواتر ئازاد کرا. ئەو کەسە ئێستا بە پارەی ئێمە کۆمپانیای داناوەو خانووی گرانبەهای کڕیووە، هانامان بۆ ئاسایش و دارایی و فەرمانگەکان بردووەو هیچیان بۆ نەکردووین."
دەشڵێت،"دەستم بە نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی گەیشتووەو فشارم خستووەتە سەر ئەو کەسە عەرەبەی پارەکەی خواردووین، ئێستا دەیەوێت لەو ملیۆن و 102 هەزار دۆلارە، 250 هەزار دۆلارم بداتەوە و منیش قەبوڵم نەکردووە."
سەرباری ئەوەی خەڵکێکی زۆر دووچاری زیانی گەورە بووە لە بۆرسە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر بازرگان و هاوڵاتی هەرێمی کوردستان کۆڵیان نەداوەو سەرقاڵن بەو بازاڕە ئەلیکترۆنییەوە.
ئازاد حەسەن، کە بازرگانێکی دانەوێڵەی ناوچەی گەرمیانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە دەیان بازرگانی دانەوێڵە پارەمان ڕادەستی کۆمپانیایەک کرد بۆ کڕینی گەنم و دانەوێڵە، بەڵام بازرگانەکە هەموو پارەکەی خواردووین و دەڵێت لە بۆرسەدا ئیفلاسم کردووە."
دەشڵێت،"کۆی ئەو پارەیەی بازرگانەکە بردوویەتی بە نزیکەی 50 ملیار دیناری عێراقی دەخەمڵێنرێت، لەکاتێکدا ئێمە پارەمان بۆ کڕینی دانەوێڵە پێداوە نەک بۆ ئەوەی بیخاتە بۆرسەوە."