ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە وەزارەتی دارایی چین ڕۆژی سێشەممە پاکێجێکی گومرگی بەسەر کۆمەڵێک بەرهەمی بەرفراوانی ئەمەریکادا سەپاندووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گومرگی 10% کە لەلایەن دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکاوە لەسەر هاوردەکردنی چین ڕاگەیەندرا. بڕیارەکەی ترامپ سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆشکی سپی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گومرگی قورسی بەسەر هاوردەکردنی کەنەدا و مەکسیک و چین سەپاندووە، هاوکات بڕیارە گومرگی کەمتر بۆ هاوردەکردنی وزە لە کەنەداوە دابنرێت.
بەپێی بڕیارەکە، هاوردەکردن لە کەنەدا و مەکسیکەوە ڕووبەڕووی گومرگی %25 دەبێتەوە، هاوردەکردنی سەرچاوەکانی وزە لە کەنەداوەشەوە گومرگی %10ی لەسەرە. هەروەها کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ئەو کاڵایانە کە لە چینەوە هاوردە دەکرێن، گومرگی 10% یان لەسەرە.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن بڵاویکردەوە، شەڕی بازرگانی نێوان واشنتن و پەکین هیچ براوەیەکی نییە و لە بەرژەوەندی هیچ کام لەم دوو وڵاتەدا نییە.
گومرگی زیادەی ترامپ بەڕێژەی 10% لەسەر سەرجەم کاڵا چینییەکان کە هاوردە دەکرێن بۆ ئەمەریکا، کاتژمێر 12:01 خولەکی بەیانی رۆژی سێشەممە بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ماوەی چەند خولەکێکدا وەزارەتی دارایی چین ڕایگەیاند کە گومرگ بە ڕێژەی لەسەدا 15 لەسەر خەڵوزی ئەمەریکا و ئێڵ ئێن جی[غازی سروشتی شل]، و لەسەدا 10 لەسەر نەوتی خاو و کەرەستەی کشتوکاڵی و هەندێک ئۆتۆمبێل دەسەپێنێت. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە 10ی مانگی دووەوە گومرگی نوێ لەسەر هەناردەکردنی ئەمەریکا دەستپێدەکات.
ترامپ پێشتر هۆشداری دابوو لەوەی ئەگەر پەکین هاتنی دەرمانی فێنتانیل کە دەرمانێکی کوشندەیە بۆ ناو ئەمەریکا ڕانەگرێت، ڕەنگە گومرگ لەسەر چین زیاتر زیاد بکات.
سەپاندنی ئەم گومرگانه لەکۆتایی ڕۆژی دووشەممە بووە هۆی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی نوێ لە نێوان ئەمەریکا و کەنەدا و مەکسیک، دوای ئەوە دانۆڵد ترامپ سەپاندنی ئەو گومرگە نوێیەی بۆ ماوەی 30 ڕۆژ دواخست تا ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئەم دوو دراوسێی ئەمەریکا دەستەبەر دەبێت.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "کەنەدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پاراستنی سنووری باکوورمان و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە کوشندەکەی ماددە هۆشبەرەکانی وەک فێنتانیڵ کە هاتوونەتە ناو وڵاتەکەمانەوە و سەدان هەزار ئەمەریکایی و خێزان و کۆمەڵگەکەمانی لە سەرانسەری وڵاتەکەمان کوشتووە و لەناویان بردووە."
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا ترامپ ئاماژەی بەوەدا کە کەنەدا و ئەمەریکا هێزێکی ئەرکی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان و فێنتانیڵ و سپیکردنەوەی پارە دەستپێدەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێنمایی هەواڵگری نوێی لەبارەی تاوانە ڕێکخراوەکان و فێنتانیل دەرکردووە و بە 200 ملیۆن دۆلار پارەی بۆ دابینکردووە. بە گوتەی ترامپ، کەنەدا نزیکەی 10 هەزار سەرباز بۆ پاراستنی سنوورەکان جێگیر دەکات.
هەروەها پێشتر ڕۆژی دووشەممە دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند کە سەپاندنی گومرگی نوێ بەسەر ئەو کاڵایانەی کە لە مەکسیکەوە هاوردە دەکرێن بۆ ماوەی مانگێک ڕادەگرێت، دوای ئەوەی وڵاتەکە ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر جێگیرکردنی "دەستبەجێ" 10 هەزار سەرباز بەدرێژایی سنوورە هاوبەشەکان.
بەڕێوبەرایەتی ترامپ، کەنەدا و مەکسیکی تۆمەتبار کرد بەوەی کە نەیانتوانیوە هەنگاو بنێن بۆ ڕاگرتنی کۆچبەرانی نایاسایی لە پەڕینەوە بۆ ئەمەریکا لەو دوو وڵاتە. هەروەها بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی سەرۆکی ئەمەریکا بووە.