پیاهەڵدان و ستایشكردنی سەرۆک و كارەكانی حزبی بەعسی ڕووخاو لە هەرێمی كوردستان، كەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال نیگەران دەكات و ئاماژەش بەوەدەكەن، لە لێدوان و بەرنامە ڕۆژنامەوانیەكاندا بە ئاشكرا كەسایەتی دیار و سیاسی و ناو سۆشیاڵ میدیاكان خۆزگە بە گەڕانەوەی حكومەتی بەعس دەخوازن و ئەو سكاڵایانەش كە لەسەریان تۆمار دەكرێت لە دادگاكان دادەخرێن .
ئاراس عابید جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، " گەڕانەوەی حزبی بەعس و دانیشتن لەگەڵ نەوەكانی سەددام لە وڵاتانی عەرەبی، بە ئاشكرا باس دەكرێت و بەشێک لە داواكراوەكانی حكومەتی بەعس، هەتا ئێستاش لە هەرێمی كوردستانن و تەنها لە ساڵی ڕابردوودا دوو سكاڵامان تۆماركردووە لەسەر ئەو كەسانەی ستایشی حزبی بەعس و سەرۆكەكەی دەكەن كە لای ئێمە هێڵی سورە، بەڵام لە دادگاكان داخراون".
ئاراس عابید گوتیشی،" بە داخەوە دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان وابەستنەی ئەو ستایشانە دەكرێت، دواتریش هیچ پەشیمانیەک لە وتەكان لەلایەن ئەو كەسانەی دەیكەن دەرنابڕێت و هیچ ڕێكارێكی یاسایان لە دژ ناگیرێتە بەر كە ئەمە پێچەوانەی یاسایە."
پەرلەمانی عێراق لە 30ی مانگی حەوتی 2016 ، پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە و سەرجەم حزب و چالاكییە تووندڕەوەكان و تیرۆریستییەكانی پەسندكردووە. بەپێی یاساكه، هەر كەسێک سیاسەتەكانی حزبی بەعس پەیڕەو بكات بە 10 ساڵ زیندانیكردن سزادەدرێت، هەروەها ئەوانەشی تاوانیان لەنێو ئەو حزبە كردووه، به زیندانیكردنی هەتاهەتایی سزادەدرێن.
لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەكی تایبەت بە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لە دژی ئەو كەسانە دەرنەچووە، كە ستایشی كارەكانی حكومەتی بەعس و سەركردەكانی دەكەن.
گۆران ئەسوەد پارێزەر لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،" بە داخەوە لە هەرێمی كوردستان هیچ یاسایەک نیە، بۆ بە تاوانكردنی ئەو جۆرە پیاهەڵدانەی كە بەسەر سەرۆک و كارەكانی حزبی بەعس دەكرێن، هەركەسێک بەم تۆمەتانە تۆمەتبار بكرێت، دەبێت دادوەرەكان خۆیان لە یاساكان، یاسایەكی بۆ هەڵبژێرن ومامەڵەی لەگەڵ بكەن."
ئەو پارێزەرە گوتیشی،" لە سنوری حكومەتی فیدراڵ یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 2016 هەیە، بەناوی قەدەغەكردنی حزبی بەعس و هەر چالاكیەكی توندڕەوی، كە لە یاساكەدا بەڕوونی سزایی یاسایی داناوە بۆ ئەو كەسانەی كە بەهەرشێوەیەک پیاهەڵدان بە حكومەتی بەعس بكات، كە دەبوو لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی لەم جۆرە هەبوایە كە هەرستایشێكی حكومەتی بەعس و سەرۆكەكەی چەندین برینی یەک لەدوای یەک دەكولێنەوە."
كەسایەتیەكی ئاینی و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان كە كاندیدی ڕەوتی هەڵوێست بوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە میانی چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند"سەدام حوسێن قەبری پڕنوربێت" ئەم لێدوانە كاردنەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێنا.
عومەر فەقێ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەكەی ڕایگەیاند،" من باسم لە دۆخی سۆشیاڵ میدیا كردووە كە هیچ فلتەرێكی بۆ دانەنراوە، لەم سۆنگەیەوە باسم لە كەسێكی قیادی كردووە، كە هەرچەندە لایەنی خراپی هەیە، لایەنی باشیشی هەیە، كە باسم لە سەدام حسێن كردووە، باسیشم لە زوڵم و ستەمەكەشی كردووە، من لەبەرامبەر جنێوەكەم پەشیمانم، بەڵام وتومە گۆڕی پڕنوربێت، پەشیمان نیم."
عومەر فەقێ وتیشی، " ئەم بابەتە بەلاڕێدا براوە، تێكەڵ بە شەهیدان و ئەنفال كراوە، ئەو پارێزەرانەی كە دەڵێن سكاڵام لەسەر تۆماردەكەن با بوێریان هەبێت سكاڵا لەسەر ئەو كەسانە تۆمار بكەن كە لە كوردستان داڵدە دراون و موچەشیان پێ دەدرێت، موچەی جاشەكان لە مناڵە شەهیدەكان زیاترە، كەسایەتی سیاسی لە گەورە لە حزبەكان هەیە دەڵێن ئێمە بووینە هۆكاری كیمیاباران، با ئەمانە دەستگیر بكرێن،"
دەنگی ئەمەریكا چەند جارێک پەیوەندی بە عومەر فەقێ كرد بەڵام پەیوەندیەكە بەردەست نەبوو .
ژمارەیەک لە پارێزەرانی پارێزگای هەولێر كە وەک خۆیان ئاماژەیان پێكرد، قوربانی دەستی ڕژێمی بەعسن، دوێنێ 3ی مانگی 2ی 2025 لە هەولێر سكاڵایەكیان لە دژی عومەر فەقێ تۆماركرد بە تۆمەتی پیاهەڵدان بە حكومەتی بەعس و جنێودان .
محەمەد عیماد پارێزەر لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سكاڵاكەیان پاڵپشتە بە، بەندی یەک لە مادەی حەوت و بەندی یەک لە مادەی 61 و بەندی 3 لە مادە 73 دەستوری عێراق، كە حزبی بە عس قەدەغەكراوە، هەركەسێک ستایشی بكات لە هەر میدیا و ئامڕازێكەوە سزادەدرێت، سكاڵامان تۆماركردووە و چاوڕێی دادگاین ڕێكاری یاسایی بگرێتە بەر."
محەمەد عیماد وتیشی، " ئەو كەسە كە گوایە بانگخوازە و جنێوی داوە بێ لەبەرچاوگرتنی هەستی كەسوكاری شەهیدان، بە پێی مادەی 434 لە یاسای سزادانی دانی عێراقی هەر جنێوێک لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە بێت ئەوە بە تاوانی قورس لە قەڵەم دەدرێت."
لە 16ی مانگی حەوتی 1979، سەدام حسێن یەكێک لەسەر كردەكانی حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست و چەندین تاوانی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی لە سنوری پارێزگا جیاجیاكانی عێراق ئەنجام داو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لە لە 9ی مانگی 4 ی 2003 بەتەواوەتی كۆتاییان بە سەددام و حزبی بەعس هێنا.
لە نێوان ساڵی 1970 تا ساڵی 1991، چەندین تاوانی گەورە لەلایەن سەرۆک و بەرپرسەباڵاكانی حزبی بەعس بەرامبەر بە هاووڵاتیانی كورد، ئەنجام دراون كە هەزاران قوربانیان لێكەوتووەتەوە.