لە وڵاتی دانیمارک پاشماوەیەکی بەردبوو دۆزرایەوە کە زانایان دەڵێن بریتییە لە ڕشانەوەی گیاندارێک و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر.
ڕشانەوەکە لە لایەن هاوڵاتییەکی دانیمارکی دۆزراوەتەوە کە ئارەزووی گەڕان بە دوای گیاندارە بەردبووەکان دەکات.
دوای پشکنین، مۆزەخانەی جیۆلۆجی شاری فاکس ڕایگەیاند دەرکەوتووە ڕشانەوەکە پێکهاتووە لە پاشماوەی سەوسەنی دەریایی و شیانی هەیە لەلایەن جۆرێک لە ماسییەوە خورابێت پێش ئەوەی دایناسۆرەکان لەناوبچن.
جێسپەر میلان، بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە، لە بڵاوکراوەیەکدا سەبارەت بەم دۆزینەوەیە ڕایگەیاند، "سەوسەنی دەریایی بەهای خۆراکیی زۆری نییە، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی بریتییە لە پێکهاتەیەکی کاربۆناتی کالسیۆم و تەنها چەند بەشێکی زۆر کەمی نەرمی هەیە. بەڵام لێرەدا گیاندارێک هەیە، ڕەنگە جۆرێک لە ماسی بێت، کە 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر سەوسەنی دەریایی خواردووە کە لە بنی دەریای کریتاسیۆسدا ژیاوە. گیاندارەکە دوای خواردنی سەوسەنەکە، بەشە ئێسکەپەیکەرەکانی بە شێوەی ڕشانەوە فڕێداوە."
ڕاشیگەیاند، "دۆزینەوەیەکی لەم جۆرە زانیاری نوێ و گرنگمان پێدەدات سەبارەت بە پەیوەندی نێوان نێچیر و ڕاوکەر و زنجیرە خۆراکییەکانی سەردەمی دەریای کریتاسیۆس."
سەردەمی کریتاسیۆس دەگەڕێتەوە بۆ نێوان 145 ملیۆن بۆ 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر. پێشبینی دەکرێت ئەم سەردەمە 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بەهۆی کەوتنەخوارەوەی بەردێکی ئاسمانی کۆتایی هاتبێت.
زانایانی جیۆلۆجی دەڵێن بەهۆی ئەم کارەساتەوە پێشبینی دەکرێت 75٪ هەموو جۆرەکانی ژیان لەسەر زەوی لەناوچووبن، لە نێوانیان دایناسۆڕەکان.